سوودانی: عێراق چۆڵکردنی غەززە و گواستنەوەی خەڵکەکەی بەتووندی رەتدەکاتەوە

21-10-2023
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ  

سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، عێراق بە هەموو شێوەیەک بیرۆکە و هەوڵی چۆڵکردنی غەززە لە دانیشتووانی و گواستنەوەی خەڵکەکەی بۆ هەر شوێنێکی دیکە بەتووندی رەتدەکاتەوە و داوای دامەزراندنی سندووقی ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە دەکات.
 
ئەمڕۆ شەممە، 21ـی تشرینی یەکەمی 2023، محەممەد شیاع سوودانی، بە نوێنەرایەتیی عێراق بەشداری لە لووتکەی سەرۆک و سەرۆکوزیران و نوێنەرانی وڵاتانی جیهان لە لووتکەی قاهیرە بۆ ئاشتیی کرد کە لەسەر بانگهێشتی هاوبەشی میسر، قەتەر و کوێت بۆ پرسی فەلەستین رێکخرا. 
 
محەممەد شیاع سوودانی لە گوتارێکیدا گوتی: "گەلی فەلەستینی خۆڕاگر، رووبەڕووی کۆمەڵکوژی دەبنەوە لە رێگەی بە ئامانجکردنی خەڵکی سڤیل لەناوچە نیشتەجێبووەکانیان و کەنیسە و نەخۆشخانەکانیاندا، بەرچاوترینیان کۆمەڵکوژییەکەی نەخۆشخانەی مەعمەدانی بوو، کە داگیرکەری زایۆنیزم رووە راستەقینەکەی و نیازە گڵاوەکانی خۆی ئاشکراکرد و هەموو هێڵە سوورەکانی بەزاند".  
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتیشی: "ئەمەی داگیرکەری زایۆنیزم دەیکات بە هەموو واتایەک تاوانی جەنگە. سەرەتا دەستیانکرد بە کوشتنی خەڵکی سڤیلی بێتاوان و دواتر گەمارۆ و ئابڵووقەیەکی خنکێنەریان بەسەر زیندووەکانی دیکەدا سەپاند. زۆر ئەستەمە بە وشە پێناسەی ئەو ستەمە نەبڕاوانە و کۆمەڵکوژییە زۆر مەترسیدارە رۆژانەکان و زیندەبەچاڵکردنی خەڵکی سڤیل لەژێر داروپەردووی خانووەکانیان بکەین". 
 
محەممەد شیاع سوودانی پێداگری لەوە دەکات، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی و سیستەمی نوێی جیهانی لە ئاست چارەسەرکردنی پرسی فەلەستین چەندینجار شکستیان هێناوە و دەشڵێت: "دۆخی ئەمڕۆی غەززە لە بەرامبەر تاقیکردنەوەیەکی نوێی سیستەمی جیهانییدایە کە چەندین جار شکستی خواردووە لە جێبەجێکردنی بەهاکانی مرۆڤایەتی و دادپەروەری و ئازادی. فەلەستین باشترین بەڵگەی شکستیانە. ئایا کاتی نەهاتووە بە داگیرکەر بڵێین ئیدی بەسە؟ کاتی نەهاتووە پشتیوانی لەم گەلە ستەمدیدە خۆڕاگرە بکەین؟"
 
سوودانی، رەخنەی تووند لە بێدەنگی و بێهەڵوێستیی بەشێک لە سەرۆک و سەرکردەکانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی گرت و گوتی: "زۆر بەداخەوە بەشێک لە هاوڕێکانمان چالاکییەکانی هێزی بەرگریی بە کردەی تیرۆریستی وەسف دەکەن و لە کاتێکدا بێدەنگن لە ئاست کۆمەڵکوژییە بەرنامە بۆ دارێژراوەکانی هێزی داگیرکەری زایۆنیرم و بە مافی بەرگری لەخۆکردن ناویان دەبەن". 
 
لەبارەی هێرشی گرووپەکانی حەماس و جیهادی ئیسلامیی فەلەستینی لە ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا" گوتی: "ئەوەی روودەدات کاردانەوە و بەرپەرچدانەوەی کۆمەڵکوژی و داگیرکاری و جیاکاریی نەژادییە. داگیرکاریی زایۆنیزم بەردەوامە لە پێشێلکاری یاسا نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەتیش یاسای جەنگ و بەردەوامبوونی دۆخەکە کاریگەری دەخاتە سەر سەقامگیریی جیهانیی و تەنانەت گەیاندنی وزە بۆ وڵاتان و بازاڕی جیهان و رێخۆشکەر دەبێت بۆ ئەوەی ناکۆکییەکان بگاتە ئاستی هەرێمی و قەیرانی ئابووریی جیاوازیشی لێبکەوێتەوە و زەمینەخۆش دەکات بۆ ململانێی قووڵتر و فراوانتر". 
 
سوودانی راشیگەیاند، "ئیسرائیل پێچەوانەی رێککەوتنی ژنێڤ-3 کاردەکات کە پەیوەندیی بەئاڵوگۆڕی دیلەکانەوە هەیە. هەروەها رێککەوتنی ژنێڤ 4یش پێشێل کردووە کە پەیوەندیی بە پاراستنی خەڵکی سڤیلە لە ناوچە ناکۆکەکاندا. ئەمە جگە لە پێشێلکردنی بۆ زیاتر لە 78 بڕیاری تایبەتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی و بڕیارەکانی جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ". 
 
گوتیشی: "دۆزی فەلەستین نەدەگەیشتە ئەم ئاستە کارەساتبارە ئەگەر رێز لە بڕیارە نێودەوڵەتییەکان بگیرایە و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش بەرپرسیارێتییەکانیان جێبەجێ بکردایە و گوێی لە گەلێک بگرتایە کە تەنیا داوای مافە رەواکانی دەکات لە مافی چارەی خۆنووسین و سەربەخۆیی و سەروەریی". 
 
لەبارەی هەوڵی چۆڵکردنی کەرتی غەززە لە دانیشتووانی، محەممەد شیاع سوودانی گوتی: "عێراق بەهەموو شێوەیەک ئەو هەوڵانە رەتدەکاتەوە کە کار بۆ چۆڵکردنی کەرتی غەززە لە خەڵکەکەی دەکاتەوە و تەنانەت بەهیچ شێوەیەک بوار نادرێت بە گفتوگۆکردن لەمبارەیەوە یان لەبارەی دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ جوولەکەکان یاخود دامەزراندنی ئۆردوگای پەنابەری و هەر بابەتێکی دیکەی هاوشێوە. فەلەستینییەکان جگە لە خاکی خۆیان هیچ شوێنێکی دیکەیان نییە و ناشبێت". 
 
سەبارەت بە داواکارییەکانی عێراق بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە، سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی: "جەخت لە دەسبەجێ راگەیاندنی ئاگربەست و کردنەوەی دەروازە سنوورییەکان دەکەینەوە بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان و پێداویستییە سەرەتایی و سەرەکییەکان و دواتر کارکردن بۆ ئاڵوگۆڕکردنی دیل و دەستگیرکراوەکان. ئەگەر بمانەوێت کارەساتەکان دووبارە نەبنەوە، دەبێ هەموو هەوڵەکان بخرێنەگەڕ بۆ کۆتاییهێنان بە ئابڵووقەکانی سەر کەرتی غەززە و لەپاڵ ئەمەش داوای دامەزراندنی سندووقی ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە دەکەین. ئێمەش لە عێراق هەموو جۆرە یارمەتییەک پێشکێش دەکەین".
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتیشی: "هۆشداری دەدەین لە بێبەهاکردن و تواندنەوەی دۆزی گەلی فەلەستین. کەس مافی بانگەشەی ئاشتەوایی لەگەڵ زایۆنیزمەکان، سازشکردن بۆیان یاخود بەتەنیا بڕیار بەناوی فەلەستین بدات. چونکە تەنیا فەلەستینییەکان خاوەن دۆز و خاکن. دۆزی فەلەستین بە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ کە پایتەختەکەی قودسە، چارەسەر دەبێت".
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە