رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری ئێران لە رێکخراوی نێودەوڵەتیی کەشتیوانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێ، تەنگەی هورمز بەڕووی هەموو جۆرە جووڵەیەکی کەشتیدا کراوەیە، تەنیا ئەو کەشتییانە نەبێت کە پەیوەندییان بە "دووژمنانی ئێران"ەوە هەیە.
ئەم لێدوانەی تاران دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، 48 کاژێری دایە ئێران و هەڕەشەی کرد، ئەگەر لەو ماوەیەدا ئەو رێڕەوە ئاوییە ستراتیژییە "بە تەواوی" نەکرێتەوە، ئەوا وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای ئێران دەکاتە ئامانج.
عەلی موسەوی، نوێنەری ئێران لەو رێکخراوە نێودەوڵەتییە، ئاماژەی بەوە کرد کە تاران ئامادەیە لەگەڵ رێکخراوی نێودەوڵەتیی کەشتیوانی هاوکاری بکات بۆ باشترکردنی ئاسایشی دەریاوانی و پاراستنی گیانی دەریاوانان لە کەنداو، بەڵام جەختی کردەوە کە ئەو کەشتییانەی پەیوەندییان بە "دووژمنانی ئێران"ەوە نییە، دەتوانن تێپەڕ بن، بەو مەرجەی "بۆ رێکارە ئەمنی و سەلامەتییەکان هاوئاهەنگی لەگەڵ تاران بکەن."
بەهۆی جەنگی ئێستای نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران، هاتووچۆی زۆربەی کەشتییەکان لەو رێڕەوە ئاوییەدا پەکیکەوتووە، کە پێنج یەکی نەوت و گازی شلی جیهانی لێوە تێپەڕ دەبێت.
عەلی موسەوی گوتیشی: "دیپلۆماسی لە کارە لەپێشینەکانی ئێرانە، بەڵام راگرتنی دەستدرێژییەکان و دروستبوونی متمانەی دوولایەنە گرنگترن."
ئەو بەرپرسەی ئێران هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی بۆ سەر وڵاتەکەی بە "هۆکاری سەرەکیی دۆخی ئێستای تەنگەی هورمز" ناوبرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ