نەخۆشخانەیەکی غەززە: لە سێ رۆژدا 21 منداڵ بەهۆی برسێتی گیانیان لەدەستداوە

22-07-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گەورەترین نەخۆشخانەی غەززە رایدەگەیێنێت، لە سێ رۆژی رابردوودا 21 منداڵ بەهۆی بەدخۆراکی و برسێتییەوە گیانیان لەدەستداوە، ئەوەش لەکاتێکدایە، هێرشەکانی ئیسرائیل  بۆ سەر کەرتی غەززە بەردەوامن.
 
دانیشتووانی غەززە کە ژمارەیان زیاتر لە دوو ملیۆن کەسە، رووبەڕووی کەمیی خۆراک و پێداویستییە سەرەکییەکانی دیکە بوونەتەوە، هەندێکجاریش دانیشتووانەکەی لەکاتی هەوڵدان بۆ وەرگرتنی خۆراک بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل دەکوژرێن. 
 
محەممەد ئەبو سەلمیە، بەڕێوەبەری کۆمەڵگەی پزیشکیی شیفا لە غەززە، بە رۆژنامەڤانانی گوت، "لە سێ رۆژی رابردوودا 21 منداڵ لە ناوچە جیاجیاکانی کەرتی غەززەدا بەهۆی بەدخۆراکی و برسێتییەوە گیانیان لەدەستداوە."
 
ئەبو سەلمیە ئاماژەی بەوەش کرد، حاڵەتی نوێی بەدخۆراکی و برسێتی "بەردەوام" دەگەنە ئەو نەخۆشخانانەی غەززە کە هێشتا کار دەکەن.
 
بەڕێوەبەری کۆمەڵگەی پزیشکی شیفا هەروەها گوتی، "ئێمە بەرەو ژمارەیەکی مەترسیداری گیانلەدەستدان دەڕۆین بەهۆی ئەو برسێتییەی کە بەسەر خەڵکی غەززەدا سەپێنراوە."
 
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، رۆژی سێشەممە لە گوتارێکیدا غەززەی بە "شانۆیەکی ترسناک" ناوبرد، کە "ئاستێکی کوشتن و وێرانکاریی تێدایە لەم دواییانەدا وێنەی نەبووە."
 
دوای ئەوەی گفتوگۆکان بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەستێکی 6 هەفتەیی شکستیان هێنا، ئیسرائیل لە 2ـی ئاداری ئەمساڵدا گەمارۆیەکی تەواوەتی بەسەر غەززەدا سەپاند و رێگەی بە هیچ شتێک نەدا بچێتە نێو کەرتەکە، تاوەکو لە کۆتایی مانگی ئایاردا جارێکی دیکە رێگە بە چوونەژوورەوەی بارهەڵگرەکان بە شێوەیەکی زۆر کەم درا.
 
بەڵام، ئەو پێداویستییانەی کە لە ماوەی ئاگربەستەکەدا کۆکرابوونەوە، وردە وردە کەمیان کردووە و دانیشتووانی کەرتەکەیان رووبەڕووی کەمیی پێداویستی کردووەتەوە. 
 
نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ رایگەیاند، هێزەکانی ئیسرائیل زیاتر لە هەزار فەلەستینییان کوشتووە کە هەوڵیانداوە خۆراک لە غەززە بەدەستبهێنن، ئەمەش لەو کاتەوەی کە "دەزگای مرۆیی غەززە" (GHF) کە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە پشتیوانی دەکرێت، دەستی بە کارەکانی کردووە.
 
تەمین ئەلخیتان، گوتەبێژی نووسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، "تاوەکو رۆژی 21ـی تەممووز، کوژرانی 1054 کەسمان لە غەززە تۆمار کردووە لە کاتێکدا هەوڵیانداوە خۆراک بەدەستبهێنن؛ 766 کەسیان لە نزیک ناوچەکانی GHF و 288 کەسی دیکەش لە نزیک کاروانی هاوکارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە مرۆییەکانی دیکە کوژراون."
 
نوێترین هێرشەکان 
 
دەزگای بەرگریی شارستانیی غەززە رایگەیاند، هێرشەکانی ئیسرائیل بوونەتە هۆی کوژرانی 15 کەس، ئەوەش دوای ئەوەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر دامەزراوەکانی.
 
مەحمود بەسسال، گوتەبێژی دەزگاکە گوتی، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەمپی شاتی لە رۆژئاوای شاری غەززە، بووەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 13 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 50 کەسی دیکە.
 
زۆربەی دانیشتووانی غەززە لە ماوەی جەنگەکەدا لانیکەم یەکجار ئاوارە بوون. کەمپی شاتی، لەسەر کەناری دەریای ناوەڕاست، هەزاران کەسی ئاوارەبووی باکووری لەخۆگرتووە کە لە خێمە و پەناگەی کاتیدا دەژین.
 
هێزەکانی ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی زەوینییان لە دێر بەلەح فراوانتر کردووە، ئەوەش دوای بۆردوومانێکی چڕی ناوچەکە لە ناوەڕاستی غەززە لە رۆژی دووشەممە.
 
گوتەبێژی بەرگریی شارستانی غەززە دەڵێت، دوو کەس لە دێر بەلەح کوژراون.
 
سوپای ئیسرائیلیش رایگەیاند، "لە ناوچەی دێر بەلەحەوە تەقەیان کراوە، ئەوانیش وەڵامی تەقەکانیان داوەتەوە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە