رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
ژمارەیەک لە خەڵکی غەززە بۆ دەستکەوتنی بڕێک هاوکاریی مرۆیی لە ناوچەیەک کۆبوونەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی رۆژی هەینی نەتەوە یەکگرتووەکان بە فەرمی قاتوقڕی لە کەرتی غەززە راگەیاند، بزووتنەوەی حەماس داوای کردنەوەی دەروازەکان، هەنگاوی خێرا بۆ راگرتنی جەنگەکە و مسۆگەرکردنی گەیشتنی هاوکارییە مرۆییە بەپەلەکان بۆ ناوچە فەلەستینییەکە دەکات.
لە راگەیێندراوێکی بزووتنەوەکەدا هاتووە، ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی برسێتی لە غەززە رایگەیاندووە، "پەڵەیەکی شەرمەزارییە" بە نێوچەوانی ئیسرائیل و پشتیوانەکانیەوە، بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگری نێودەوڵەتییە لەسەر ئەو تاوانەی ئیسرائیل بەرامبەر زیاتر لە دوو ملیۆن مرۆڤی گەمارۆدراو دەیکات.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەمە دووپاتکردنەوەی قەبارەی ئەو کارەساتە مرۆییەیە کە خەڵکی غەززە بەهۆی دەستدرێژیی بەردەوامی ئیسرائیلەوە تووشی بوون؛ باس لەوەش دەکات، ئیسرائیل سیاسەتی برسیکردن وەکو یەکێک لە ئامرازەکانی جەنگ و جینۆساید دژی خەڵکی سڤیل بەکاردەهێنێت.
حەماس لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە، "ئێمە لە بزووتنەوەی حەماس جەخت لە گرنگیی ئەم راگەیاندنەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەینەوە، سەرەڕای ئەوەی زۆر درەنگ هات، دوای چەندین مانگی درێژ لە ئاگادارکردنەوە و ئەو ئازارەی گەلەکەمان لەژێر گەمارۆ و برسیکردنی سیستماتیکدا چەشتی."
بزووتنەوەکە باس لەوە دەکات، نکۆڵیکردنی ئیسرائیل لەو دۆخە و بانگەشە نادروستەکانی سەبارەت بە نەبوونی برسێتی لە غەززە، "عەقڵییەتێکی تاوانکارانە ئاشکرا دەکات کە بە ئەنقەست درۆ دەکات بۆ داپۆشینی تاوانی کوشتن لە رێگەی برسیکردنەوە، کە بەرامبەر منداڵان، ژنان و نەخۆشەکان دەیکات."
حەماس هانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە هەموو دامەزراوەکانیەوە دەدات، بەرپرسیارێتیی یاسایی و ئەخلاقیی بەپەلە لەئەستۆ بگرن بۆ راگرتنی، "تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی و رزگارکردنی زیاتر لە دوو ملیۆن مرۆڤ کە رووبەڕووی جینۆساید، برسیکردن و تێکدانی سیستماتیکی هەموو پێداویستییەکانی ژیان بوونەتەوە."
بزووتنەوەکە داوای "هەنگاوی دەستبەجێی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ راگرتنی شەڕ و هەڵگرتنی گەمارۆ" و "کردنەوەی دەروازەکان بەبێ هیچ کۆتوبەندێک بۆ گەیاندنی بەپەلەی خۆراک، دەرمان، ئاو و سووتەمەنی" دەکات.
بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی غەززە، هێرشەکانی ئیسرائیل لە سەرەتای جەنگەوە لە کەرتی غەززە بوونەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 62 هەزار و 192 کەس کە بە گوێرەی تەندروستیی غەززە، زۆربەیان ژن و منداڵ بوون.
راگەیاندنی قاتوقڕی لە غەززە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە واتای چییە؟
راگەیاندنی قاتوقڕی لە شاری غەززە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە تەنیا ناونانی دۆخەکە نییە، بەڵکو لێکەوتەی یاسایی، سیاسی و مرۆیی گەورەی هەیە.
دانپێدانانی فەرمی بە برسێتییەکی کارەساتبار
دەزگای پۆلێنکردنی قۆناخەکانی ئاسایشی خۆراک (IPC) کە دەزگایەکی دانپێدانراوی جیهانییە و نەتەوە یەکگرتووەکان پشتیوانی دەکات، دووپاتی کردەوە کە دۆخی غەززە گەیشتووەتە پێوەرە تووندەکانی برسێتی و ئێستا لە قۆناخی پێنجەمیدایە. واتە، بە گوێرەی ئەو پێوەر و پۆلێنکردنە:
- لانیکەم 20%ی خێزانەکان ئاسایشی خۆراکیان بە سەختی تێکچووە و لە لێواری مردندان، ئەمەش بە واتەی ئەوە دێت:
+ خێزانەکان رێگەیەکیان نەماوە بەکاریبێنن بۆ رزگاربوون لە برسێتی
+ هیچ خۆراکیان نەماوە
+ پارەی کڕینی خۆراکیان نییە
+ دەستیان بە یارمەتیی مرۆیی ناگات
+ چەندین رۆژ لەسەر یەک، هیچ شتێکیان نییە بیخۆن
+ گەڵای دار و گیا و خواردنی ئاژەڵ و ناسەلامەت دەخۆن
+ هەرچی هەیانە بۆ دەستکەوتنی ژەمێک دەیفرۆشن.
- زیاتر لە 30%ی منداڵانی خوار تەمەنی پێنج ساڵ بەدەست بەدخۆراکیی تووندەوە دەناڵێنن.
- لە رۆژێکدا زیاتر لە دوو کەس لە هەر 10 هەزار کەس دەمرن، بەهۆی برسێتی یان نەخۆشییەکانی پەیوەست بە بەدخۆراکییەوە.
قەبارە و بەرفراوانبوونی قەیرانەکە:
- ئێستا نزیکەی 514 هەزار کەس - کە دەکاتە نزیکەی چارەکێکی دانیشتووانی غەززە - رووبەڕووی برسێتیی "کارەساتبار" بوونەتەوە.
- پێشبینییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم ژمارەیە تاوەکو کۆتایی مانگی ئەیلوول بۆ 641 هەزار کەس بەرزببێتەوە و لە شاری غەززەوە بۆ ناوچەکانی وەک دێر بەلەح و خان یوونس بڵاوببێتەوە.
کارەساتێکی دەستکردی مرۆڤە، نەوەک سرووشتی
نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە فریاگوزارییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە، ئەم برسێتییە بەهۆی کارەکانی ئیسرائیلەوە دروستبووە و بە تەواوی شیاوی رێگری لێکردن بوو. هۆکارەکانی بریتین لە:
- گەمارۆی درێژخایەنی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە کە گەیشتنی خۆراک، دەرمان، سووتەمەنی و پێداویستییەکانی سنووردار کردووە.
- داڕمانی کەرتی کشتوکاڵی نێوخۆیی، وێرانبوونی ژێرخان و تێکچوونی بازاڕەکان.
- رێگریکردن لە گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان کە بەهۆی کێشە لۆجستییەکان و پێکدادانەکانەوە ئاڵۆزتر بووە.
سەرکۆنەکردنی نێودەوڵەتی و لێکەوتە یاساییەکان
نەتەوە یەکگرتووەکان برسیکردنی خەڵکی غەززەی بە "تاوانی جەنگ" ناوبردووە و رایگەیاندووە: "دەبێت هەمووان بخاتە ژێر باری بەرپرسیارێتیی ویژدانییەوە،" هاوکات جەختی لە ئەرکەکانی ئیسرائیل کردووەتەوە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکان.
هەریەک لە دادگای نێودەوڵەتیی داد (ICJ) و دادگای نێودەوڵەتیی تاوان (ICC) ئاماژەیان بەوە کردووە کە بەکارهێنانی برسیکردن وەک چەک لەلایەن ئیسرائیلەوە، دەکرێت وەک تاوانێک هەژمار بکرێت کە شایستەی دادگاییکردن بێت.
منداڵان بە شێوەیەکی مەترسیدار تووشی بەدخۆراکی بوون، زۆریان هێندە لاوازن تەنانەت ناتوانن بگرین یان خواردن قووت بدەن؛ سیستمە تەندروستییەکانیش بە تەواوی لەکارکەوتوون.
گیانلەدەستدان بەهۆی برسێتی و نەخۆشییە پەیوەندیدارەکانەوە لە زیادبووندایە.
بێ ئاگربەست و گەیشتنی بێ کۆسپ و تەگەری هاوکارییە مرۆییەکان، دۆخەکە خراپتر دەبێت.
بۆچی ناونانی ئەم دۆخە کاریگەرە؟
راگەیاندنی قاتوقڕی بە فەرمی، زیاترە لەوەی تەنیا گۆڕینی وشە و ناوەکان بێت. راگەیاندنەکە دەبێتە هاندەر بۆ دەستپێکردنی کاری مرۆیی لەسەر ئاستی جیهان، دەرگای پاڵپشتیی دارایی دەکاتەوە، هەروەها گوشاری یاسایی و سیاسیی نێودەوڵەتی لەسەر ئیسرائیل زیاد دەکات.
پێشتر راگەیاندنی هاوشێوە لە قەیرانەکانی وەک سۆماڵ و باشووری سوودان بووە هۆی وەڵامدانەوەیەکی نێودەوڵەتیی رێکخراو و هاوئاهەنگ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ