رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) سەبارەت بە رووداوەکانی سوەیدا رایگەیاند، "زیادبوونی بێوێنەی گرژییەکان هەڕەشە لە وڵات دەکات کە بکەوێتە ناو قەیرانی قووڵترەوە و ئاماژەیە روودانی تەقینەوەیەکی نێوخۆیی تائیفی یان هەرێمی."
ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) گوتی، "پێویستە دەستبەجێ هەموو ئۆپەراسیۆنە دوژمنکارییەکان رابگیرێن."
لە 13ی تەمووزدا لە سوەیدا، لەنێوان عەرەبە بەدەوییەکان و هەندێک گرووپی دروزیدا پێکدادانی چەکداری روویدا و هێزە ئەمنییەکانی دیمەشقیش بەشداریی شەڕەکەیان کرد.
ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) لەسەر ئەم رووداوانەی سوەیدا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و داوای راگرتنی هێرشەکانی کرد و رایگەیاند، "ئەوەی ئەمڕۆ لە سوەیدا روودەدات تەنیا رووداوێک نییە، بەڵکو نیشانەیەکی راستەوخۆی داڕمانی گشتیی ژێرخانی سیاسی و دامەزراوەیی وڵاتە."
بەیانیی ئەمڕۆ، بەسـام ئیسحاق، ئەندامی نوێنەرایەتیی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) لە واشنتن و سەرۆکی ئەنجوومەنی سریانیی سووریا بە رووداوی راگەیاند، دۆخی سوەیدا کاریگەری لەسەر هەموو سووریا دەبێت.
لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات، بەسـام ئیسحاق جەختی لەوە کردەوە، رەفتارەکانی دیمەشق لە سوەیدا و کۆمەڵکوژییەکانی کەناراوەکان، متمانەی پێکهاتەکانی، بەتایبەتی درووزەکانی بە حکومەت لاواز کردووە.
ئیسحاق ئاماژەی بەوە کرد، کە رەفتارەکانی حکومەتی نوێ لە سوەیدا و هەوڵەکانی بۆ سەپاندنی دەسەڵاتێکی تەواو، کێشەی گەورەی دروستکردووە. ئەو گوتی: "رەفتارەکانی دیمەشق هەستی متمانە لای درووزەکان لاواز دەکات. چارەسەر لە سوەیدا بە بەکارهێنانی هێز ناکرێت؛ پێویستی بە دیالۆگ بوو."
لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات، بەسـام ئیسحاق جەختی لەوە کردەوە، رەفتارەکانی دیمەشق لە سوەیدا و کۆمەڵکوژییەکانی کەناراوەکان، متمانەی پێکهاتەکانی، بەتایبەتی درووزەکانی بە حکومەت لاواز کردووە.
ئیسحاق ئاماژەی بەوە کرد، کە رەفتارەکانی حکومەتی نوێ لە سوەیدا و هەوڵەکانی بۆ سەپاندنی دەسەڵاتێکی تەواو، کێشەی گەورەی دروستکردووە. ئەو گوتی: "رەفتارەکانی دیمەشق هەستی متمانە لای درووزەکان لاواز دەکات. چارەسەر لە سوەیدا بە بەکارهێنانی هێز ناکرێت؛ پێویستی بە دیالۆگ بوو."
دەقی راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات:
ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات بە نیگەرانییەکی قووڵ و بایەخەوە چاودێریی پێشهاتە ئەمنییە مەترسیدارەکان، پێکدادانە چەکدارییەکان و کردەوە تووندوتیژییەکانی دژی هاووڵاتییانی مەدەنی لە پارێزگای سوەیدا دەکات.
ئەمەش لە چوارچێوەی زیادبوونێکی بێوێنەدایە کە هەڕەشە لە وڵات دەکات بکەوێتە ناو قەیرانی قووڵترەوە و ئاماژەیە بۆ هۆشداری لە تەقینەوەیەکی نێوخۆیی تائیفی یان هەرێمی، بەهۆی بەردەوامیی چەقبەستوویی دۆخی سیاسی و نەبوونی دەوڵەتێکی نیشتمانیی یەکگرتوو.
ئەوەی ئەمڕۆ لە سوەیدا روودەدات، تەنیا رووداوێک نییە، بەڵکو نیشانەیەکی راستەوخۆی داڕمانی گشتیی ژێرخانی سیاسی و دامەزراوەیی وڵاتە.
ئەمە دەرەنجامی دەیان ساڵ لە دوورخستنەوە، ستەمکاری و پشتگوێخستنی پێکهاتە نەتەوەییەکانە، هەروەها پابەندنەبوونی دەسەڵاتدارانی ناوەندییە لە جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتییەکانیان بۆ بەڕێوەبردنی فرەیی و مسۆگەرکردنی ئاشتیی مەدەنی.
ئەنجوومەنی سوریای دیموکرات جەخت دەکاتەوە کە ئەم پێشهاتە مەترسیدارانە راستەوخۆ هەڕەشە لە بنەمای یەکێتی و یەکپارچەیی خاکی سووریا دەکەن و بنەمای یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی و مافی هاووڵاتییانی سووریا بۆ ئاسایش و ژیانێکی شکۆمەندانە تێکدەدەن.
هەروەها ئەمە نیشانەی لاوازیی دۆخی ئێستا و پێویستیی بەپەلەی گەڕانە بەدوای چارەسەری سیاسیی هەمیشەیی کە هۆکارەکانی ململانێ کۆتایی پێ بهێنێت و رێگری لە دووبارەبوونەوەی رووداوە ئەمنییەکان لە ناوچەکانی دیکەی وڵاتدا بکات.
لەسەر ئەم بنەمایە و بۆ جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و ئەخلاقیمان، ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات جەخت لەمانەی خوارەوە دەکاتەوە:
یەکەم:
ئێمە هەموو شێوازەکانی تووندوتیژی، پێکدادانی چەکداری و پشێویی ئەمنی کە هەڕەشە لە ئاشتیی ناوخۆیی لە سوەیدا و ناوچەکانی دیکەی سووریا دەکەن، شەرمەزار دەکەین. ئێمە جەخت دەکەینەوە کە پێویستە دەستبەجێ هەموو ئۆپەراسیۆنە دوژمنکارییەکان رابگیرێن، سەرچاوەکەیان هەرچییەک بێت، و لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ و شەفاف لەسەر رووداوە بەردەوامەکان دەست پێ بکرێت بۆ دڵنیابوون لە لێپرسینەوە لەو کەسانەی بەرپرسیارن لە پێشێلکارییەکان بەبێ جیاکاری و لایەنگری.
دووەم:
ئێمە بەپەلە بانگەوازی دەستپێکردنی دیالۆگێکی نیشتمانیی فراوان دەکەین کە بە کۆنفرانسێکی نیشتمانیی گشتگیر کۆتایی بێت و هەموو هێزە نیشتمانییە دیموکراتەکان تێیدا بەشدار بن. ئامانجی ئەم کۆنفرانسە داڕشتنی پڕۆژەیەکی سیاسیی نوێیە بۆ سووریا لەسەر بنەمای دادپەروەریی گواستنەوە، کۆتاییهێنان بە ستەمکاری و پەسەندکردنی سیستمێکی دیموکراتیی لامەرکەزی و فرەیی کە بەشداریی کارای هەموو پێکهاتەکانی گەلی سووریا بەبێ جیاوازی مسۆگەر بکات.
سێیەم:
ئێمە هۆشداری دەدەین لە مەترسییەکانی خزانە ناو ململانێی ناوخۆییی تایفی، ناوچەیی، یان نێوخۆیی، بەهۆی ئەو هەڕەشانەی کە بۆ سەر بوونی دەوڵەتی سووریا و کۆمەڵگە فرەڕەنگەکەی دروستی دەکەن و ئەو کاریگەرییە وێرانکەرانەی کە لەسەر داهاتووی پێکەوەژیان و ئاشتیی کۆمەڵایەتی دروستی دەکەن.
چوارەم:
ئێمە داوای راگرتنی هەموو شێوازەکانی گوتاری رق و کینە و هاندانی میدیایی و سیاسی دەکەین، بەهۆی رۆڵی مەترسیداریان لە هاندانی ململانێ و قووڵکردنەوەی دابەشبوونەکان، و هەڕەشە راستەوخۆکانیان بۆ سەر ئاشتیی ناوخۆیی و پێکەوەژیان. ئێمە جەخت دەکەینەوە کە بنیاتنانی متمانەی نیشتمانی بە گوتار و سەکۆی بەرپرسیارانە دەستپێدەکات، هەروەها رێزگرتن لە فرەیی و جیاوازی، دوور لە هاندان یان تۆمەتبارکردن بە ناپاکی.
پێنجەم:
ئێمە هەموو لایەنە سیاسی و سەربازییەکان، چ ناوخۆیی، هەرێمی یان نێودەوڵەتی، بە بەرپرسیار دەزانین لە بەرامبەر بەرپرسیارێتییە یاسایی، سیاسی و ئەخلاقییەکانیان سەبارەت بە دۆخی بەردەوام. ئێمە بانگەواز دەکەین کە رێز لە بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی بگیرێت و خۆیان لە هەر رۆڵ و دەستوەردانێک بەدوور بگرن کە دەبێتە هۆی قووڵکردنەوەی ململانێکان یان بەکارهێنانیان بۆ ئەجێندای بەرتەسک.
شەشەم:
جەختکردنەوەی هۆشیارانەمان، هەر چارەسەرێکی سیاسی لە سووریادا دەبێت بە تەواوی سووری، گشتگیر و نیشتمانی بێت، لەسەر بنەمای دیالۆگ، رێککەوتن و دانپێدانانی هاوبەش، نەک لەسەر بنەمای تووندوتیژی، دوورخستنەوە، یان پشت بەستن بە کاریگەریی دەرەکی. دەبێت ئەمە بنیاتنانی دەوڵەتێکی دیموکراتی و مەدەنی مسۆگەر بکات، کە لەسەر بنەمای پرەنسیپی هاووڵاتیبوونی یەکسان، سەروەریی یاسا و رێزگرتن لە فرەیی نەتەوەیی، کولتووری و ئایینی دامەزراوە.
لە کۆتاییدا:
لەم ساتە هەستیارەدا، بانگەوازەکەمان بۆ هەموو هێزە نیشتمانییەکان نوێ دەکەینەوە کە بەرپرسیارێتییەکانیان لە بنیاتنانەوەی متمانە و ئاشتیی مەدەنیدا لە ئەستۆ بگرن. ئێمە بانگەواز دەکەین کە دەنگی عەقڵ زاڵ بێت، بۆ کۆتاییهێنان بە هاندان و دابەشبوون و بۆ کارکردنی هاوبەش بەرەو پڕۆژەیەکی نیشتمانیی گشتگیر و دیموکراتی کە سوریای لە توونێلی شەڕ و وێرانکاری دەربهێنێت و ئاسۆی نوێی ئازادی، دادپەروەری و سەقامگیری بۆ گەلەکەی بکاتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ