رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانى عێراق دەڵێت، چاوەڕێى تورکیا دەکەن بۆ دەستپێکردنەوەى هەرناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان و ئاماژە بەوەش دەکات، لەگفتوگۆدان بۆ ئەوەى هەناردەى نەوت لە دۆسیە یاساییەکان جیابکەنەوە.
محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا رایگەیاند، چاوەڕێى تورکیا دەکەن بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەی نەوتی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە، بە تایبەتی نەوتى بەرهەمهێنراوى هەرێمى کوردستان و ئەوەش لە چوارچێوەى سیاسەتى گشتیى دەوڵەت دەبێت.
محەممەد شیاع سوودانى گوتیشى، "سکاڵاى دوو لایەنە هەیە، بەڵام دانوستاندنمان لەگەڵ لایەنى تورکیا هەیە بۆ ئەوەى هەناردەى نەوت لە دۆسیە یاساییەکان لە دادگە جیا بکەینەوە."
لە 25ـى ئادارەوە هەناردەى نەوتى هەرێمی کوردستان بۆ بەندەرى جەیهانى تورکیا راگیراوە، کە رۆژانە زیاتر لە 400 هەزار بەرمیل نەوت بوو، ئەوە جگە لە راگرتنى هەناردەى رۆژانەى 75 بۆ 85 هەزار بەرمیل نەوتى کەرکووک کە بە هەمان رێگە هەناردە دەکرا.
راگرتنی ئەو هەناردەکردنە بەهۆى ئەنجامی سکاڵایەکەوە بوو کە حکومەتى عێراق لە دادگەى نێودەوڵەتیى نێوبژیوانى پاریس دژى هەناردەکردنى نەوتى هەرێمى کوردستان تۆماری کرد بۆ ئەو نەوتەى لە نێوان ساڵانى 2014 بۆ 2018 لە رێگەى تورکیاوە هەناردەکراوە. بڕیارەکەی دادگەی نێوبژیوانی پاریس ئەوە بوو کە دەبێت تورکیا نزیکەى یەک ملیار و 500 ملیۆن دۆلار پێبژاردن بداتە عێراق.
بەڵام کێشەی دیکە لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەیە. بۆ نموونە، سکاڵایەکی دیکەی عێراق لەسەر هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەماوەی نێوان 2018 – 2022 کێشەیەکی دیکەی نێوان عێراق و تورکیایە.
بەڵام رۆژی 7ی مانگی ئەیلوولیش تورکیا سکاڵای لەسەر عێراق لە دادگەی واشنتن تۆمارکرد و دەڵێت، دەبێت 987 ملیۆن قەرەبوو بداتە ئەنقەرە.
ئەو سکاڵایانەش کێشەی نێوان هەردوولای قووڵتر کردووە و چارەنووسی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانیشی بە لێڵی هێشتووەتەوە.
سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند، راگرتنى هەناردەى نەوت لەرێگەى تورکیاوە زیان بە هەموو لایەک دەگەیێنێت بە تورکیاشەوە کە سوودمەندە لە هێڵى گواستنەوەى نەوت.
راگرتنى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان و کەرکووک مانگانە زیاتر لە یەک ملیار دۆلار زیان بە هەرێمی کوردستان و عێراق دەگەیێنێت.
ئەو گوتانەى سەرۆکوەزیرانى عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا بوو لەگەڵ تۆڕی بلوومبێرگى ئەمەریکى.
سوودانى رایگەیاند، لەگەڵ ئەو کۆمپانیا ئەمریکییانە کۆبووەتەوە کە لە هەرێمى کوردستان کار دەکەن و بەگوتەى ئەو، ویستیان هەیە بۆ ئەوەى کار لە ناوچەکانى دیکەى عێراق بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ