رووداو دیجیتاڵ
دیارترین کەسایەتیی سەلەفییەکانی کوردستان دەڵێت، بە بەڵگەوە دەیسەلمێنێت ئەوەی بزووتنەوەی حەماس لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 لە دژی ئیسرائیل کردی، "هەڵەبوو و سەرکەوتن نەبوو". دەشڵێت، "سەرکەوتن ئەوەیە خوێنی موسڵمانان بپارێزی لە جەنگێک کە بزانی بەرهەمی نابێت".
هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی
ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 23-1-2025) د. عەبدوللەتیف ئەحمەد، دیارترین کەسایەتیی سەلەفییەکانی کوردستان و گوتاربێژی مزگەوتی بەهەشت، میوانی رۆژی هیوا جەمال بوو، وەڵامی پرسەکانی رۆژەڤی دایەوە، لەوانە یاسای باری کەسیی عێراق، کە 21-1-2025 لە پەرلەمانی عێراق هەمووارکرایەوە. خاڵێکی نێو هەمووارەکە مارەکردنی کچە لە تەمەنی 9 ساڵیدا.
د. عەبدوللەتیف ئەحمەد، گوتی "لە شەریعەتی ئیسلامدا ساڵێکی دیاریکراو دانەنراوە، نابێت تەنیا سەیری ساڵ و تەمەن بکرێت، بەڵکو دەبێت سەیری لێهاتوویی و پێگەیشتوویی کچ و کوڕ بکرێت، هاوسەرگیری تەنیا بەیەکەوەخەوتن نییە، بەڵکو کۆمەڵێک ئەرک و ماف و پێویستییە، بۆیە دەبێت هەردوولا بگەنە ئەو ئاستی ژیرییە، بۆ ئەوەی رێگەیان پێبدرێت هاوژینی بکەن."
کەسایەتییەکەی سەلەفییەکانی کوردستان لەگەڵ شووکردنی کچاندا نییە لەو تەمەنەی لە یاساکەدا جێگیرکراوە و، دەڵێت "شووکردنی کچان لە تەمەنی 9 ساڵی کارێکی باش نییە، بەڵام هەندێک شت کە کرایە یاسا، لە دەسەڵاتی خەڵک دا نامێنێت، بەڵام هەر شتێک پێچەوانەی شەرع بێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان یان عێراق دەریبکات، پێیەوە پابەند نابین، لەگەڵ ئەوەشدا ئاژاوە دروست ناکەین."
بەگوێرەی هەمووارەکە، چەند رێسایەک هەن کە بژێویی ئافرەت لەسەر پیاو لادەبەن، یان لە هەندێک حاڵەت دا، ئافرەت لە میرات بێبەش دەکات، لەوبارەوە د. عەبدوللەتیف ئەحمەد روونیکردەوە "هەموارەکە ستەمی تێدایە بۆ ئافرەت، چونکە خودای گەورە چۆن مافی بۆ پیاو داناوە، بۆ ئافرەتیش دایناوە. لە ئیسلامدا نابێت پیاو زاڵ بێت بەسەر ژنەکەی دا، بیبەستێتەوە و وەکو کۆیلە سەیری بکات، بە دڵی خۆی بژێویی بدات یان نەیدات، بەڵکو پێغەمبەری ئیسلام (د.خ.) فەرموویەتی، باشترین موسڵمانتان، ئەوەیە کە باشە بۆ خێزانەکەی و منیش لە هەمووتان باشترم. بۆیە پیاو ئەرکی سەرشانیەتی، بژێویی ئافرەت بکێشێت، بێبەشکردنی ئافرەت لە میرات، تاوانێکی گەورەیە."
ئاگربەستی غەززە
چەند رۆژی رابردوو دوای راگەیاندنی ئاگربەستی غەززە، قسەیەکی د. عەبدوللەتیف ئەحمەد کاردانەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە، کە رەتیکردووەتەوە، ئاگربەستی غەززە، بۆ حەماس سەرکەوتن بێت.
د. عەبدوللەتیف ئەحمەد دەڵێت "چەواشەکارییەکی زۆر کرا و زۆر تۆمەتی ناڕەوا دراوەتە پاڵمان، کەسانێک پڕوپاگەندە و درۆ و بوختان دەکەن، کە خۆیان بە پێشەوا و سەرکردە دەزانن، ئەوانە خەڵکی ئاسایی نین، بەڵکو دکتۆر و بانگخواز و مەلای حیزبە ئیسلامییەکانن، هەریەکە و تۆمەتێکی داوەتە پاڵمان، تەنیا لەبەرئەوەی گوتوومە، حەماس هەڵە بوو لە هێرشەکەیدا، ئەوەش نەک لەبەر جوو، بەڵکو لەبەر خاتری موسڵمانانی غەززە".
گوتیشی "رۆشنبیرییەکی وا دروستبووە، ئاسایە بڵێی بەهۆی هەڵەی هاوەڵانی پێغەمبەر، جەنگی ئوحوود شکستیهێنا، بەڵام قبووڵیان نییە، بڵێی حەماس، یان کۆمەڵ هەڵەی کرد."
د. عەبدوللەتیف ئەحمەد، رێبەری سەلەفییەکانی کوردستان هەروەها دەڵێت "ئەوەی حەماس کردی، بە پشتیوانیی ئێران، حیزبوڵڵای لوبنان، ئەسەد، حووسییەکان کرا، ئێستاش کە لێبوونەتەوە، سوپاسی شیعە دەکەن، بەلایانەوە گرنگ نییە، لە عێراق، لوبنان، سووریا و یەمەن چەند سوننە کوژران، دێن سوپاسی ئەوە دەکەن کە سوننەیان کوشت، لە کۆتاییشدا غەززەیان بەو دەردەسەرییە برد، چاوەڕێش دەکەن دەستخۆشییان لێبکەین."
"نابێت بیانوو بدرێتە دەستی ئیسرائیل بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی"
د. عەبدوللەتیف رەتیدەکاتەوە مەبەستی لەو قسانە پشتیوانیکردنی ئیسرائیل بێت، بەڵکو پێیوایە "ئیسرائیل 100٪ داگیرکار و ستەمکار و خوێنڕێژە، بە پاساو و بێ پاساو کاری خۆی دەکات، بەڵام نابێت ئێمە بیانوویان بدەینە دەست بۆ کارەکانی، دەیان ساڵی رابردوو، ئیسرائیل نەیتوانیوە ئەوەندەی ئەم جەنگە، زیان بە موسڵمانانی غەززە بگەیێنێت."
ئایا حەماس لەو جەنگەدا سەرکەوت؟ د. عەبدوللەتیف ئەحمەد لە وەڵامدا دەڵێت: "سەرکەوتن و دڵسۆزی ئەوەیە خوێنی موسڵمانان بپارێزی لە جەنگێک کە بزانی بەرهەمێکی نابێت، شەڕکردن بەرامبەر ئیسرائیل واجبە، بەڵام کاتێک بزانی بەرهەمی دەبێت".
دوای راگەیاندنی ئاگربەستی غەززە، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل دەستی لەکارکێشایەوە و گوتی "بەرپرسیاریێتیی شکستی هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەر لە ئەستۆ دەگرم"، چەند سەرکردەیەکی دیکەی ئیسرائیلیش ئاگربەستەکەیان بە شکست بۆ وڵاتەکەیان لێکداوەتەوە.
لەوبارەوە د. عەبدوللەتیف ئەحمەد پێیوایە "ئیسرائیل بۆیە دەڵێت شکستمان خواردووە، چونکە 100٪ سەرکەوتنی بەدەستنەهێناوە و نەیانتوانیوە خواستەکانی بەدیبهێنن، دڵیان ئاوی نەخواردووەتەوە کە غەززە خەڵکانێکی لێ ماوە و تۆزێکی بە ئاوەدانی ماوەتەوە، بەڵام تۆ ئێستا بەراوردێکی نێوان غەززە و تەلئەبیب بکە، چەندەی جیاوازە."
هەر لەبارەی ئاگربەستی غەززە و ئەو کەسانەی دەڵێن حەماس براوەی شەڕەکە بووە، د. عەبدوللەتیف ئەحمەد گوتی "ئێستا ئەوەی کراوە، ئاگربەستەکە سوڵحە، بۆچی ئەو هەموو وڵاتە سوننە و زانایانە کاتی خۆی گوتیان با شەڕ نەبێت و سوڵح بەردەوام بێت، سەرەتا گوتیان نا سوڵحکردن لەگەڵ کافر لە دین دەرچوونە. پێش ئەوەی غەززە کاول ببێت و ئەو هەموو موسڵمانە بکوژرێن، سوڵحکردن لەگەڵ ئیسرائیل خیانەت و تاوان بوو، ئێستا کە سوڵحیان کردووە ئەوە سەرکەوتنە؟ رۆشنبیریی ئەوان ئەوەیە کە ئەوان شەڕیان کرد، دەبێت بڵێیت جیهادە، کە سوڵحیان کرد دەبێت بڵێیت سەرکەوتن، ئێمەش تووتی نین، عەقڵمان هەیە و خودای گەورە زانستی پێداوین."
وەڵامی ئەو کەسانەش دەداتەوە کە لێکدانەوەیان بۆ قسەکانی چەند رۆژی رابردووی کردووە و هێرشی دەکەنە سەر "من، بەو کەسانەی ئێرە دەڵێم کە بە کافرمان دەزانن، بۆچی وەکو من ناکەن کە بە بەڵگەوە دەڵێم حەماس هەڵەی کرد، بۆچی ئەوان ئەوەندە ئەدەبەیان نییە بە بەڵگەوە بە من بڵێن تۆ هەڵەیت؟ لە جیاتی ئەوە بە کافرمان دەزانن! لە هەموویان زیاتر دڵخۆشم بە وەستانی جەنگ، لە سەرەتاوە گوتوومە ئەم جەنگە دەبێت بووەستێت چونکە هەڵەیە، تازە گەیشتوونەتە سەر ئەو رایەی من کە بەر لە کوشتنی 50 هەزار موسڵمان گوتوومە، کەچی ئەوەی ئەمڕۆ دەڵێن وەستانی جەنگ سەرکەوتنە، ئەوکات قسەی منی پێ خیانەت بوو، کەچی ئێستا قسەی ئەوان سەرکەوتنە".
گوتیشی "دەبێت خەڵکی غەززە و حەماس لێک جیابکەینەوە، ئێمە پەرۆشین بۆ خەڵکی غەززە کە بەهۆی بڕیارێکی هەڵەوەیە ئاوایان بەسەرهات، بەڵام دژی سیاسەتی حەماسین."
"ئەوەی لە سعودیە دەکرێت بێشەرعییە"
لە کاتی هەڤپەیڤینەکەدا، بینەرێکی رووداو لە سۆشیاڵمیدیای رووداو داوای لە هیوا جەمال کرد، لە د. عەبدوللەتیف ئەحمەد بپرسێت، هەڵوێستی چییە بەرامبەر ئەو ئاهەنگانەی ئێستا لە سعودیە دەکرێن؟ لە وەڵامدا د. عەبدوللەتیف ئەحمەد گوتی "ئەو ئاهەنگ و بۆنانە بێ شەرعین و بە هیچی رازی نیم."
"ئەگەر ئەحمەد شەرع دادپەروەر بێت، دوعای خێری بۆ دەکەین"
لەبارەی رووخانی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا و گرتنەدەستی دەسەڵاتیش لەلایەن ئەحمەد شەرعەوە، رێبەری سەلەفییەکانی کوردستان گوتی "هەرچی سوننە بێت، دڵی خۆشە بەوەی سووریا گەڕایەوە باوەشی سوننە، هەرچەندە حەماس پێشتر سوپاسی بەشار ئەسەدیان دەکرد، گوێیان لە خوێنی ئەو هەموو موسڵمانە نەبوو کە بە دەستی بەشار ئەسەد لە سووریا دەکوژران، هیچ رێزێکیان دانەدەنا، سوپاسی ئەسەدیان دەکرد."
سەبارەت بە ئەحمەد شەرعیش، رێبەری سەلەفییەکانی کوردستان گوتی "ئەگەر دادپەروەر بێت و جیاوازی لە نێوان کورد و عەرەب نەکات و بەگوێرەی شەرع بکات و پەڕگیر نەبێت، دوعای خێریان بۆ دەکەین، بە کورتی پێمان خۆشە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ