هاکان فیدان: دەکرێ وڵاتانی کەنداو رێوشوێنی سەربازی بەرامبەر ئێران بگرنەبەر

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دەرەوەی تورکیا رایدەگەیێنێت: ئەگەری وەڵامدانەوەی سەربازیی وڵاتانی کەنداو بەرامبەر هێرشەکانی ئێران زیادیکردووە، ئەوەش دوای ئەوەی لە ماوەی 3 هەفتەی رابردوودا ئێران زۆربەیانی کردە ئامانج.
 
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، دوای گەشتەکەی بۆ سعودیە، قەتەر و ئیمارات، لە ریاز لەبارەی دۆخەکە قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد. 
 
فیدان هۆشداری دا لەوەی کە ئارامیی وڵاتانی کەنداو بەرامبەر هێرشەکانی ئێران لە لێواری تەواوبووندایە و ئەو وڵاتانە گەیشتوونەتە قۆناخی "گرتنەبەری رێوشوێنی وەڵامدانەوە."
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی: "وڵاتانی کەنداو هەر لە سەرەتاوە رایانگەیاند رێگە نادەن ئاسمانیان و بنکەکانی سەر خاکیان بەرامبەر ئێران بەکاربهێندرێن. بەڵام هێرشە بە مەبەستەکانی ئێران بۆ سەر ژێرخانی مەدەنی و ئامانجە ئابوورییەکان مەترسییەکەی زیادکردووە. وڵاتانی کەنداو دەڵێن، ئەگەر دۆخی ئێستا بەردەوام بێت، ناچار دەبن رێوشوێنی وەڵامدانەوە بگرنەبەر." 
 
هاکان فیدان باسی لەوە کرد کە بۆچوونی گشتی لە ناوچەکەدا ئەوەیە شەڕ چەند هەفتەیەکی دیکە بەردەوام دەبێت و رایگەیاند، ئیسرائیل رێگری سەرەکییە لە بەردەم ئاشتیدا. 
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتیشی: "لە وڵاتانی کەنداو، هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە دەکرێ کە لەوانەیە شەڕ دوو بۆ سێ هەفتەی دیکە بەردەوام بێت. ئەوەی لێرەدا یەکلاییکەرەوەیە، هەڵوێستی ئەمریکایە. ئیسرائیل دەیەوێ رێگری لە ئاگربەست یان گەیشتن بە ئاشتی لە ماوەیەکی کورتدا بکات. ئیسرائیل ئاشتی ناوێ و وا دەردەکەوێ کە تاوەکو ئەو ئامانجە سەربازی و پیشەسازییەی بۆی گرنگە بەدەستی نەهێنێت، ناوەستێت." 
 
هاکان فیدان پێشبینی کرد کە دوای شەڕ گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە ستراتیژیی بەرگریی وڵاتانی ناوچەکەدا رووبدات و گوتی: "لە کەنداو رەنگە زۆر شت بگۆڕدرێ. وڵاتان رەنگە هەوڵی نوێ لە بواری پیشەسازیی بەرگریدا بدەن." 
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی دۆخی موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران ئێران گوتی: "ئەوەی دەیزانین ئەوەیە کە لە ژیاندایە و کارەکانی دەکات. پێموایە بۆشایی نێو دەسەڵات بە رێژەیەکی زۆر لەلایەن سوپای پاسدارانەوە پڕکراوەتەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە