رووداو دیجیتاڵ
نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، زیاتر لە 1000 کەس لە غەززە لە کاتی چاوەڕێکردن بۆ وەرگرتنی یارمەتییە مرۆییەکان لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کوژراون.
تەمین خیتان، گوتەبێژی نووسینگە مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانی رۆژی سێشەممە بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند: "تاوەکو 21ی تەممووز، هەزار و 54 کەس لە غەززە لە کاتی هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی خۆراک کوژراون."
ئیسرائیل رێگە بە نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە سەربەخۆکان نادات یارمەتییە مرۆییەکان لە نێو غەززەدا دابەش بکەن و تەنیا رێگە بە رێکخراوێک بە ناوی "دامەزراوەی مرۆیی غەززە" دەدات ئەو کارە بکات.
رێکخراوەکە تەنیا چوار خاڵی دابەشکردنی خۆراک و یارمەتییەکانی لە سەرانسەری کەرتی غەززە هەیە کە لە ژێر چاودێریی ئەمنیی تووندی ئیسرائیل و کۆمپانیای بەڵێندەرایەتیی سەربازیی ئەمریکیدان.
نەتەوە یەکگرتووەکان، رێکخراوە مرۆییەکان و خەڵکی غەززە ئەو خاڵانە بە تەڵەی مەرگ ناودەبەن و دەڵێن، سوپای ئیسرائیل تەقە لەو خەڵکە دەکات کە بۆ یارمەتییەکان کۆدەبنەوە.
گوتەبێژی نووسینگەی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، 766 کەس لەنێو خاڵەکانی سەر بە رێکخراوە ئیسرائیلی ئەمریکییەکە تەقەیان لێکراوە و کوژراون و 288ـی دیکەش لە دەوروبەری ئەو خاڵانە.
تەمین خیتان جەخت دەکاتەوە کە ئەوانە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ