22 وڵات سەرکۆنەی داخستنی تەنگەی هورمز دەکەن و داوای راگرتنی هێرشەکان لە ئێران دەکەن

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
عەلی زەڵمی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرکردەکانی 22 وڵاتی جیهان، لەوانەش ئیمارات، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ژاپۆن، کەنەدا و کۆریای باشوور، لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەم دواییەی ئێران بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان و داخستنی تەنگەی هورمز دەکەن.
 
داواکاری بۆ راگرتنی دەستبەجێی هێرشەکان
 
لە راگەیێندراوە هاوبەشەکەدا هاتووە، داخستنی تەنگەی هورمز لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە و هێرشکردنە سەر ژێرخانی مەدەنی و دامەزراوەکانی نەوت و گاز جێگەی قبووڵکردن نییە.
ئەو وڵاتانە داوایان لە تاران کردووە "دەستبەجێ هەڕەشەکانی، دانانی مین لە دەریا، هێرشی مووشەکی و درۆنە بۆمبڕێژکراوەکانی رابگرێ" و پابەندی بڕیارنامەی 2817ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بێت.
 
ئەو 22 وڵاتە جەختیان کردووەتەوە کە ئازادیی کەشتیوانی بنەمایەکی سەرەکیی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و پەکخستنی زنجیرەی دابینکردنی وزە، هەڕەشەیە بۆسەر ئاشتی و ئاسایشی جیهانی، هۆشداریشیان داوە کە لێکەوتەکانی ئەم کارانەی ئێران کاریگەری لەسەر خەڵک لە هەموو جیهاندا دروست دەکات، بەتایبەتی توێژە هەژارەکان.
 
هەوڵ بۆ سەقامگیرکردنی بازاڕی وزە
 
وڵاتانی واژۆکار ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ بەشداریکردن لە هەوڵەکان بۆ گەرەنتیی هاتووچۆی سەلامەت لە رێڕەوە ئاوییەکە، هەروەها پێشوازییان لە بڕیاری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە کردووە بۆ بەکارهێنانی یەدەگی ستراتیژیی نەوت بە مەبەستی رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخەکان.
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەم وڵاتانە لەگەڵ بەرهەمهێنەرانی نەوت کاردەکەن بۆ زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنان تاوەکو بازاڕەکانی وزە سەقامگیر دەبنەوە، هەروەها بەڵێنیان داوە لە رێگەی نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکانەوە، هاوکاریی ئەو وڵاتانە بکەن کە بەهۆی ئەم تەنگژەیەوە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە.
 
وڵاتانی واژۆکاری راگەیێندراوەکە بریتین لە ئیمارات، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، هۆڵەندا، ژاپۆن، کەنەدا، کۆریای باشوور، نیوزیلاند، دانیمارک، لاتڤیا، سلۆڤێنیا، ئەستۆنیا، نەرویج، سوێد، فینلاند، چیک، رۆمانیا، بەحرێن، لیتوانیا و ئوسترالیا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە