بەلەمێکی کۆچبەران لە دەریای نێوەڕاست ژێرئاوکەوت و پێنج کۆچبەر خنکان

23-02-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی ماڵتا دەڵێت، لە رووداوی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێکی کۆچبەران لە دەریای نێوەڕاست لە نزیک ئەو وڵاتە، پێنج کۆچبەر خنکان کە یەکێکیان ژنە و هەشت کۆچبەریش رەوانەی نەخۆشخانە کراون.
 
رۆژی هەینی، 23-02-2024، کۆلۆنێل ئێدریک زەهرا، جێگری فەرماندەی سوپای ماڵتا رایگەیاند، "لە رووداوێکی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێکی کۆچبەراندا لە دەریای نێوەڕاست لە نزیک ماڵتا، پێنج کۆچبەر خنکان کە یەکێکیان ژنە".
 
ئێدرێک زەهرا هەروەها دەڵێت، "هەشت کۆچبەریش رەوانەی نەخۆشخانە کراون".
 
بەگوێرەی ئەو بەرپرسە سەربازییە، کۆچبەرەکان خەڵکی "ئەریتریا، میسر، سووریا و گانان".
 
رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی دەڵێت، لە ساڵی 2023ـدا لانیکەم "دوو هەزار و 214 کۆچبەر لە دەریای نێوەڕاست بێسەروشوێن بوون".
 
نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت، "لە ساڵی 2023ـدا 380 کۆچبەر بە رێگەی ئاوی خۆیان گەیاندووەتە ماڵتا".
 
تەممووزی 2023، ئاژانسی تایبەت بە هاوکاریکردنی منداڵانی سەر بە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان-  یونیسێف بڵاویکردەوە، "لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2023دا و لەکاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە لە باکووری کیشوەری ئەفریقاوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا لە رێگەی نێوەڕاستی دەریای نێوەڕاستدا 289 منداڵ و مێرمنداڵ گیانیان لەدەستداوە کە ئەوەش دوو ئەوەندەی هەمان ماوەی ساڵی 2022ـە".
 
بەگوێرەی ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ساڵی 2023ـدا لانیکەم 65 هەزار و 740 کۆچبەر بە دەریای نێوەڕاستدا کۆچیان کردووە و بەشێکیان خنکاون، بێسەروشوێن بوون یان دەستگیرکراون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە