نەتەنیاهوو لەبارەی رێککەوتن لەگەڵ حەماس بۆ ئازادکردنی دیلەکان: بەرەوپێشچوون هەیە

21-11-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەبارەی نزیکبوونەوە لە رێککەوتن لەگەڵ حەماس بۆ ئازادکردنی دیلەکانی وڵاتەکەی رایگەیاند، لەو بابەتەدا بەرەوپێشەوە چوون و بەهیوان بەزوویی هەواڵی خۆش بگات.
 
نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ خۆبەخشەکانی سوپای وڵاتەکەیدا ئەو قسانەی کردووە.
 
نەتەنیاهوو بەدیاریکراوی لەبارەی ئەو پرسە گوتوویەتی، "لەبەرەوپێشچوونداین. رەنگە شایان بەوە نەبێت کە زۆر بڵێم، بەتایبەت لەم کاتەدا، بەڵام هیواخوازم بەزوویی هەواڵی خۆش بگات."
 
کەمێک لەمەوبەر، نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو وەزیرەکانی کابینەی حکومەتەکەی (کابینەی جەنگ)ـی ئاگادارکردووەتەوە، ئەم ئێوارەیە کاژێر 18:00 بە کاتی تەلئەڤیڤ بۆ تاوتوێکردنی بابەتی ئازادکردنی دیلەکان کۆدەبنەوە.
 
لە رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەر حەماس هێرشیکردە سەر ناوچەکانی ئیسرائیل و بە گوتەی تەندروستیی ئەو وڵاتە، جگە لە کوژرانی 1200 کەس، هاوکات دەوروبەری 240 کەسی دیکەی بە دیل گرت، کە تاوەکو ئێستا تەنیا چوار کەسیان ئازادکراون.
 
لە بەرامبەردا، ئیسرائیل هێرشیکردە سەر کەرتی غەززە کە بەگوتەی تەندروستیی کەرتەکە، تاوەکو ئێستا 13 هەزار و 300 کەس بەهۆی هێرشەکانەوە گیانیان لەدەستداوە.
 
رۆژی دووشەممە، 20-11-2023، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامی رۆژنامەڤانان لەبارەی ئازادکردنی دیلەکانی ژێر دەستی حەماس گوتی، "بەڵێ، پێموایە لە رێککەوتنی ئازادکردنی دیلەکان نزیک بووینەتەوە."
 
هاوکات، جۆن فاینەر، جێگری راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا رایگەیاند، "رێککەوتنێک بۆ ئازادکردنی زیاتر لە 12 بارمتە لەوانەیە ئاگربەستێکی کاتیشی لەو شەڕ و پێکدادانە بەدواوەبێت تاوەکو رێگە بدرێت هاوکاری مرۆیی بەسەر خەڵکی کەرتی غەززە دابەشبکرێت."
 
رۆژی 15-11-2023، ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرز لەسەر زاری بەرپرسێکی قەتەری بڵاویکردەوە، "قەتەر بە هاوبەشی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا گفتوگۆی لەگەڵ حەماس و ئیسرائیل کردووە و پێشنیازی ئەوەی خستووەتە بەردەم بەرپرسانی حەماس بۆ ئەوەی 50 بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد بکەن و لە بەرامبەریشدا ئیسرائیل سێ رۆژ ئاگربەست رابگەیێنێت و چەند هاووڵاتییەکی فەلەستینی لە زیندانەکانی ئیسرائیل ئازاد بکرێن."
 
ئەو بەرپرسە قەتەرییە ئاشکرای کردووە، حەماس بە پێشنیازەکە رازی بووە، بەڵام بەرپرسانی ئیسرائیل تائێستا وەڵامی پێشنیازەکەیان نەداوەتەوە و تاوتوێی دەکەن. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش لە چەندین بۆنەدا ئەوەی گوتووە کە هیچ ئاگربەستێک نییە تاوەکو دیلەکان ئازاد نەکرێن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە