رووداو - هەولێر
دوای سەردانی ڤیلادمیر پووتین بۆ تاران، ئەمریکا هۆشداری بە ئێران دەدات لەوەی کە پشتبەستن بە رووسیای گۆشەگیرکراو، "سەرکێشی"یە.
رۆژی سێشەممە، سەرۆکی رووسیا سەردانی تارانی کرد بۆ ئەوەی لەگەڵ هاوتا ئێرانی و تورکییەکەی، بەشداری لە لووتکەیەک لە بارەی سووریادا بکەن.
لە پەراوێزی لووتکەکەدا، ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران داوای لە پووتین کرد، رووسیا "پێکەوکارکردنی درێژخایەن"ـی لەگەڵ ئێراندا هەبێت، هەرچەندە پێشتر تاران هەوڵیدا بە دەنگنەدان بە پڕۆژەبڕیاری سەرکۆنەکردنی هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، بێلایەنبوونی خۆی پێشانبدات.
نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، رۆژی چوارشەممە لەو بارەیەوە بە رۆژنامەڤانانی گوت: "ئێران ئێستا چووەتە ریزی ئەو ژمارە کەمەی وڵاتان ماسکی بێلاینەبوون دەپۆشن و لە کۆتاییشدا لە شەڕەکەدا لە دژی ئۆکراینا و خەڵکی ئۆکراینی، پاڵپشتیی سەرۆک پووتین دەکەن."
پێشتر ئەمریکا زانیاری هەواڵگری بڵاوکردەوە گوایە شاندێکی رووسی چووەتە ئێران بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندن بۆ ژمارەیەک درۆنی شەڕکەری ئێرانی بکەن لە کاتێکدا کە مۆسکۆ دەیەوێت جبەخانەی خۆی دژی ئەو چەکە رۆژئاواییانەی بۆ ئۆکراینا دەنێردرێن، بەهێز بکات.
بەڵام پرایس ئاماژەی بەوەش کرد کە گەڕانەوەی ئێران بۆ سەر پابەندبوونی تەواو بە رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015، دەبێتە هۆی دەستپێکردنی "پەیوەندیی ئابووری لەگەڵ وڵاتانی دیکەی سەرانسەری جیهان."
گفتوگۆ ئەتۆمییەکان وەستاون
دانوستاندنەکانی نوێکردنەوەی رێککەوتنەکە بە بنبەست گەییشتوون، کە بەشێکی بەهۆی داوای ئێرانەوە هەیە بۆ لابردنی سوپای پاسداران لە لیستی "تیرۆر" کە لە سەردەمی ئیدارەی ترەمپەوە ئەو سزایەی خراوەتەسەر.
وێڕای رەخنەکانی ئەمریکا بۆ لووتکەکەی ئێران، بیڵ بێرنز، سەرۆکی سی ئای ئەی، کە پێشتر وەکو دیپلۆماتێک رۆڵی لە نێوەندگیریکردن بۆ واژۆکردنی رێککەوتنە ئەتۆمییەکە هەبووە و باڵیۆزی ئەمریکا بووە لە مۆسکۆ گوتی، ئێران و رووسیا بەشێویەکی سەرەکی بەهۆی ئەوە پەنا بۆ یەکدی دەبەن لەبەر ئەوەی هەردووکیان "دەیانەوێت لە گۆشەگیریی سیاسی دەرکەون" و هەردووکیان لە ژێر سزادان.
بێرنز لە کۆڕبەندی ئاساییشی ئەیسپن گوتیشی، "بەڵام ئەگەر ئەوان پێویستیان بە یەک بێت، راستییەکەی متمانە بە یەکدی ناکەن لەبەر ئەوەی ئەوان دوو رکابەری بواری وزە و رکابەریی مێژوویی یەکدین."
مۆسکۆ مێژوویێکی درێژی لە دەستوەردان لە نێو ئێراندا هەیە، لە سەرەتاکانی سەدەی 20ـەم، شاری تەورێزی باکووری ئەو وڵاتەی داگیرکرد و ساڵی 1941ـیش لە داگیرکردنی ئەو وڵاتەدا، چووە پاڵ بەریتانیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ