نەتەنیاهوو: لەگەڵ سووریا لە دانوستاندنداین، بەڵام رێککەوتن دوورە

21-09-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ئەمڕۆ یەکشەممە لە کۆبوونەوەی حکومەتدا ئاماژەی بەوەکرد، لەگەڵ سووریا لە دانوستاندندان و گفتوگۆکان "پێشکەوتن"یان بەخۆیەوە بینیوە. 
 
دیمەشق پێشتر رایگەیاندبوو، لەگەڵ ئیسرائیل لە گفتوگۆدایە بۆ ئەوەی لەسەر پرسە ئەمنییەکان بگەنە رێککەوتن. 
 
نەتەنیاهوو رایگەیاند: "سەرکەوتنەکانی ئیسرائیل بەسەر حیزبوڵڵادا دەرچەیەکیان بۆ ئەگەرێک کردووەتەوە کە تەنانەت بیریشی لێ نەدەکرایەوە، ئەویش ئەگەری ئاشتییە لەگەڵ دراوسێکانی باکوور"، کە ئاماژە بوو بۆ سووریا.
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتیشی، لایەنی ئیسرائیلی "گفتوگۆ لەگەڵ سوورییەکان دەکات" و گوتیشی: "پێشکەوتنێکی دیاریکراو هەیە، بەڵام رێککەوتن هێشتا دوورە."
 
چوارشەممەی رابردوو لە لەندەن، رۆن دێرمەر، وەزیری کاروباری ستراتیجیی ئیسرائیل و ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریای کۆبوونەوە.
 
کەناڵ 12ی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، ئەو رێککەوتنەی گفتوگۆی لەسەر دەکرێ، ئامانج لێی جێگرتنەوەی رێککەوتنی جیاکردنەوەی هێزەکان و ئاگربەستە (لەنێوان سووریا و ئیسرائیل) کە ساڵی 1974 واژۆکراوە.
 
چیای هێرمۆن و کۆنترۆڵی ئاسمانیی سووریا
 
بە گوێرەی میدیای ئیسرائیلی، تەلئەڤیڤ سوورە لەسەر ئەوەی کە دەبێت:
 
1- هێزەکانی ئیسرائیل لە چیای هێرمۆن لە ناوچەی گۆلانی باشووری سووریا بمێننەوە
 
2- ناوچەی لەچەکداماڵراو فراوان بکرێ
 
3- سێ ناوچەی کەمچەک دروست بکرێن
 
4- هێزە ئەمنییەکانی سەر بە دیمەشق لە باشووری سووریا بکشێنەوە
 
5- ئاسمانی باشووری سووریا لە ژێر کۆنترۆڵی ئیسرائیلدا بێت
 
6- لە ئاسمانی سووریاوە رێڕەوێکی ئاسمانی هەبێت تاوەکو ئیسرائیل بتوانێت لەوێوە بگاتە سنووری عێراق و بەوێشدا بگاتە ئێران
 
7- دەبێت سووریا بە تەواوی واز لە گۆلان بێنێت.
 
 لە بەرامبەر ئەمانەشدا، ئیسرائیل لە چەند ناوچەیەک دەکشێتەوە. 
 
لەلایەکی دیکەوە، دیمەشق سوورە لەسەر کاراکردنەوەی رێککەوتنی کۆتاییهێنان بە پێکدادانەکانی ساڵی 1974 و کشانەوەی ئیسرائیل لەو ناوچانەی دوای رووخانی دەسەڵاتی پێشوو لە 8ی کانوونی یەکەمی 2024 داگیری کردوون.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

حاجییان لە مزگەوتی حەرام بە دەوری کەعبەدا تەواف دەکەن. وێنە: Reuters

حەج و عومرەی سعودیە وێنەگرتن لە مزگەوتی حەرام و پێغەمبەر قەدەخە دەکات

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە وەرزی حەجی ساڵی داهاتوودا وێنەگرتن و تۆمارکردنی ڤیدیۆ لە هەردوو مزگەوتی پێغەمبەر (د.خ) لە مەدینە و مزگەوتی حەرام لە مەککە قەدەخە دەکرێت.