رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەداتەوە کە جارێکی دیکە پاساوی هێرشکردنە سەر هەولێری بە بوونی بنکەی مۆسادی ئیسرائیلی هێنابووەوە؛ حکومەت دەڵێت، هێرشەکەی ئێران بۆ سەر خەڵکی سڤیل "بە هیچ بانگەشەی ناڕاست و ساختەكردنی هەواڵ و وێنەیەكی دروستکراو پەردەپۆش ناكرێت."
رۆژی دووشەممە، 22ـی کانوونی دووەمی 2024، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە چاوپێكەوتنی لەگەڵ رۆژنامەنووسان جارێكی دیکە پاساوی بۆ پەلامارە مووشەكییەكەی هەفتەی رابردوو بۆ سەر هەولێر هێناوەتەوە كە گوایە بنكەی مۆسادی ئیسرائیلیان لە هەولێر بە مووشەكە (نقطه زن و كودك زن [وردپێکی منداڵ پێک])ـەكانی خۆیان كردووەتە ئامانج و پەلامارەكە لەدژی سەروەریی عێراق و هەرێمی كوردستان نەبووە."
کاژێر 11:30ـی شەوی دووشەممە 15-01-2024 سوپای پاسدارانی ئێران بە 11 مووشەک هێرشی کردە سەر شاری هەولێر، پێنج لەو مووشەکانە بە ماڵی سەرمایەداری کورد پێشڕەو دزەیی کەوتن. بۆردوومانەکەی ئێران گیانلەدەستدانی پێشڕەو دزەیی و منداڵێکی و هاوڕێیەکی و کارگوزارێکی ماڵەکەی لێکەوتەوە، هەروەها 16 کەسیش بەهۆیەوە بریندار بوون.
ئێران لە پاساوی هێرشەکەدا دەڵێت، "ئێمە، بارەگای مۆسادمان لە شوێنێکی هەرێمی کوردستان بە وردی کردە ئامانج، ئەوەش بە واتای بەئامانجگرتنی عێراق نییە، بەڵکو ئیسرائیل دوژمنی هاوبەشی عێراق و ئێرانە.

ئێران لەدوای بەئامانجگرتنی ماڵی پێشڕەو دزەیی، هەوڵی زۆر دەدات بۆ رای گشتیی نێوخۆ و نێودەوڵەتی بسەلمێنێت کە سەر بە مۆساد بووە، لە دوایین هەوڵیشیاندا وێنەیەکی پێشڕەو دزەییان بە فۆتۆشۆپ لەگەڵ حاخامێکی جوو پێکەوە لکاندووە و تۆمەتی ئەوەیان خستووەتە پاڵ کە لە رێگەی ئەو سەرمایەدارەوە نەوتی کوردستان بە ئیسرائیل فرۆشراوە.
لەلایەکی دیکەوە، ڤیدیۆیەکی 12 ساڵ لەمەوبەر دەکرێتە سەرچاوە بۆ هەواڵێکی ساختە لەبارەی پەیوەندیی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) و هەرێمی کوردستان. ڤیدیۆکە لە دوای هێرشی سوپای پاسداران بۆ سەر هەولێر وەک سەرچاوەیەک بەکاردێت، رووداو بە بەڵگەوە ئاشکرای دەکات کە ڤیدیۆکە و وەرگێڕانەکەی ساختەن.
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "جێگەی سەرسوڕمانێكی زۆرە كە سەرباری ئەوەی شاندی حكومەتی عێراقی و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی و ژمارەیەكی زۆری میدیاكان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی سەردانی ماڵی شەهید پێشڕەویان كردووە و هەموو لایەك شاهیدی ئەوەن كە پەلامارە مووشەكییەكەی ئێران تاوانێك بووە لە بەرانبەر خەڵكی مەدەنی و ژن و منداڵ کراوە، بەڵام هێشتا بەرپرسانی ئێرانی پێكۆڵی لە بانگەشە بێ بنەماكانیان دەكەن و شانازیش بەو تاوانە دەكەن كە لەدژی هاووڵاتیانی بێتاوانی كوردستان ئەنجامیان داوە."
بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق سەرکۆنەی هێرشە دەکەن و رەتی دەکەنەوە هیچ بارەگایەکی مۆسادی ئیسرائیل لە هەولێر بێت و جەخت دەکەنەوە لەوەی ئەو شوێنەی بۆردوومان کراوە، ماڵی هاونیشتمانییەکی سڤیل بووە؛ بەڵام بەرپرسانی ئێران هەر پێداگیری دەکەن لەوەی بارەگای مۆسادیان کردووەتە ئامانج.
حکومەتی هەرێمی کوردستان ئایەتی 206ـی سوورەتی (البقرة) لە قورئانی پیرۆزدا بە نموونە دەهێنێتەوە کە دەفەرموێت: (وَإِذَا قِيلَ لَهُ اتَّقِ اللَّهَ أَخَذَتْهُ الْعِزَّةُ بِالْإِثْمِ) واتە: (كاتێكیش بهمانه بڵێی: له خوای گهوره بترسن ئهوه عیززهت دهیانگرێ، بهڵام بهتاوان). لەو بارەیەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "رێك ئەو شانازیكردنە دەگرێتەوە كە بەرپرسانی ئێرانی رۆژانە بێ گوێدانە رای گشتیی عێراق و ئێران و ناوچەكە و جیهان دووپاتی قسەی ناڕاستیان دەكەنەوە."
حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە کە ئەوەی سوپای پاسدارانی ئێران "بە مووشەكە (نقطه زن و كودك زن - منداڵكوژ)ـەكانی كردی، تاوانێكی گەورە لەدژی هاووڵاتیی ئاسایی هەرێمی كوردستان و كوشتن و برینداركردنی ژن و منداڵ بوو. هەروەها ئەو كردەوەیە پێشێلكردنی ئاشكرای سەروەریی عێراق و هەرێمی كوردستان و بنەماكانی دراوسێتی و یاسای نێودەوڵەتی و ڕێككەوتنەكان بوو. ئەم تاوانە بە هیچ بانگەشەی ناڕاست و ساختەكردنی هەواڵ و وێنەیەكی دروستکراو پەردەپۆش ناكرێت و ڕای گشتیی ئێران و عێراق و ناوچەكەش هەڵناخەڵەتێندرێت."
حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، ئێستا پرسیار و بۆچوونی سەرەكیی میدیاكان و رای گشتیی جیهانی و ناوچەكە ئەوەیە، مووشەكە ورد و (نقطه زن)ـەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران دەتوانن بگەنە زۆر شوێن و وڵاتی تر كە ئێران بە دوژمنی خۆیان دەزانێ، بەڵام بۆچی بە موشەكە ورد و (نقطه زن)ـەكانیان تەنیا خەڵكی بێتاوان و بێ پەنای هەرێم دەكەنە ئامانج؟ ناوێرن موشەك بگرنە ئەو وڵاتەی هێز و موشەك و چەكی پێشكەوتووی هەبێ و تەنیا بۆ خەڵكی بێ چەك و بێتاوانی كوردستان ئازان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ