فوئاد حوسێن و عەباس عێراقچی کۆبوونەوە؛ جەخت لە پێویستیی راگرتنی 'دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل کرایەوە'

21-06-2025
سیروان عەباس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، لە پەراوێزی کارەکانی خولی 51ی  ئەنجوومەنی وەزیرانی دەرەوەی رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی لە شاری ئیستەنبووڵ، لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبووەوە.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق کە ئەمڕۆ شەممە بلاویکردووەتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا، تاوتوێی دوایین پێشهات و گۆڕانکارییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان کرا، بەتایبەتیش لە سۆنگەی بەردەوامیی "دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران."
 
هەردوو وەزیر باسیان لە لێکەوتەکانی ئەم گرژییە و کاریگەرییەکانی لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە کرد، لەنێویاندا دەرەنجامە مرۆییەکان و مەترسیی فراوانبوونی بازنەی ململانێکە.
 
فوئاد حوسێن جەختی لەسەر پێویستیی راگرتنی دەستبەجێی "دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیل لە شوێنەوارەکانی گرژییە سەربازییەکان کردەوە."
 
وەزیری دەرەوەی عێراق گرنگیی چڕکردنەوەی هەوڵە دیپلۆماسییە بەکۆمەڵەکانی لە رێگەی کەناڵە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکانەوە دووپاتکردەوە و داوای گەڕانەوەی بەپەلەی بۆ سەر مێزی دانوستان و دیالۆگی سیاسی کرد، بەوپێیەی تاکە بژاردەیە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و دوورکەوتنەوە لە کارەسات لە ناوچەکەدا.
 
هەر لەو دیدارەدا، باسی رێگەکانی پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و ئێران و گرنگیی بەردەوامبوون لەسەر راوێژ و هاوئاهەنگی سەبارەت بە پرسە بایەخدارە هاوبەشەکان کرا، لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنی هاوبەش و رێزگرتن لە سەروەریی نیشتمانی.

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە