رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی سعودیە، جارێکی دیکە هۆشداریی دا لە پێشێلکردنی رێسا و رێنوێنییەکانی حەج، جەختی لەوە کردەوە، 20 هەزار ریاڵی سعودی سزا بەسەر هەر کەسێکدا دەسەپێندرێت کە بەبێ مۆڵەتی فەرمی حەج دەکات، یان هەوڵی ئەنجامدانی دەدات. دوو ژمارەشی بڵاوکردووەتەوە بۆئەوەی لە بوونی حاجیانی بێ مۆڵەت ئاگاداریان بکەنەوە.
وەزارەتەکە ئێوارەی رۆژی سێشەممە 20-05-2025 لە راگەیێندراوێکدا روونیکردەوە، "سزایەکی دارایی تاوەکو بڕی 20 هەزار ریاڵ (زیاتر لە 5000 دۆلاری ئەمریکی) جێبەجێ دەکرێت بەرامبەر هەر کەسێک، کە دەستگیر دەکرێت لەکاتی ئەنجامدانی حەج یان هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی بەبێ مۆڵەت."
هەروەها، ئەو کەسانەی نیشتەجێی وڵاتن و بە قاچاخ یان بە شێوەیەکی نایاسایی هەوڵی حەجکردن دەدەن، دیپۆرت دەکرێنەوە بۆ وڵاتەکانیان و بۆ ماوەی 10 ساڵ رێگەی چوونەژوورەوەیان بۆ سعودیە پێ نادرێت.
وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە داوا لە هەموو لایەک دەکات پابەندی رێسا و رێنوێنییەکانی حەج بن، کە ئامانجیان پاراستنی ئاسایش و سەلامەتیی حاجییانە، بۆئەوەی بتوانن بە ئاسانی و ئارامییەوە رێوڕەسمە ئایینییەکانیان ئەنجام بدەن.
هاوکات داواش دەکات هەواڵیان پێبدەن لەبارەی سەرپێچیکارانی ئەو رێسا و رێنوێنییانە لە رێگەی ژمارە تەلەفۆنی (911) لە ناوچەکانی مەککە، مەدینە، ریاز و ناوچەی رۆژهەڵات و ژمارە (999) لە ناوچەکانی دیکەی شانشینەکە.
کاروان ستوونی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بەرپرس نییە لە لێکەوتەکانی ئەو جۆرە حەجە." داواشی لە هاونیشتمانییان کرد، خۆیان لەو جۆرە حەجە بەدوور بگرن، ژیانی خۆیان و زیارەتکارانی دیکە نەخەنە مەترسییەوە.
ئەم ساڵ نزیکەی 34 هەزار کەس لە پارێزگاکانی عێراق حەج دەکەن و لە هەرێمی کوردستانیش 5120 کەس دەچنە حەج.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ