وادەی گەڕانەوەی کۆچبەرانی کورد لە لیبیا دیاریکرا؛ سبەی 100 کەس دەگەڕێندرێنەوە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

دوای ئەوەی دوو رۆژ لەسەریەک گەشتەکەیان دواخرا، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا رایدەگەیێنێت، سبەی هەینی یەکەم کاروانی کۆچبەرە گیرخواردووەکان کە ژمارەیان 100 کەسە، دەگەنەوە عێراق.
 
ئەحمەد سەحاف، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا ئەمڕۆ پێنجشەممە 22-01-2026  بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "گەشتی یەکەمی گەڕاندنەوەی کۆچبەران بەرەبەیانی سبەی هەینی 23ی کانوونی دووەم دەگات، کە 100 کۆچبەری لەخۆگرتووە."
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی باڵیۆزخانەی عێراق، کۆی گشتیی ئەو کۆچبەرانەی ناوی خۆیان بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە تۆمار کردووە، 197 کۆچبەرن. سەحاف ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەو ژمارەیەی دەمێننەوە، رۆژی دواتر دەگەڕێندرێنەوە."
 
پرۆسەی گەڕاندنەوەکە لەڕێگەی فڕۆکەی جۆری C130ـی سەر بە هێزی ئاسمانیی عێراقەوە دەبێت و وەک سەحاف دەڵێت، "لەسەر راسپاردەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق جێبەجێ دەکرێت و وەزارەتی دەرەوەش هەوڵێکی نیشتمانیی باڵای بۆ زامنکردنی سەلامەتییان داوە."
 
هۆکاری دواکەوتنەکە
 
پێشتر بڕیاربوو رۆژی چوارشەممە یەکەم کاروانی ئەو کۆچبەرانە بگەنەوە، بەڵام بەهۆی نالەباریی کەشوهەوا و هۆکاری تەکنیکییەوە گەشتەکە بۆ ئەمڕۆ و دواتر بۆ سبەی هەینی دواخرا.
 
د. موسەننا ئەمین، پەرلەمانتاری عێراق پێشتر بە رووداوی راگەیاندبوو، هۆکاری دواکەوتنەکە تەنیا کەشوهەوا بووە و رەزامەندیی سەرۆکوەزیران بۆ ناردنی فڕۆکەی تایبەت وەرگیراوە.
 
کۆچبەرەکان کێن؟
 
بەگوێرەی ئامارەکانی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان (JCC) لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، زۆربەی ئەو کۆچبەرانە کوردی هەرێمی کوردستانن و لە کاتی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئەورووپا، لە دەریای ناوەڕاست و سنوورەکانی لیبیا لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەوە دەستگیر کرابوون.
 
سروە رەسووڵ، بەڕێوەبەری گشتیی JCC بە رووداوی راگەیاندبوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر هێڵ بووە بۆ گەڕاندنەوەیان و تەواوی تێچووی گەشتەکەش لەسەر ئەستۆی حکومەت دەبێت.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە