رووداو دیجیتاڵ
راگەیاندنی حیزبوڵڵای لوبنانی کوژرانی یەکێک لە پاسەوانە تایبەتەکانی ئەمینداری پێشووی حیزبەکە، حەسەن نەسروڵڵا، لەگەڵ کەسایەتییەکی عێراقی لە کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا، بەهۆی هێرشێکی ئیسرائیلەوە لەنێو خاکی ئێراندا راگەیاند.
راگەیاندنی حیزبەکە، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەبو عەلی خەلیل، پاسەوانی تایبەتی سەید حەسەن نەسروڵڵا، لە بۆردوومانێکی ئیسرائیلدا لەنێو ئێران شەهید بووە."
هەروەها گوتیشی، "لە هێرشەکەدا سەرکردەی عێراقی لە کەتیبەکانی سەییدولشوهەدا، حەیدەر مووسەویش کراوەتە ئامانج."
ئەم ئامانجگرتنە لە کاتێکدا بوو کە سوپای ئیسرائیل کوژرانی سێ سەرکردەی سوپای پاسدارانی ئێرانی راگەیاند، کە دووانیان سەرکردە بوون لە فەیلەقی قودس، ئەوەش لە هێرشە ئاسمانییە شەوانەکاندا کە رۆژئاوا و نێوەڕاستی ئێرانیان کردبووە ئامانج.
ئەبوو عەلی خەلیل، ناسراو بە "قەڵغانی سەید"، رۆڵێکی سەرەکیی گێڕاوە لە پاراستنی حەسەن نەسروڵڵا و هاوئاهەنگیکردنی رێوشوێنە ئەمنییەکانی دەوروبەری، بەتایبەتیش لە ماوەکانی زیادبوونی هەڕەشە ئەمنییەکاندا لە دوای جەنگی 2006ـەوە تاوەکو کوژرانی نەسروڵڵا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ