رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتێکی نوێ باس لەوە دەکات، گرووپێکی هاککەرانی ئێرانی سەر بە وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئەو وڵاتە لە رێگەی بەکارهێنانی بەرنامەیەکی کۆنترۆڵکردنی لە دوورەوەی کۆمپیوتەر، سیخوڕی بەسەر هاووڵاتییانی عێراق و چەندین وڵاتی دیکەی ناوچەکەوە کردووە.
کۆمپانیای Group-IB، تایبەتە بە دابینکردنی ئاسایشی ئینتەرنێت و پێگەی سەرەکی لە سەنگاپوورە، لە لێکۆڵینەوەیەکدا ئاشکرایکردووە، گرووپی MuddyWater بە بەکارهێنانی بەرنامەی SimpleHelp لە حوزەیرانی ساڵی رابردوودا سیخوڕی بەسەر چەندین کەس لە عێراق، تورکیا، پاکستان، ئیمارات، ئیسرائیل، سعودیە، ئوردن، ئەمریکا، ئازەربایجان و ئەفغانستانەوە کردووە.
SimpleHelp لە بنەڕەتدا بەرنامەیەکی یاساییە بۆ کاری رۆژانە سوودی لێ دەبینرێت، کە دەتوانرێت لە رێگەیەوە لە دوورەوە کۆمپیوتەر و ئامێرەکانی دیکە کۆنترۆڵ بکرێت.
بۆ ئەوەی بتوانرێت کار بە بەرنامەکە بکرێت، پێویستە بەرنامەکە لەسەر ئامێری هاککەرەکە و ئامێری هاککراو دابەزی بێت.
راپۆرتەکە باس لەوە دەکات، روون نییە گرووپە هاککەرە ئێرانییەکە بە چ تەکنیکێک بەرنامەکەیان لەسەر کۆمپیوتەرەکانی کەسانی هاککراو دامەزراندووە، بەڵام گرووپەکە بەوە ناسراوە کە لینکی ڤایرۆس لە رێگەی نامە و ئیمەیڵەوە بۆ کەسانی مەبەست دەنێرێت؛ لەگەڵ کردنەوەشیان ڤایرۆسەکە بەرنامەکە لەسەر کۆمپیوتەرەکەی دادەبەزێنێت، بێ ئەوەی هاککراو هەستی پێ بکات، لەو رێگەیشەوە، هاککەرەکان دەتوانن بچنە نێو فایل و بەرنامەکانی دیکەی سەر کۆمپیوتەرەکە.
ئەمە لە کاتێکدایە لە کانوونی دووەم، کۆمپانیای ESETـی سلۆڤاکیش لە راپۆرتێکیدا ئاشکرایکرد، گرووپە هاککەرە ئێرانییەکە بە بەکارهێنانی هەمان بەرنامە، هێرشی ئەلیکترۆنی کردووەتە سەر میسر و سعودیە.
MuddyWater لانیکەم لە ساڵی 2017ـەوە چالاکە و بە چەندین ناوی دیکە دەناسرێت، لەوانەش: EMP.Zagros، Seedworm، Static Kitten، SectorD02، TA450 ،Boggy Serpens و Mercury.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ