رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
دانیشتنی 22-09-2025ـی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک. وێنە: Reuters
رووداو دیجیتاڵ
کاتێک کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 1947دا بڕیاری دابەشکردنی خاکی فەلەستینی دەرکرد، هیچ دەنگێکی فەلەستینی لەنێو هۆڵی کۆبوونەوەکەدا ئامادە نەبوو بۆ بەرگریکردن لە مافەکانیان. بەڵام ئەمڕۆ، ئاڵای فەلەستین لە دەرەوەی بارەگای سەرەکی ئەو رێکخراوە لە نیویۆرک دەشەکێتەوە، کە بووەتە هێمایەکی زیندووی دەیان ساڵ لە خەباتی دیپلۆماسی و سیاسی بۆ بەدەستهێنانی دانپێدانانی نێودەوڵەتی.
سەرەتای بێدەنگی و دەرکەوتن
دوای دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل لە ساڵی 1948 و لێکەوتەکانی، پرسی فەلەستین بۆ چەندین ساڵ لە گۆڕەپانی سیاسەتی جیهانیدا بەشێوەیەکی پەراوێزخراو مایەوە. فەلەستینییەکان لە رێکخراوە جیهانییەکەدا نوێنەرایەتییەکی فەرمییان نەبوو. ئەم دۆخە لە ساڵی 1974دا گۆڕانکارییەکی مێژوویی بەخۆیەوە بینی، کاتێک کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە شێوەیەکی فەرمی بانگهێشتی رێکخراوی رزگاریخوازی فەلەستین (PLO)ی کرد، بە سەرۆکایەتیی یاسر عەرەفات، بۆ ئەوەی وەکو نوێنەری گەلی فەلەستین بەشداری لە گفتوگۆکاندا بکات.
رووبەڕووبوونەوەی دیپلۆماسی و گەیشتنە مێژووییەکە
بانگهێشتکردنی عەرەفات بووە هۆی دروستبوونی گرژییەکی دیپلۆماسی لەگەڵ واشنتن. ئەمریکا، کە وڵاتی میوانداری نەتەوە یەکگرتووەکانە، لە سەرەتادا رەتیکردەوە ڤیزا بداتە سەرۆکی رێکخراوی رزگاریخوازی فەلەستین، بە بیانووی ئەوەی کە عەرەفات سەرۆکی گرووپێکە کە ئەمریکا بە "تیرۆریست" ناوی دەبرد، بەڵام بەپێی رێککەوتنی بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمریکا پابەندە بەوەی رێگە بە گەیشتنی سەرجەم ئەو نوێنەرانە بدات کە لەلایەن کۆمەڵەی گشتییەوە بانگهێشت دەکرێن.
لەژێر گوشاری نێودەوڵەتیدا، واشنتن پاشەکشەی کرد و ڤیزایەکی سنوورداری بۆ عەرەفات دەرکرد. سەرەڕای ئەمەش، عەرەفات رەتیکردەوە بە رێگەیەکی راستەوخۆ کە لەلایەن ئەمریکاوە رێکخرابوو بگاتە نیویۆرک. لەبری ئەوە، بە فڕۆکەیەکی جەزائیریی کە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆی رێکخستبوو فڕۆکەخانەی نیویۆرک نیشتەوە و پاشان بە هێلیکۆپتەر گواسترایەوە بۆ ناو شارەکە. ئەم هاتنەناوەوە دراماتیکییە پەیامێکی روونی هەڵگرتبوو کە جەختی لەسەر خۆڕاگری و سەربەخۆیی بڕیاری فەلەستینی دەکردەوە.
"چڵە زەیتوونەکە لە دەستم مەخەن"
چەند رۆژێک دواتر، یاسر عەرەفات لەسەر مینبەری کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان وەستا. لە کاتێکدا جامانەی فەلەستینی لەسەر بوو و قۆنداخی دەمانچەی بە کەمەریەوە بوو، گوتارە مێژووییەکەی پێشکێش کرد و رایگەیاند: "ئەمڕۆ من هاتووم و لە دەستێکدا چڵی زەیتوون و لە دەستەکەی دیکەمدا تفەنگی ئازادیخوازم پێیە. مەهێڵن چڵی زەیتوون لە دەستم بکەوێتە خوارەوە."
ئەم گوتارە نەک هەر بووە هۆی دەنگدانەوەیەکی گەورە لەسەر ئاستی جیهان، بەڵکو بە فەرمی هاتنە ناوەوەی دۆزی فەلەستینی بۆ گۆڕەپانی دیپلۆماسیی نێودەوڵەتی راگەیاند.
هەنگاوەکان بەرەو دانپێدانان
هەر لە هەمان ساڵدا، کۆمەڵەی گشتی بە بڕیارێک دانی بە رێکخراوی رزگاریخوازی فەلەستیندا نا وەکو "تاکە نوێنەری رەوای گەلی فەلەستین" و پێگەی چاودێری پێبەخشی.
ئەمە یەکەم هەنگاوی گرنگ بوو لە رێڕەوی دانپێدانانی نێودەوڵەتیدا. لە ساڵی 1988، دوای ئەوەی ئەنجوومەنی نیشتمانیی فەلەستین لە جەزائیر سەربەخۆیی دەوڵەتی فەلەستینی راگەیاند، نەتەوە یەکگرتووەکان هەنگاوێکی دیکەی نا و بە فەرمی ناوی نوێنەرایەتییەکەی لە "رێکخراوی رزگاریخوازی فەلەستین"ەوە گۆڕی بۆ "فەلەستین".
بازدانی هەرە گەورە لە ساڵی 2012 دا روویدا، کاتێک کۆمەڵەی گشتی بە زۆرینەیەکی بەرچاوی دەنگ، پێگەی فەلەستینی لە "قەوارەی چاودێر"ـەوە بەرزکردەوە بۆ "دەوڵەتی چاودێری نائەندام". ئەم پێگەیە، کە تەنیا ڤاتیکان هاوشانیەتی، رێگەی بۆ فەلەستین خۆشکرد کە ببێتە ئەندامی رێکخراو و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی دیکە.
رێگری لە مەحموود عەباس کرا بچێتە ئەمریکا
ئێستا کە 80ـیـەمین خولی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک بەڕێوەدەچێت، ئەمریکا رەتیکردووەتەوە ڤیزا بداتە مەحموود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین و شاندێکی یاوەری کە لە نزیکەی 80 بەرپرسی باڵا پێکهاتوون.
واشنتن پاساوی ئەم بڕیارەی بە نیگەرانییەکانی لەبارەی "هەنگاوە یاسایی و سیاسییەکانی" فەلەستینییەکان لە دادگا نێودەوڵەتییەکاندا گەڕاندووەتەوە. هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە دەسەڵاتی فەلەستین پابەندی ئەو بەڵێنانە نەبووە کە بەپێی رێککەوتنەکانی پێشوو داویەتی.
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە گرژییەکان لەسەر هەوڵەکانی فەلەستین بۆ بەدەستهێنانی دانپێدانانی فەرمی وەکو دەوڵەتێکی سەروەر لە دەرەوەی چوارچێوەی دانوستاندنەکان، رووی لە زیادبوون کردووە.
لە کاردانەوەیەکدا، کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارێکی دەرکرد کە رێگە بە مەحموود عەباس دەدات گوتارەکەی لە رێگەی ڤیدیۆوە پێشکێش بکات. ئامانج لەم بڕیارە دڵنیابوونە لەوەی کە سەرەڕای رێگرییەکانی گەشتکردن، دەنگی فەلەستین لەم کۆڕە نێودەوڵەتییەدا دەبیسترێت. بڕیارەکە بە 145 دەنگی "بەڵێ" بەرامبەر بە پێنج دەنگی "نەخێر" و شەش دەنگی "بێلایەن" پەسندکرا.
هاوکات رێگە بە بەرپرسانی دیکەی فەلەستینی دەدات لە ماوەی ساڵی داهاتوودا بە شێوەی ئۆنلاین بەشداری لە کۆبوونەوە ئاست بەرزەکانی رێکخراوەکەدا بکەن.
لەلایەن خۆیەوە، دەسەڵاتی فەلەستین بە توندی سەرکۆنەی هەنگاوەکەی ئەمریکای کرد و بە پێشێلکردنی ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتی و رێککەوتنی بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکانی دانا. بەپێی ئەو رێککەوتنە، ئەمریکا وەکو وڵاتی میواندار، پابەندە بەوەی رێگە بە هەموو نوێنەرانی وڵاتان بدات بەشداری لە کاروباری رێکخراوەکەدا بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ