حیزبوڵڵا دەڵێ، لە دوو ناوچەی سنووریی باشووری لوبنان رووبەڕووی هێزەکانی ئیسرائیل بووەتەوە

دوێنێ کاژێر 06:23
عەلی زەڵمی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە سێیەم هەفتەی جەنگی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵادا، شەڕی زەوینی لە شارۆچکە سنوورییەکانی باشووری لوبنان چڕتر دەبێتەوە. حیزبوڵڵا دەڵێ، لە دوو شارۆچکەی ستراتیژی رووبەڕووی هێزەکانی ئیسرائیل بووەتەوە. ئیسرائیلیش لە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزاندا چەندین شوێنی لە بەیرووت بۆردوومان کرد.
 
شەڕی چوار کاژێری لە خیام
 
حیزبوڵڵای لوبنانی لە راگەیێندراوێکدا گوتی، رۆژی شەممە بۆ چوار کاژێر چەکدارەکانی لە شەرێکی "راستەوخۆدا" بوون لەگەڵ هێزەکانی سوپای ئیسرائیل لە شارۆچکەی خیام.
 
حیزبوڵڵا ئاماژەی بەوە کردووە، لەم شەڕەدا چەکی سووک، مامناوەند و مووشەکیان بەکارهێناوە.
 
شارۆچکەی خیام نزیکەی 40 کیلۆمەتر لە کەناراوەکانەوە دوورە، پێگەیەکی ستراتیژیی هەیە و بەسەر بەشێکی زۆری باشووری لوبنان و باکووری ئیسرائیل دەڕوانێت. ئەم شارۆچکەیە یەکەمین خاڵ بوو کە هێزەکانی ئیسرائیل لە سەرەتای ئەم جەنگە نوێیەدا بە ئاراستەی پێشڕەوییان کرد.
 
هەوڵی چوونە نێو ناقوورە
 
حیزبوڵڵا هەروەها رایگەیاند، لە شارۆچکەی کەناراویی "ناقوورە" -کە بارەگای هێزەکانی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکانی (یونێفێڵ)ی لێیە- پێکدادان دروستبووە. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، سەربازانی ئیسرائیل هەوڵیان داوە بەرەو باڵەخانەی شارەوانیی ناقوورە بڕۆن، بەڵام چەکدارانی حیزبوڵڵا رووبەڕوویان بوونەتەوە.
 
ئەم پێکدادانانە لە کاتێکدایە، ئیسرائیل پێشتریش لە پێنج ناوچەی باشووری لوبنان هێزەکانی هێشتبووەوە، سەرەڕای رێککەوتنی ئاگربەستی تشرینی دووەمی 2024 کە مەبەست لێی کۆتاییهێنان بوو بە جەنگی پێشووی نێوان هەردوولا.
 
بۆردوومانکردنی بەیرووت لە جەژندا
 
هاوکات لەگەڵ شەڕی زەوینی، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، شەوی رابردوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەندین "بارەگای سەرەکیی حیزبوڵڵا"ی لە گەڕەکەکانی باشووری بەیرووت کردوەتە ئامانج. ئەم هێرشانە دوای بڵاوکردنەوەی هۆشداریی چۆڵکردن هاتن بۆ دانیشتووانی ناوچەکە.
 
لوبنان لە 2ی ئاداری ئەم ساڵەوە بە فەرمی چووە نێو جەنگی فراوانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەوەش دوای ئەوەی حیزبوڵڵا هێرشە مووشەکییەکانی بۆسەر ئیسرائیل دەستپێکردەوە.
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی لوبنان، لەو کاتەوە زیاتر لە 1,000 کەس کوژراون و زیاتر لە ملیۆنێک کەسیش ئاوارە بوون. لە بەرامبەردا، سوپای ئیسرائیل کوژرانی دوو سەربازی خۆی لە ناوخۆی خاکی لوبناندا پشتڕاست کردووەتەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مووشەکی ئێران لە ئاسمانی ئیسرائیل  وێنە: AFP

سوپای پاسداران: لە شەپۆلی 75ەمی هێرشەکانماندا پەناگەی سەربازانی ئیسرائیلمان پێکاوە

سوپای پاسدارانی ئێران دەستپێکردنی شەپۆلی 75ەمی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی راستی 4"ی راگەیاند و دەڵێت، تێیدا چەندین ئامانجی سەربازیی ئیسرائیلی و بنکەیەکی ئاسمانیی ئەمریکییان لە ناوچەکە کردووەتە ئامانج.