رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری ئێران بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد و رایگەیاندووە کە ئەمریکا خەریکی دووفاقییە لە عێراق و ئەوەش لە بەرژەوەندیی سەقامگیری و ئارامی عێراق نییە.
حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری ئێران بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە و پێیگوتووە "ئەمریکا لە عێراق خەریکی یارییەکی ئاڵۆزە."
ئاژانسی تەسنیمی ئێران دوێنێ سێشەممە 21-07-2021 باسی نێوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە، کە حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری ئێران پەیوەندی بە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە کردووە و پێی راگەیاندووە "کە ئەم رۆژانە ئەمریکا سەرقاڵی یارییەکی ئاڵۆزە لە عێراق".
ئەو ئاژانسە ئاشکراشیکردووە، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا رووحانی بە کازمی گوتووە، ئەمریکا سیاسەتێکی دووفاق لە عێراق پەیڕەو دەکات و چالاکییەکانی لەسەر سنووری نێوان ئەو وڵاتە و سووریادا دژ بە بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی ناوچەکەیە.
رووحانی هۆشداری داوەتە کازمی لەو یارییانەی کە ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکە دەیانکات و پێی گوتووە "ئەم رۆژانە ئەمریکا یارییەکی ئاڵۆز لەبارەی شەڕی دژ بە تیرۆر دەکات و لە عێراق و وڵاتانی عەرەبی سیاسەتی دووفاقە و ئەو کارانەی کە ئەمریکا لەسەر سنووری نێوان عێراق و سووریادا ئەنجامیان دەدات دژ بە بەرژوەندی وڵاتانی ناوچەکەن."
هەر بەپێی میدیای ئێران، وەزیرانی دەرەوەی عێراق و ئێران بە تەلەفۆن قسەیانکردووە و تاووتوێی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتیان کردووە.
پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی فوئاد حسێن و جەواد زەریف لەکاتێکدایە دوێنێ سێشەممە، فوئاد حسێن و شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق گەیشتنە واشنتنی پایتەختی ئەمریکا وەک ئامادەکارییەک بۆ سەردانەکەی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەو وڵاتە کە بڕیارە لە رۆژی 27ی ئەم مانگە ئەنجام بدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ