رووداو دیجتاڵ
باڵیۆزی ئیسرائیل لە واشنتن دەڵێت: لە کۆبوونەوەکەی پاریس لە نێوان ئیسرائیل و سووریا بە ئامادەبوونی ئەمریکییەکان، بە هیچ شێوەیەک باس لە هێرش بۆسەر کورد لە سووریا نەکراوە، هەموو ئەو راپۆرتانەش رەتدەکاتەوە کە باس لەوە دەکەن لەو کۆبوونەوەیە هێرشی لەم شێوەیە باس کرابێت.
ماڵپەری رۆیتەرز، لەسەر زاری چەند سەرچاوەیەکی سووری بڵاویکردووەتەوە، لە کۆبوونەوەکەی ئەم دوایەی نێوان سووریا و ئیسرائیل و ئەمریکا لە پاریس، سوورییەکان باسیان لە ئەنجامدانی هێرشێکی سنووردار کردووە بۆ سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات، ئیسرائیل لە کۆبوونەوەکەدا دژی ئەو پێشنیازە نەبووە.
لەدوای بڵاوبوونەوەی ئەم راپۆرتە، مایکڵ لیتێر، باڵیۆزی ئیسرائیل لە واشنتن رۆژی پێنجشەممە بە رووداوی راگەیاند: ''ئەم بابەتە هەرگیز باس نەکراوە، هەموو ئەو شتانە ناڕاستن."
دەشڵێت: "ئێمە لە کۆبوونەوەکەدا نیگەرانیی گشتی و هەروەها میکانیزمی کەمکردنەوەی گرژییەکانمان باسکردوون."
پێشتر لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، باڵیۆزی ئیسرائیل راپۆرتەکەی رۆیتەرزی رەتکردبووەوە و رایگەیاندبوو، خۆم لە هەموو کۆبوونەوەکان بەشداربووم، ئیسرائیل هەرگیز پشتیوانی لە هێرشی سوپای سووریا نەکردووە بۆسەر کورد لە سووریا. "هەر کەسێک شتی وابڵێت، راست نییە."
ئەم قسانەی باڵیۆزی ئیسرائیل بۆ رووداو لەکاتێکدان، لە سەرەتای ئەم مانگە، بەرپرسانی ئیسرائیل، ئەمریکا و سووریا لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا کۆبوونەوە و لە کۆبوونەوەکەدا لەسەر چەند پرسێکی ئەمنی و هەروەها میکانیزمی کەمکردنەوەی گرژییەکان کۆبوونەوە، لە دوای ئەو کۆبوونەوەیەش سوپای سووریا دەستیکرد بە هێرش بۆ سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات بەسەرکردایەتی کورد لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و رۆژئاوای کوردستان.
بەشێک لە لێکدانەوەکان لە میدیاکان ئەوەبوو، کە سووریا رەزامەندی ئیسرائیلی وەرگرتووە بۆ ئەنجامدانی ئەو هێرشانە، بەڵام ئیسرائیل هەموو ئەو راپۆرتانەی رەتکردنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ