جیهان
دوو بەرپرسی سەربازیی ئێران لەکاتی سەردانیان بۆ بنکەیەکی ژێرزەمینیی تایبەت بە درۆنەکانی ئێران. وێنە: سوپای ئێران
رووداو دیجیتاڵ
کۆشکی سپی دەڵێت، ژمارەیەک بەرپرسی رووسی لەم چەند هەفتەیەدا، لانیکەم دوو جار سەردانی ئێرانیان کردووە بۆئەوەی ئەو درۆنە چەکدارانە ببینن کە هەوڵدەدات بیانکڕێت بۆئەوەی لە شەڕی دژی ئۆکراینادا بەکاریان بهێنێت.
ئیدارەی بایدن ئەو زانیاریە هەواڵگرییەی لە رۆژی شەممە بڵاوکردەوە، کاتێک جۆ بایدن لە سعودیە لەگەڵ بەرپرسانی شەش وڵاتی کەنداو و عێراق، ئوردن و میسردا کۆبووەوە. لەو لووتکەیەدا جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بە سەرکردەی وڵاتەکانی گوتووە، ئەمریکا پابەندە بە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە و "دوورناکەوێتەوە و بۆشایی بەجێناهێڵن تاوەکو چین، رووسیا یان ئێران پڕی بکەنەوە."
بایدن هەوڵیدا لە سەردانە چوار رۆژییەکەیدا بۆ ناوچەکە، جەخت لە بەهێزیی پێگەی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکاتەوە و وڵاتانی ناوچەکە لە دژی ئێران زیاتر لەیەکدی نزیک بکاتەوە.
چەند کاژێرێک پێش لووتکەکە، کۆشکی سپی وێنەی مانگە دەستکردەکانی بڵاوکردەوە گوایە پیشانی دەدەن بەرپرسانی رووسی دوو جار لەم هەفتانەی دواییدا سەردانی ئێرانیان کردووە بۆئەوەی ئەو جۆرە درۆنانە ببینن کە توانای هەڵگرتنی چەکیان هەیە.
هیچ یەک لەو وڵاتانەی لە لووتکەکەدا لەگەڵ ئەمریکا بەشداربوون، هەنگاویان بۆ سزادانی رووسیا نەناوە، لە کاتێکدا ئیدارەی بایدن ئەوە بە یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی سیاسەتی دەرەوەی خۆی دادەنێت. نەک تەنیا ئەوە، بەڵکو ئیمارات بووەتە پەناگەیەکی دارایی بۆ ملیاردێرە رووسییەکان و یەختە ملیۆن دۆلارییەکانیان. میسریش بەڕووی گەشتیارانی رووسیدا بە کراوەیی ماوەتەوە.
بڵاوکردنەوەی وێنەی مانگە دەستکردەکان کە پێشانی دەدەن بەرپرسانی رووسی لە 8ی حوزەیران و 5ی تەممووز سەردانی بنکەی ئاسمانیی کاشانیان کردووە، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ ئیدارەی ئەمریکا تاوەکو باشتر شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا بە نیگەرانییەکانی وڵاتانی عەرەبییەوە لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانەوە گرێبدات.
بەو پێیەی بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی بایدن پێش دەستپێکردنی لووتکەی ئەمنی و گەشەپێدان لە جەددە، بە رۆژنامەڤانانی گوت، هەوڵەکانی مۆسکۆ بۆ کڕینی درۆن لە تاران پێشانی دەدات کە رووسیا "بە شێوەیەکی کاریگەر پشت بە ئێران دەبەستێت."
ئیدارەی بایدن هاوکات وێنەی درۆنەکانی جۆری شاهد 191 و شاهد 129ی لە کاتی نمایشکردن و فڕینیان لە بنکە ئاسمانییەکە بڵاوکردنەوە، لە کاتێکدا فڕۆکەیەکی گواستنەوەی شاندە رووسیەکە لەوێ بووە، ئەوەش وەکو ئیدارەی بایدن خۆی باسی لێوە کردووە.
جەیک سولیڤان، راوێژکاری نیشتمانیی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ئیدارەی بایدن "زانیاریی هەیە کە حکومەتی ئێران ئامادەکاری دەکات بۆئەوەی چەند سەت درۆنێک بۆ رووسیا دابین بکات."
ئەو بەرپرسە ئەمریکییە گوتیشی، "وا مەزەندەی دەکەین شاندی بەرپرسانی رووسی بەم دواییانە نمایشێکی ئەو درۆنە ئێرانیانەیان پێشكێش کراوە کە توانای هێرشبردنیان هەیە. ئێمە ئەم وێنانە بڵاودەکەینەوە کە لە مانگی حوزەیران گیراون و ئەو درۆنە ئێرانیانە پێشان دەدەن کە ئەو رۆژە شاندە رووسیەکە بینیویەتی. ئەمە دەرخەری بەرژەوەندییە بەردەوامەکانی رووسیایە لە بەدەستهێنانی درۆنە هێرشبەرەکانی ئێران."
هاوکات سولیڤان باسی لەوەش کردووە، بەرپرسانی ئەمریکا پێیانوایە سەردانەکەی حوزەیران، "یەکەمین جار بووە شاندێکی رووسی سەردانی ئەو بنکە ئاسمانییەی کردبێت بۆ مەبەستی نمایشێكی لەو جۆرە."
رۆژی هەینی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ دیمیترۆ کولێبای هاوتا ئۆکراینییەکەی، هەموو ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە گوایە ئێران درۆن هەناردەی رووسیا دەکات و بە "بێ بنەما" ناویبردن.
وەزیری دەرەوەی ئێران گوتیشی، "ئەم جۆرە دەنگۆیانە هاوتەریب لەگەڵ سەردانی بایدن بۆ فەلەستینی داگیرکراو یان ئیسرائیل، مەرامی سیاسییان لەپشتەوەیە. ئێمە دژی هەر هەنگاوێکین کە ببێتە هۆی بەردەوامبوون و تووندبوونی ململانێکان."
بایدن رۆژی شەممە، دوای کۆتاییهاتنی لووتکەکە رایگەیاند، "ئەمریکا بۆ هیچ شوێنێک ناڕوات و هیچ بۆشاییەک لەدوای خۆی بۆ چین، رووسیا یان ئێران بەجێناهێڵێت تاوەکو پڕی بکەنەوە."
بایدن هەوڵدەدات هەڵوێستی وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دژی هێرشی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا یەکبخات و پێشانیان بدات کە شەڕەکە چ کاریگەرییەکی لەسەر رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبێت.
ژمارەیەکی زۆری وڵاتانی کەنداو، بە دیاریکراویش سعودیە، نیگەرانیی گەورەیان لەبارەی جموجۆڵەکانی رووسیا لە ناوچەکەدا هەیە.
سولیڤان هەفتەی رابردوو، پێش ئەوەی بایدن بگاتە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بە رۆژنامەڤانانی گوت، ئەمریکا پشتڕاستە کە ئێران هەوڵدەدات هەر ئەم مانگە، لەسەر چۆنێتیی بەکارهێنانی درۆنەکان، راهێنان بە هێزە رووسیەکان بکات. گوتیشی، بەهێزبوونی هاوپەیمانێتیی نێوان رووسیا و ئێران، "بۆ کوشتنی ئۆکراینییەکان شتێکە کە دەبێت هەموو جیهان بیبینێت."
ئەو درۆنانەی کە ئەمریکا پێیوایە ئێران بەنیازە بیانداتە رووسیا، هەمان ئەو جۆرەن کە تاران بە حوسییەکانی یەمەنی داون.
بنکەی ئاسمانیی کاشان بە دووریی 190 کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری تاران، یەکێکە لە کۆنترینەکانی ئێران. ساڵی 2021، بێنی گانتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بنکەی ئاسمانیی کاشانی بە پرۆگرامی درۆنەکانی ئێران بەستەوە و باسی لەوە کرد، ئێران لەوێ مەشقی بە چەکدارەکانی عێراق، لوبنان، سووریا و یەمەن کردووە بۆئەوەی لەوێ درۆن بەکاربهێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ