راپۆرتێک: ئەمریکا بیر لە کشانەوەی یەکجارەکی لە سووریا دەکاتەوە

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی ئەمریکا بە رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵیان گوتووە، واشنتن بیر لەوە دەکاتەوە سەرجەم هێزەکانی لە سووریا بکێشێتەوە. ئەمەش لەکاتێکدایە ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری راگوزەری سووریا هەوڵدەدات ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەژێر دەستی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەربهێنێت.
 
لیندزی گراهام، سیناتۆری دیاری کۆمارییەکان و هاوپەیمانی نزیکی ترەمپ، هۆشداری دەدات کە ئەگەر ئەمریکا لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان بکشێتەوە، "داعش ئەوەی زۆر بەدڵ دەبێت."
 
گراهام لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "هەبوونی کۆمەڵێکی بچووکی سەربازانی ئەمریکی و کارکردنیان لەگەڵ لایەنە خۆجێیەکان، سیاسەتێکی دڵنیاییە لە دژی سەرهەڵدانەوەی داعش و هێرش بۆ سەر وڵاتەکەمان."
 
بڕیار کشانەوەی هێزەکان، ئەگەر بدرێت، کۆتایی بە ئەرکێکی 12 ساڵەی سوپای ئەمریکا دەهێنێت کە لە ساڵی 2014 و لە سەردەمی باراک ئۆباما دەستیپێکرد.
 
پێشینەی کشانەوە
 
پێشتریش لە ساڵی 2018، دۆناڵد ترەمپ بڕیاری دا هێزەکان بکێشێتەوە، کە بووە هۆی دەستلەکارکێشانەوەی جیم ماتیس، وەزیری بەرگریی ئەوکات. بەڵام دواتر جۆن بۆڵتن، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و بەرپرسانی دیکە توانییان بڕیارەکە بگۆڕن و بەشێک لە هێزەکان مانەوە.
 
ئێستا نزیکەی هەزار سەربازی ئەمریکی لە سووریا و رۆژئاوای کوردستانن، زۆربەیان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەدان و ئەرکی سەرەکییان، بە گوتەی پێنتاگۆن، رێگریکردنە لە سەرهەڵدانەوەی داعش.
 
گۆڕانکارییە خێراکان
 
سێ بەرپرسی ئەمریکی دەڵێن، رووداوە خێراکانی هەفتەی رابردوو و کشانەوەی هەسەدە وایکردووە پێنتاگۆن گومان لە سوودی مانەوەی هێزەکانی بکات.
 
هێزەکانی حکومەت دەستیان بەسەر بنکەی سەربازی و کێڵگەی نەوت دا گرتووە. بەپێی ئاگربەستەکەش، هەسەدە شارەکانی رەققە و دێرەزووری رادەستکردووە و حکومەتەکەی شەرع دەستی بەسەر سنوورەکاندا گرتووەتەوە. ئێستا تەنیا کۆبانێ و پارێزگەی حەسەکە وەک شوێنی سەرەکی بەدەست کوردەوە ماون.
 
هۆکارەکانی کشانەوە
 
بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن ئەگەر هەسەدە نەمێنێت، ئەمریکا هۆکارێکی نییە بۆ مانەوە. ئەوان دەڵێن کارکردن لەگەڵ سوپاکەی شەرع ئەستەمە، چونکە کەسانی تووندڕۆی تێدایە و تەنانەت لە مانگی کانوونی یەکەمدا دوو سەربازی ئەمریکی لەلایەن ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکانی سووریاوە کوژران.
 
هەروەها دۆسیەی زیندانییانی داعش گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە. ئەمریکا دەستیکردووە بە گواستنەوەی حەوت هەزار زیندانیی داعش بۆ عێراق، ئەمەش یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی مانەوەی ئەمریکای نەهێشتووە.
 
چارڵز لیستەر، بەرپرسی پڕۆگرامی سووریا لە پەیمانگەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەڵێت: "هۆکاری سەرەکیی مانەوەی ئەمریکا زیندانەکان و کەمپەکان بوون، ئێستا دەبێت پرسیار لەسەر مانەوەی هێزەکان بکەین."
 
هەڵوێستی ترەمپ
 
دۆناڵد ترەمپ کە پەیوەندیی باشی لەگەڵ ئەحمەد شەرع هەیە، رۆژی سێشەممە گوتی: "سەرۆکی سووریا زۆر بە باشی کار دەکات."
 
سەبارەت بە کوردیش ترەمپ بە دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداوی گوت: "من کوردم بەدڵە. بەڵام پارەیەکی زۆریان وەرگرتووە و نەوت و شتی دیکەیان پێدراوە، ئەوان زیاتر شەڕیان بۆ خۆیان کردووە نەک بۆ ئێمە. بەڵام ئێمە نێوانمان لەگەڵ کورد باشە و هەوڵدەدەین بیانپارێزین."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەردۆغان و پزیشکیان.

ئەردۆغان بۆ پزیشکیان: رێگریکردن لە گرژییەکان لە بەرەژەوەندیی تورکیادایە

لە دیدارەکەدا ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد، لە نزیکەوە چاودێری ئەو رووداوانە دەکات كە لە ئێران دەگوزەرێن. رایگەیاندووە، تورکیا گرنگی بە ئارامی و سەقامگیریی ئێران دەدات و هیچ کاتێک بە ئەرێنی لە سیناریۆکانی دەستوەردانی دەرەکی بۆ سەر ئێران ناڕوانن.