شازادە گەنجەکەی ئوردن هیوای بە بەشێک لە گەنجانی وڵاتەکەی بەخشیوە

22-06-2023
رووداو @Rudawkurdish
شازادەی ئوردن لە رێوڕەسمی هاوسەرگیرییەکەیدا
شازادەی ئوردن لە رێوڕەسمی هاوسەرگیرییەکەیدا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کاتێك شازادە گەنجەکەی ئوردن ژیانی هاوژینیی پێکهێنا و لە ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکەیدا لەگەڵ هاوژینە سعودییەکەی بە شەقامەکانی عەممانی پایتەختدا تێپەڕین، بەشێكی کەمی گەنجانی ئەو وڵاتە هیوایەکیان بۆ دروست بوو کە سبەینێ لە ئەمڕۆ و دوێنێیان لەوانەیە باشتر بێت.
 
سەیف بەزایە، هاووڵاتیی بێکاری ئوردن دەڵێت، "بارودۆخەکە کارەساتبارە، تەنیا من نا، بەڵکو هەمووان بەدەست هەژارییەوە دەناڵێنن، ئێمە چیمان دەوێت جگە لەوەی لە شوێنێک کارێکمان دەستبکەوێت و بتوانین داهاتوومان دروست بکەین، ئێستا بۆ ئەوانەش کە زانکۆیان خوێندووە دەرفەتی کار نییە، هیوادارین شازادە حوسێن هێزێکمان پێ ببەخشێت، دەرفەتی کارمان بۆ دروست ببێت."
 
لە 10 ملیۆن دانیشتووی ئوردن، نزیکەی حەوت ملیۆنیان خوار تەمەن 30 ساڵن، لەو ژمارەیە 3.5 ملیۆنیان بێکارن، بەڵام دیوە باشەکەی گەشەی خێرای ئوردنە لە بواری تەکنەلۆژی، کە ساڵانە نزیکەی 2.3 ملیار دۆلار داهاتیەتی.
 
جاسر حەراس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای رۆبۆتنا دەڵێت، "ئەگەر لە ئوردن لەو بوارەدا پێشنەکەوتین، دەبینە بەشێک لەو وڵاتانەی کە لە بواری پڕۆگرامسازییەوە هەلی کار لەدەست دەدەین، زیرەکیی دەستکرد وا گەشە دەکات و تەنیا وڵاتە پێشکەوتووەکان سوودی لێ دەبینن. شازادە حوسێن پڕ لە هیوایە و هاوکار بووە لە پلانی بەدیجیتاڵکردنی کار و ئەرکەکان."
 
هیوا بە داهاتوو پێویستی بە قوتابخانەیە؛ رێژەی خوێندەواری لە ئوردن بەرزە کە لە 98%ـە. 3000 قوتابخانەی حکومی و 1500 تایبەت هەن؛ بەڵام بێ کێشە نین.
 
مەریەم حودەیب، هاووڵاتیی ئوردنی باس لەوە دەکات، "قورسە قوتابخانەیەکی حکومی بدۆزیتەوە منداڵەکەت تێیدا پارێزراو بێت و شتی باش فێر ببێت. قوتابخانە تایبەتەکان باشن، بەڵام گرانن، لەنێوان ئەو دوو کێشەیەدا گیرمانخواردووە."
 
لەوانەیە ئوردن یەکێک بێت لەو وڵاتانەی کە زیاتر لەوانەی دەوروبەری ئامادەی داهاتوو بێت؛ پلانی 2023 - 2030ی حکومەت بۆ پەردان بە زیرەکیی دەستکرد، دەرفەتی کار بۆ لانیکەم 5%ی گەنجانی وڵات، دەڕەخسێنێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە