رووداو دیجیتاڵ
تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەتی ئەو وڵاتە بۆ سووریا، رایدەگەیێنێت کە دانوستاندنەکانی دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بۆ تێکەڵکردنیان لەگەڵ سوپای نوێی نیشتمانیی سووریا بەردەوامن و پێشبینی دەکات "لە هەفتەکانی داهاتوودا پێشکەوتنی گەورە" رووبدات.
باراک لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس لە بەیرووت، ستایشی رۆڵی هەسەدە و یەپەگەی کرد لە شەڕی دژی داعش و بە "دۆست و هاوپەیمانی هەمووان" ناوی بردن.
نێردە تایبەتەکەی ئەمریکا رایگەیاند: "هەسەدە و یەپەگە لە شەڕی دژی داعشدا دۆست و هاوپەیمانیی هەموومان بوون."
سەبارەت بە داهاتووی ئەو هێزانە و نیگەرانییەکانی تورکیا، باراک گوتی: "پرسی تێکەڵکردنی هەسەدە، کە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریایە و تورکیاش لەسەر سنوورەکەیەتی، گرنگە. تورکیا نیگەرانیی هەیە لەبارەی ناوچەی دابڕێنەر و ئەوەی کە ئایا هەسەدە خۆی دوژمنی حکومەتی تورکیایە یان نا."
باراک ئاماژەی بەوەش کرد کە رۆژی یەکشەممە لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە قسەی کردووە و پێیوایە پێکدادانەکانی ئەم دواییەی پارێزگای سوەیدا لە نێوان دروز و دەشتەکییەکان، کاریگەرییان لەسەر دانوستاندنەکانی نێوان دیمەشق و هەسەدە نابێت.
قسەکانی باراک لە کاتێکدان کە حکومەتی نوێی سووریا لەگەڵ هەسەدە لە گفتوگۆدایە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنێکی مانگی ئاداری ئەم ساڵ کە داوا دەکات هەسەدە تێکەڵی سوپای نوێی نیشتمانیی سووریا بکرێت.
لەلایەکی دیکەوە، دیپلۆماتە ئەمریکییەکە پشتیوانیی واشنتنی بۆ حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع دووپاتکردەوە و رایگەیاند، "هیچ پلانێکی دیکە نییە" بۆ کارکردن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئێستا بە مەبەستی یەکخستنەوەی سووریا. هەروەها گوتی: "بە بڕوای من، حکومەتی ئێستای سووریا بەتوانایە، لێهاتووە و متمانەپێکراوە. ئەوەی گوتوویەتی، کردوویەتی. هیچ هەڵەیەکی لەمەدا نەکردووە. ئەوەی لە دوو رۆژی رابردوودا روویدا، زۆر ئاڵۆزە."
سەبارەت بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا لە چوارچێوەی پێکدادانەکانی سوەیدا، باراک رایگەیاند کە دەستوەردانی ئیسرائیل دۆخەکەی "ئاڵۆزتر" کردووە" و لە "کاتێکی زۆر خراپدا" بووە. جەختیشی کردەوە کە "داوا لە ئەمریکا نەکراوە و بەشداریی لەو بڕیارەدا نەکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ