نەتەوە یەکگرتووەکان بەرگری لە داتاکانی برسێتیی غەززە دەکات

22-08-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرگری لە باوەڕپێکراوبوونی ئەو داتایانە دەکەن کە ئاستی کارەساتباری برسێتی لە کەرتی غەززە نیشان دەدەن، ئەوەش دوای ئەوەی ئیسرائیل گومانی خستە سەر ئەو ژمارانە کە زۆربەیان لەلایەن ئاژانس و رێکخراوەکانی نێو کەرتەکەوە سەرچاوە دەگرن.
 
لە وەڵامی پرسیارێکی نامۆ عەبدوڵڵا، پەیامنێری رووداو دا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی لە نیویۆرک، رەین پۆڵسن، بەڕێوەبەری نووسینگەی فریاگوزاری لە رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان (فاو) جەختی کردەوە کە داتای تایبەت بە بەدخۆراکی و تێکچوونی ئاسایشی خۆراک لە غەززە، پشتیان بە سەرچاوەی هەمەجۆر و بەرفراوان بەستووە.
 
پۆڵسن گوتی، "چەندین سەرچاوەی جۆراوجۆری داتا بەکارهێندراون؛" ئاماژەی بەوەشکرد، زانیارییەکان لە رێگەی چاوپێکەوتن، هەڵسەنگاندنی مەیدانی بۆ پێوانەکردنی چێوەی بازووی ئەو منداڵانەی گومانی بەدخۆراکییان لێدەکرێ، هەروەها راپۆرتی رێکخراوەکانی دیکە کۆکراونەتەوە.
 
بەرپرسەکە هەروەها گوتی، "هەموو پرۆتۆکۆڵە ستانداردەکانی (IPC)ـمان پەیڕەو کردووە بۆ شیکارکردن " کە "پێوەری زێڕینە" بۆ دیاریکردنی تووندیی تێکچوونی ئاسایشی خۆراک لەسەر ئاستی جیهان. هاوکات ئاماژەی بە سیستمی پۆلێنکردنی قۆناخەکانی ئاسایشی خۆراکی یەکگرتوو (IPC) کرد کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پشتیوانی دەکرێت.
 
ئیسرائیل چەندین جار گومانی خستووەتە سەر ئەو ژمارانەی لە غەززەوە بڵاودەکرێنەوە و دەڵێت، زۆربەی زانیارییەکان لەژێر کاریگەریی حەماسدان.
 
بەڵام بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختیان کردەوە کە شیکارییەکانیان ورد و زانستین. سەمیر حەواری، جێگری رێکخەری کاروباری مرۆیی بۆ کاروباری فەلەستین رایگەیاند، یونیسێف و هاوبەشەکانی 117 بنکەی پشکنینی خۆراکیان لە سەرانسەری کەرتی غەززە هەیە.
 
حەواری بە رووداوی گوت: " مانگی تەممووز پشکنینمان بۆ 139 هەزار منداڵی خوار تەمەن پێنج ساڵ کرد لە کۆی 290 هەزار منداڵ. لەوەوە، لێرەوە ئەو داتایەمان دەستکەوتووە کە نیشانمان دەدات، مەزەندە دەکرێت 13 هەزار منداڵ تووشی بەدخۆراکی بووبن."
 
پۆڵسن بە رووداوی راگەیاند، راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان کە تێیدا بە فەرمی بڵاوبوونەوەی قاتوقڕی لە غەززە رادەگەیێنێ، بە دیاریکراوی داوا لە ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایش، بە ئەمریکاشەوە، ناکات هیچ هەنگاوێک بنێن. لەبری ئەوە، گوتی، راپۆرتەکە بە گشتی راسپاردە پێشکێش بە لایەنە سیاسییەکان و ئەوانەی لە غەززە کاردەکەن، دەکات.  
 
رۆژی پێنجشەممە، نەتەوە یەکگرتووەکان بە فەرمی قاتوقڕیی لە کەرتی غەززە راگەیاند، کە جەنگ و گەمارۆی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتەکە سەرچاوەکانی خۆراکی وێران کردووە و دانیشتووانەکەی گەیاندووەتە لێواری مەرگ بەهۆی برسێتییەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

حاجییان لە مزگەوتی حەرام بە دەوری کەعبەدا تەواف دەکەن. وێنە: Reuters

حەج و عومرەی سعودیە وێنەگرتن لە مزگەوتی حەرام و پێغەمبەر قەدەخە دەکات

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە وەرزی حەجی ساڵی داهاتوودا وێنەگرتن و تۆمارکردنی ڤیدیۆ لە هەردوو مزگەوتی پێغەمبەر (د.خ) لە مەدینە و مزگەوتی حەرام لە مەککە قەدەخە دەکرێت.