رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتانی هاوپەیمان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئامادەن هێز رەوانەی غەززە بکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی حەماس، ئەگەر گرووپەکە واز لەو پێشێلکارییانە نەهێنێت، کە لە پلانی ئاشتییەکەی ئەودا دەیکات.
رۆژی سێشەممە 21-10-2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی ترووس سۆشیاڵ نووسی، "ژمارەیەکی زۆر لە هاوپەیمانە گەورەکانی ئێستامان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ناوچەکانی دەوروبەری، بە روونی و بە تووندی و بە پەرۆشییەکی زۆرەوە، پێیان راگەیاندووم کە پێشوازی لەو دەرفەتە دەکەن، ئەگەر من داوایان لێبکەم، بە هێزێکی گەورەوە بچنە نێو غەززە و حەماس راستبکەنەوە، ئەگەر حەماس بەردەوام بێت لەسەر رەفتاری خراپ، بە پێشێلکردنی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ ئێمەدا."
ترەمپ دەڵێت، بەو وڵاتانە و بە ئیسرائیلی گوتووە، "هێشتا نا، هێشتا هیوایەک هەیە کە حەماس بژاردە راستەکە هەڵبژێرێت. ئەگەر وانەکات، کۆتاییهێنان بە حەماس خێرا، بە زەبر و بەهێزەوە دەبێت."
ترەمپ سوپاسی ئەو وڵاتانەی کرد، کە بۆ "یارمەتیدان" پەیوەندییان پێوەکردووە و گوتی: "ئەو خۆشەویستییەی ئێستا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە، هەزار ساڵە شتی لەم جۆرە نەبینراوە."
ترەمپ هەروەها بە دیاریکراوی سوپاسی ئیندۆزنیا و "سەرکردە نایابەکە"ــی کرد بۆ "هەموو ئەو یارمەتییەی کە نیشانیان داوە و بە ئەمریکا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیان بەخشیوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ