رووداو دیجیتاڵ
بەسام کوردی، خاوەنی وەشانخانەی (ناوەندی رۆشنبیری بۆ کتێب) لە بەیرووت دەڵێ، هێشتا لە شۆکێکی گەورەدایە، دوای ئەوەی ئیسرائیل کۆگای کتێب و ناوەندی سەرەکی وەشانخانەکەی لە ناوچەی حارە حەریک لە باشووری بەیرووت بۆردوومان کرد.
لە ئەنجامی بۆردوومانەکە، تەلارە 14 نهۆمییەکەی وەشانخانەکە بە تەواوی رووخا و سەتان کتێب کەوتنە ژێر داروپەردووی باڵەخانە بۆردوومانکراوەکە.
بەسام کوردی دەڵێ، کۆگاکەی ژێر زەوی بە رێکوپێکی دروستکردبوو، بەڵام کاتێک باڵەخانەکە رووخا، ئاو هەموو کتێبەکانی لەنێوبرد.
بنکەی سەرەکی وەشانخانەکە لە مەغریبە، بەڵام لە بەیرووتیش لقێکی سەرەکی هەیە. بەسام کوردی دەڵێت: "هەموو سەرمایەی خۆم لە بەیرووت دانا، رەنجی 50 ساڵ کارکردنم لە جیهانی چاپ و بڵاوکردنەوەدا لەوێ بوو، بەڵام ئێستا هەموو شتێکم لەدەست دا."
بەسام کوردی بۆ 38 ساڵ بەڕێوەبەری گشتی (ناوەندی رۆشنبیری عەرەبی) بوو لە مەغریب و لوبنان، پێش ئەوەی لە بەیرووت سەرپەرشتی ئەو وەشانخانەیە بکات.
ئەو هاونیشتمانییە باس لەوە دەکات، هێشتا ناتوانێت بە وردی قەبارەی زیانەکان بخەمڵێنێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە لە 2,000,000 دۆلار زیاترە.
ئەحمەد مەدینیی نووسەری لە نووسینێکدا بەناوی (کارەکتەرانی رۆمانەکەم شەهیدانی بۆردوومانەکەی ئیسرائیلن) سەرکۆنەی ئەو بۆردوومانەی کرد و نووسی: "دەنگی هاواری وشە کوژراوەکان دەبیستم کە پارچە پارچە بوون. بەڵام دڵنیام بە ویستی نووسەر و هاوسۆزیی خوێنەران، جارێکی دیکە دەست پێدەکەینەوە."
بۆردوومانەکە رۆژی 16ی ئەم مانگە بووە.
جەنگی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لە 2ی ئەم مانگەوە ەستی پێکرد، دوای ئەوەی گرووپە چەکدارە لوبنانییەکە بە مووشەک هێرشی کردە سەر باکووری ئیسرائیل.
ئیسرائیلیش بە هێرشی ئاسمانی و تۆپباران وەڵامی دایەوە و سوپای ئیسرائیل دەڵێ، ئەو شوێنانە دەکاتە ئامانج کە حیزبوڵڵا بۆ مەبەستی سەربازی یان دارایی بەکاریان دەهێنێت.
بەڵام ئیسرائیلی رەخنەی تووندیشی لێ دەگیرێ لە بەرامبەر ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی کە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە هەزار کەس و ئاوارەبوونی زیاتر لە 1 ملیۆن کەسی دیکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ