راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل رایگەیاند، نەتەنیاهوو لە پۆستەکەی دووریخستووەتەوە

22-10-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل رایگەیاند، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پۆستەکەی دووریخستووەتەوە و دەستبەجێ کۆتایی بە کارەکانی هاتووە.
 
رۆژی سێشەممە 21ی تشرینی یەکەمی 2025 تزاچی هانێگبی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "سەرۆکوەزیران نەتەنیاهوو ئەمڕۆ ئاگاداری کردمەوە لەبارەی نیازەکەی بۆ دانانی سەرۆکێکی نوێ بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی."
 
تزاچی هەروەها دەڵێت، نەتەنیاهوو داوای کردووە لێکۆڵینەوە بکرێت لە کەموکوڕییە ئەمنییەکان لەکاتی هێرشە 7ـی ئۆکتۆبەری حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، کە بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگ لە غەززە.
 
دوای دوو ساڵ لە هێرشەکە، حکومەتەکەی نەتەنیاهوو هێشتا کۆمیسیۆنێکی بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە پێک نەهێناوە و ئۆپۆزیسیۆنیش تۆمەتباری دەکات بەوەی پرۆسەکە دوادەخات.
 
نووسینگەی نەتەنیاهوو، رۆژی سێشەممە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا سوپاسی هانێگبی کرد "بۆ خزمەتەکانی وەکو سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا و هیوای سەرکەوتنی گەورەی بۆ دەخوازێت لە کاری داهاتووی."
 
تزاچی هانێگبی ئەندامی پێشووی پەرلەمان بوو لەسەر لیستی پارتی لیکودی نەتەنیاهوو و وەزیریش بووە، لە ساڵی 2023ـەوە راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی بوو. 
 
لە سەرەتای جەنگی غەززەوە، نەتەنیاهوو هەروەها یۆئاڤ گالانت، وەزیری بەرگری و رۆنین بار، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی شین بێتی لە پۆستەکانیان دوورخستووەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە