داوا لە ئیسرائیل دەکرێت رێگە بە رۆژنامەڤانان بدات بچنە غەززە

22-10-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

کۆمەڵەی رۆژنامەڤانانی بیانی کە نوێنەرایەتی بەشێکی میدیا نێودەوڵەتییەکان لە ئیسرائیل و فەلەستین دەکات، داوای لە دادگەی باڵای ئیسرائیل کرد رێگە بە چوونی دەستبەجێی رۆژنامەڤانان بۆ کەرتی غەززە بدات. 
 
بڕیارە رۆژی پێنجشەممە، 23ی تشرینی یەکەمی 2025، دادگەی باڵای ئیسرائیل داواکەی کۆمەڵەکە تاوتوێ بکات. 
 
لە تشرینی یەکەمی 2023ـوە، ئیسرائیل رێگەی بە چوونی رۆژنامەڤانان بۆ کەرتەکە نەداوە بەبێ چاودێریی سەربازانی، ناوە ناوەش چوونی رۆژنامەڤانانی بە تەواوی راگرتووە. 
 
رۆژی چوارشەممە، 22ی تشرینی یەکەمی 2025، کۆمەڵەی رۆژنامەڤانانی بیانی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "دوو ساڵە، ئیسرائیل رێگری لە چوونی رۆژنامەڤانان بۆ ئەو  ناوچەیە دەکات، کە بووەتە هۆی دروستکردنی ئاستەنگ لەبەردەم توانای میدیاکان بۆ رووماڵکردنی" جەنگی غەززە و دۆخی خەڵک. 
 
تانیا کرایمەر، سەرۆکی کۆمەڵەکە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "دڵخۆشین بەوەی لە کۆتاییدا دادگە داواکەمان بۆ چوونە نێو غەززە قبوڵبکەن". گوتیشی، گرنگە ئیسرائیل لەم کاتەدا ئەم رێگرییە لەبەردەم کارەکانی ئەوان و رۆژنامەڤانەکانی دیکەش هەڵبگرێت. 
 
هەرچەندە ئیسرائیل بەردەوام رێگری لە چوونی رۆژنامەڤانان بۆ غەززە کردووە، بەڵام هێزەکانیان لە سەرەتای جەنگەوە سەروو 210 رۆژنامەڤانیان لەو کەرتەدا کوشتووە. 
 
ئەو داوایەی کۆمەڵەکە لە کاتێکدایە رۆژی 10ی ئەم مانگە، رێککەوتنی ئاگربەستی غەززە لەنێوان ئیسرائیل و حەماس چووە بواری جێبەجێکردنەوە. پلانەکە 20 خاڵ بوو و لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە داڕێژرابوو. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە