دوای 15 ساڵ وەزیری دەرەوەی سعودیە سەردانی لوبنانی کرد

23-01-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
فڕۆکەی باڵاترین دیپلۆماتی سعودیە لە بەیرووتی لوبنان نیشتەوە و لەگەڵ سەرکردایەتیی نوێی وڵاتەکە کۆدەبێتەوە، ئەم سەردانە فەرمییەی بەرپرسێکی باڵای سعودیە بۆ لوبنان دوای دەیە و نیوێک لە پچڕانی پەیوەندییەکەیان دێت.
 
رۆژی پێنجشەممە 23-01-2025، میدیای فەرمیی لوبنان رایگەیاند: "شازادە فەیسەڵ فەرحان، وەزیری کاروباری دەرەوەی شانشینی سعودیە گەیشتە فڕۆکەخانەی رەفیق حەریری لە بەیرووت."
 
وەزیری دەرەوەی سعودیە سەرەتا لەگەڵ جۆزێف عەون، سەرۆکی تازە دەستبەکاربووی لوبنان کۆدەبێتەوە. جۆزێف عەون لەلایەن وڵاتانی رۆژئاوا پشتیوانی دەکرێت.
 
دوای ساڵانێکی پڕووکێنەر بەهۆی داڕووخانی ئابووری و جەنگی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل؛ ئێستا لوبنان چاوی لەوەیە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتە دەوڵەمەندەکانی کەنداو چاکبکاتەوە بۆ ئەوەی یارمەتیی بدەن.
 
پێش سەردانەکە، فەیسەڵ فەرحان لەبارەی هەڵبژاردنی جۆزێف عەون گوتی، هەڵبژاردنی ئەو بە تەواوی ئەرێنییە، بەڵام سعودیە دەیەوێت گۆڕانکاریی راستەقینە ببینێت.
 
سعودیە یەکێک بوو لە وەبەرهێنە سەرەکییەکانی نێو لوبنان، بەڵام نزیکەی 15 ساڵ لەمەوبەر بەهۆی زیادبوونی کاریگەری و هەژموونی حیزبوڵڵا، پەیوەندیی لەگەڵ لوبنان پچڕاند.
 
دوای لاوازبوونی حیزبوڵڵا بەهۆی جەنگی ئیسرائیل و رووخانی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا، کە یەکێکبوو لە هاوپەیمانەکانی، بزووتنەوەکە ئێستا لاواز بووە. لوبنانیش بەدوای دەستپێکێکی تازەدا دەگەڕێت.
 
هەفتەی پێشوو، جۆزێف عەون رایگەیاند، یەکەمین سەردانی فەرمیی دەرەوەی لوبنانی بۆ سعودیە دەبێت. ئەمەش دوای ئەوەی محەممەد سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ کرد و بانگێشتی ریازی کرد.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە