رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
دیمەنی پاشماوەی دوای هێرشە مووشەکییەکەی شەوی رابردووی ئێران بۆ سەر شاری دیمۆنای ئیسرائیل
رووداو دیجیتاڵ
دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە قودس- ئورشەلیم بیسترا و زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدرا، ئەوەش دوای ئەوەی سوپای ئیسرائیل هۆشداری دا لە هەڵدانی شەپۆلێکی نوێی مووشەک لە ئێرانەوە.
بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، 22ـی ئاداری 2026، هاووڵاتییان لە قودس- ئورشەلیمەوە دەڵێن، دەنگی چەندین تەقینەوەیان بیستووە و سوپاش چەندین هۆشداری بڵاوکردووەتەوە کە تێیاندا هاتووە "مووشەک لە ئێرانەوە بەرەو خاکی دەوڵەتی ئیسرائیل هەڵدراون."
تیمی فریاگوزاری رایگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ راپۆرتێکیان لەبارەی هەبوونی قوربانی لە قودس- ئورشەلیم بەدەست نەگەیشتووە.
لەلایەکی دیکەوە سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد کە تیمەکانیان چوونەتە ئەو شوێنانەی مووشەکیان لە نێوەڕاستی ئیسرائیل لێ کەوتووەتە خوارەوە.
ئەم هێرشە نوێیە لە کاتێکدایە، ئێوارەی رۆژی شەممە، ئێران بە مووشەک هێرشی کردە سەر دوو شارۆچکە لە باشووری ئیسرائیل. ناوەندی پزیشکیی سۆرۆکا رایگەیاند، 175 کەسیان بۆ چووە کە بریندار بوون یان تووشی شۆک بوون، لەو ژمارەیەش 10یان باری تەندروستییان سەختە.
تەقینەوەکانی رۆژی شەممە لە شارۆچکەکانی دیمۆنا و عەراد زیانی زۆریان بە باڵەخانە نیشتەجێبووەکان گەیاندووە و چاڵیان لە زەویدا دروست کردووە.
میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاند، هێرشکردنە سەر دیمۆنا -کە بنکەیەکی ئەتۆمیی لێیە- وەک وەڵامێک بووە بۆ هێرشەکەی پێشووی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوەی ئەتۆمیی نەتەنز لەنێو خاکی ئێران.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە کە دەستی بە لێکۆڵینەوەیەکی ورد کردووە تاوەکو بزانێت بۆچی سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی نەیانتوانیوە رێگری لەو مووشەکانە بکەن و پێش گەیشتنیان بە ئامانج، تێکیان بشکێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ