رووداو دیجیتاڵ
دوای زیادبوونی گرژییەکان و مەترسیی کرانەوەی بەرەی زیاتری شەڕی نێوان ئیسرائیل و هێزە چەکدارەکانی فەلەستین، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا هێزی زیاتر لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست جێگیر دەکات.
لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی شەممە، 21-10-2023، رایگەیاند، پلانیان داناوە بۆ بەهێزترکردنی پێگەیان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە جێگیرکردنی کەشتیی فڕۆکە هەڵگر، دانانی سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە ناوچەکە، هەروەها ئامادەکردنی هێزێکی سەربازی بۆ وەڵامدانەوە لەکاتی پێویست.
لۆید ئۆستن گوتی: "ئەم هەنگاوانە هەوڵەکانی خۆپاراستنی ناوچەیی زیاتر دەکەن، هێزەکانی ئەمریکی زیاتر دەپارێزن، هەروەها یارمەتیی ئیسرائیل دەدەن لە بەرگریکردن لەخۆی."
وەزیری بەرگریی ئەمریکا ئاماژەی بەوەدا، کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگریان لە دەریای سپیی نێوەڕاست هەیە و کەشتییەکی دیکەش زیاد دەکەن، جگە لەوە سیستمی تاد THAAD بۆ بەرگریی لە هێزەکانیان بەگەڕدەخەن؛ ژمارەیەک سەربازی ئەمریکیش لەهەر کاتێک کە پێویستبێت، ئامادەن بۆ وەڵامدانەوە.
سیستمی تاد THAAD سیستمێکی بەرگریی دژە مووشەکی ئەمریکییە بۆ خستنە خوارەوەی مووشەکی بالیستیکی دیزاین کراوە. ئەم سیستمە لە ساڵی 1987 دیزاین کرا، بەڵام بۆ یەکەمجار لە 2008 جێگیرکرا، کێشەکەی 900 کیلۆگرامە و درێژییەکەی 6.17 مەترە.
ئۆستن گوتی، "بەردەوام دەبم لە هەڵسەنگاندنی پێداویستییەکانی هێزەکانمان لە ناوچەکەدا و بەپێی پێویست بیر لە جێگیرکردنی هێزی زیاتر دەکەمەوە."
راگەیێندراوەکەی پێنتاگۆن، دوای ئەو هێرشانە دێت، کە کرایە سەر چەند بنکەیەکیان لە ناوچەکەدا.
رۆژی چوارشەممە 18-10-2023 بە دوو درۆن هێرش کرایە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد، سەرچاوەیەک لە هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند "توانیمان بەرپەرچی درۆنەکان بدەینەوە."
شەوی پێنجشەممەش 19-10-2023، سەرچاوەیەکی ئەمنی بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی راگەیاند، بە درۆن و مووشەک هێرشکراوەتە سەر بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە عێراق و دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە نێو بنکەکە بیستراوە. هەر زوو، "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" رایگەیاند، بە ژمارەیەک مووشەک بنکەی سەربازیی عەین ئەسەدیان لە پارێزگای ئەنبار کردووەتە ئامانج و ئامانجەکانیان راستەوخۆ و بە وردی پێکاوە.
لەوکاتەوە، هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە ئەنبار، بنکەی ئاسمانیی هەریر لە شارۆچکەی هەریری سەر بە پارێزگەی هەولێر و لە بنکەیەکی سەربازیی نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا، رووبەڕووی پێنج هێرش بوونەتەوە.
گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران دەڵێن، ئیسرائیل و ئەمریکا کۆمەڵکوژییان لە غەززە کردووە، هەروەها کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراقی، لە راگەیێندراوێکدا جەختیکردەوە کە پێویستە "ئەو شەڕەنگێزانە وڵاتەکەمان جێبێڵن"، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ هێزەکانی ئەمریکا، هەروەها هەڕەشەیکرد، ئەگەر لە عێراق نەچنە دەرەوە، "پێش ئاخیرەت لە دونیادا دەخرێنە ئاگری دۆزەخەوە."
لە کۆتایی ساڵی 2021، عێراق رایگەیاند، ئەرکی هێزە شەڕکەرە بیانییەکان لە وڵاتەکەی کۆتایی هاتووە و ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی گۆڕاوە بۆ راوێژپێدان و مەشقپێکردنی هێزە نێوخۆییەکان. لەو چوارچێوەیەشدا، دوو هەزار و 500 سەربازی ئەمریکی و هەزار سەربازی دیکەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە سێ بنکەی سەربازی و ئاسمانیی عێراق و هەرێمی کوردستان ماون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ