رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێزێکی دەریایی "زەبەلاح"یان بەرەو ئاوەکانی نزیک لە ئێران جووڵاندووە و بە وردی چاودێریی تاران دەکەن. دۆناڵد ترەمپ هەروەها دەڵێت، بەهۆی هەڕەشەکانی ئەوەوە ئێران بڕیاری لەسێدارەدانی زیاتر لە 800 گەنجی هەڵوەشاندووەتەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکدا لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی گرژیی نێوان وڵاتەکەی و کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، کەشتیگەلێکی جەنگیی گەورە و ئامادەیان بەرەو ناوچەکە جووڵاندووە. ترەمپ گوتی: "لە نزیکەوە چاودێریی هەنگاوەکانی ئێران دەکەین، لەوانەشە ناچار نەبین ئەو هێزە بەکاربهێنین، بەڵام دەبینین چی روودەدات."
سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوەش کرد کە دەستوەردانی راستەوخۆی ئەو بووەتە هۆی راگرتنی بڕیاری لەسێدارەدانی سەتان گەنج لە ئێران کە بەشدارییان لە ناڕەزایەتییەکان کردبوو.
ترەمپ گوتی: "رۆژی پێنجشەممە رێگریم لە لەسێدارەدانی 837 کەس کرد، کە زۆربەیان پیاوی گەنج بوون. ئەوان ئێستا مردبوون ئەگەر ئێمە نەبووینایە، چونکە تاران دەیویست هەموویان هەڵواسێت."
سەبارەت بەوەی چۆن رێگری کردووە، سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە "هەڕەشەیەکی تووند"ی ئاراستەی بەرپرسانی تاران کردووە و پێی گوتوون: "ئەگەر ئەو خەڵکە لەسێدارە بدەن، ئەوەندە تووند لێتان دەدرێت کە پێشتر هەرگیز وێنەی نەبووبێت، بە شێوەیەک کە لێدانەکانی پێشوومان بۆ سەر بەرنامە ئەتۆمییەکەوە لە چاو ئەمەدا وەک هیچی لێ دێت."
بە گوێرەی قسەکانی ترەمپ، تەنیا کاژێرێک پێش لە جێبەجێکردنی حوکمەکان، حکومەتی ئێران بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی لەسێدارەدانەکانی داوە، "نەک تەنیا دواخستنیان".
ئەم لێدوانەی ترەمپ دوای ئەوە دێت کە رۆژی چوارشەممە دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ یەکەمجار ئاماری فەرمیی کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی ئەمدواییەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، سێ هەزار و 117 کەس کوژراون؛ هەرچەندە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ پێیان وایە ژمارەکە زۆر لەوە زیاترە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ