ئیسرائیل کوژرانی فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسدارانی راگەیاند

21-06-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەیانیی ئەمڕۆ شەممە سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، فەرماندەی لیوای دووەمی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە هێزی ئاسمانیی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانی کوشتووە.
 
سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "هێزی ئاسمانی لە رێگەی فڕۆکەی جەنگییەوە ئەمینپوور جودەکی، فەرماندەی لیوای دووەمی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێزی ئاسمانیی سەر بە سوپای پاسدارانی کوشتووە."
 
لە بەیاننامەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، "ئەمینپوور جودەکی لە چوارچێوەی پۆستەکەیدا، سەتان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بەرەو خاکی ئیسرائیل ئاراستە کردووە، لە ناوچەی ئەهواز لە باشووری رۆژئاوای ئێرانەوە." هەروەها ئاماژە بۆ ئەوە کراوە، "دوای کوشتنی تەهارپوور، فەرماندەی بنکەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لە هێزی ئاسمانیی سەر بە سوپای پاسداران لە 13ی حوزەیران، جودەکی رۆڵێکی سەرەکیی لە چالاکییەکانی بنکەکەدا گێڕاوە."
 
تاوەکو ئێستا زانیاری لەبارەی ئەوە بڵاونەکراوەتەوە کە بەرپرسە سەربازییە باڵا ئێرانییەکە لە کوێ کراوەتە ئامانج.
 
لە لایەکی دیکەوە هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 21ی حوزەیرانی 2025 رایگەیاند، لە نۆیەمین رۆژی جەنگی نێوان هەردوو وڵاتدا، هێرشی دیکەی ئاسمانیی کردووەتەسەر ناوچەکانی هەڵگرتن و هەڵدانی مووشەکەکان لە ناوەڕاستی ئێران.
 
لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی "ئێکس"، هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل رایگەیاند، "ژێرخانی کۆگاکردنی مووشەکەکان و شوێنی هەڵدانی مووشەکی لە ناوەڕاستی ئێران کردووەتە ئامانج."
 
تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئێران رایگەیاند، "هێرشێکی تیرۆریستی کراوەتەسەر باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە شاری قوم" لە ناوەڕاستی ئێران، لە باشووری تاران.
 
ئاژانسی هەواڵیی "تەسنیم"ی ئێران لە زاری مورتەزا حەیدەری، گوتەبێژی لیژنەی بەڕێوەبردنی قەیرانەکان لە پارێزگای قومەوە رایگەیاند، "بەرەبەیانی ئەمڕۆ (شەممە) لە درێژەی دەستدرێژییە قێزەونەکانی رژێمی زایۆنیدا، نهۆمی چوارەمی یەکێک لە باڵەخانەکان لە گەڕەکی سالارییەی شاری قوم کرایە ئامانج."
 
حەیدەری گوتیشی، "بەداخەوە، ئەم هێرشە بووە هۆی شەهیدبوونی کوڕێکی تەمەن 16 ساڵ و برینداربوونی دوو کەسی دیکە، کە گواستراونەتەوە بۆ ناوەندە پزیشکییەکان بۆ وەرگرتنی چارەسەر."
 
گوتەبێژەکە ئاماژەی بەوەش کرد، "وردەکارییەکانی رووداوەکە هێشتا لەژێر لێکۆڵینەوەدایە و زۆر زوو خەڵکی بەڕێزی قوم لێی ئاگادار دەکرێنەوە."
 
هەروەها میدیاکانی ئێران رایانگەیاند، تەقینەوە لە شاری ئیسفەهان روویانداوە. ئاژانسی هەواڵیی "فارس" بڵاویکردووەتەوە، "چەند خولەکێک پێش ئێستا دەنگی تەقینەوە لە ئیسفەهان بیستراوە و سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە شارەکە چالاک کراوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە