سوپای ئەمریکا: بۆ پاراستنی کەشتییەکان لە هێرشەکانی ئێران هێزی زیاتر جێگیر دەکەین

21-07-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن دەڵێت، هێزی زیاتر رەوانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات بۆ ئەوەی دژی ئەو شتەی بە هێرشەکانی ئێران ناوی دەبات، لە کەنداو پارێزگاری لە کەشتییە بازرگانییەکان بکات. 
 
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا - سێنتکۆم بڵاویکردەوە، پێنتاگۆن فەرمانی کردووە گرووپێکی وشکانی و یەکەیەکی دەریایی لە ناوچەکە جێگیر بکرێن. 
 
رۆژی دووشەممەی رابردووش، پێنتاگۆن رایگەیاند کەشتیی جەنگیی USS Thomas Hudner لەگەڵ ژمارەیەک فڕۆکەی جەنگی، لە نێویاندا ئێف 35 و ئێف شازدە، دەنێردرێنە گەرووی هورمز. 
 
ئەمە لە کاتێکدایە، ئێران تۆمەتباردەکرێت بەوەی لە ساڵی 2021ـەوە هێرشیکردووەتە سەر نزیکەی 20 کەشتیی بازرگانیی نێودەوڵەتی یان دەستی بەسەرداگرتوون. 
 
ئەو هێزە نوێیە سێنتکۆم باسی دەکات، دەتوانێت لە نێو دەریا و لە کۆکردنەوەی زانیاریشدا کاربکات. 
 
سێنتکۆم دەڵێت، ئەو هێزە "پێداویستیی زیاتری فڕین و دەریاگەری و مارێنزی ئەمریکا دابین دەکات، کە ئەوەش توانای هێزی دەریایی" زیاد دەکات. 
 
جەنەڕال مایکڵ ئێریک کوریلا، فەرماندەی سێنتکۆم لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا "پابەندە بە بەرگریکردن لە ئازادیی دەریاگەری لە سنووری بەرپرسیارێتیی خۆمان کە بەشێک لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان لەخۆدەگرێت. ئەم هێزە زیادکراوانە توانای بێوێنە دابین دەکەن و لەگەڵ وڵاتە هاوبەشەکانمان لە ناوچەکە، زیاتر هاموشۆی بازرگانیی نێودەوڵەتی دەپارێزن، یاساکانی سیستمی نێودەوڵەتی جێبەجێ دەکەن و رێگری لە جموجووڵە تێکدەرەکانی ئێران لە ناوچەکەدا دەکەن."
 
بە گوێرەی سابرینا سینگ، جێگری سکرتێری رۆژنامەڤانیی پێنتاگۆن، ئێران ئەم مانگەش لە گەرووی هورمز هەوڵیداوە دەست بەسەر دوو کەشتیدا بگرێت. 
 
یەکێک لە کەشتییەکان کە نەوتهەڵگرێکی دوورگەکانی مارشاڵ بوو، لە 5ی تەممووز کەشتییەکی سەربازیی ئێرانی لێی نزیک بووەوە، بەڵام دوای نزیکبوونەوەی کەشتیی مووشەکهاوێژ و تێکشکێنەریی ئەمریکیی USS McFaul، کەشتییە ئێرانییەکە شوێنەکەی چۆڵکرد. هەمان رۆژ، کەشتییەکی سەربازیی ئێرانی لە کەشتییەکی دیکەی نەوتهەڵگری دوورگەی بەهاماس کە کار بۆ کۆمپانیای شیڤرۆنی ئەمریکی دەکات، نزیک بووەوە و تەقەی بەسەردا کرد، دوای ئەوەی کە ئێران کەشتیەکەی تۆمەتبارکرد بەوەی خۆی بە بەلەمێکی ئێرانیدا کێشاوە. کەشتییە ئێرانییەکە دوای نزیکبوونەوەی کەشتیی USS McFaul لە شوێنەکە دوورکەوتەوە. 
 
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ئایاری ئەمساڵ گوتی، چالاکییەکانی بۆ پاسەوانیکردنی گەرووی هورمز زیاد دەکات و پەرە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوبەشەکانی لە ناوچەکەدا دەدات بۆ ئەوەی پێگەی بەرگریی خۆی لە کەنداودا بەهێز بکات. 
 
کەشتیگەلی پێنجەمی هێزی دەریایی ئەمریکا لەو ناوچەیە کاردەکات بۆ ئەوەی بە گوتەی خۆی، ئاسایشیی دەریاگەریی نێودەوڵەتی بپارێزێت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە