رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
مەیسەم بەرغوتی، پێشکێشکاری بەرنامەکە کە هەندێکجار خۆی نامەکان دەخوێنێتەوە. وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی ئەوەی سەردانکردنیان لێ قەدەخەکراوە، فەلەستینییەکان لە رێگەی رادیۆوە پەیام بۆ کەسوکار و خۆشەویستانیان دەنێرن کە لە زیندانەکانی ئیسرائیلدان، بەهیوای ئەوەی گوێیان لە پەیامەکانیان بێت.
رادیۆیەکی فەلەستین لە شاری رامەڵڵا لە کەرتی رۆژئاوا بەرنامەیەکی رادیۆیی بە ناوی "نامە بۆ زیندانییەکان" دەستپێکردووە و کەسوکاری زیندانییەکان لەرێگەی ئەو بەرنامەیەوە پەیام بۆ کەسوکاریان لە زیندانەکانی ئیسرائیل دەنێرن.
پەیامی یەکێک لە هاووڵاتییەکان دەڵێت، "سڵاو، ئەم نامەیە بۆ ئیسلامی برامە؛ چۆنیت براکەم؟ خانووەکەت ئامادەیە، هەر کات هاتییە دەرەوە، کەسێکت بۆ دەدۆزینەوە ژیانی هاوژینی لەگەڵ پێکبهێنیت".
بەرنامەکە لە رادیۆی ئەجیال پەخش دەکرێت و لە کۆتایی هەموو پەیامەکاندا دەگوترێت، "هیوادارم گوێت لە نامەکە بێت".
بە گوێرەی ئامارە نافەرمییەکان لە لایەنی فەلەستینەوە، پێشتر پێنج هەزار و 200 فەلەستینی لە زیندانەکانی ئیسرائیلدا بوون، بەڵام دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە ژمارەکە بۆ نۆ هەزار زیندانیکراو بەرزبووەتەوە.
وەلید ناسر، بەڕێوەبەری رادیۆی ئەجیال دەڵێت، "لە هەموو لایەکەوە لەلایەن ئەو کەسانەوە نامەمان بەدەست دەگات کە هیچ هەواڵێکیان لەبارەی خۆشەویستیانیان لە زیندانەکانی ئیسرائیل نازانن".
منداڵێک بە هەنسک و گریانێکی قووڵەوە لە یەکێک لە نامە تۆمارکراوەکاندا دەڵێت، "باوکی ئازیزم، چیدیکە ناتوانم بەرگەی چاوەڕوانی ئەوە بگرم کە بگەڕێیتەوە و بمبەی بۆ قوتابخانە."
لە پەیامێکی دیکەدا هاتووە، "هەموو شتێک لە ماڵەوە و زانکۆ باشە، خەمت نەبێت".
مەیسەم بەرغوتی، پێشکێشکاری بەرنامەکە کە هەندێکجار خۆی نامەکان دەخوێنێتەوە دەڵێت، "خێزانەکان هیوادارن بەو نامانە بتوانن بەرگەی زیاتر بگرن؛ ئەم بەرنامەیە تاکە رێگەی پەیوەندیی ئەوانە."
'هیچ هەواڵێک نییە'
بەرپرسانی زیندانەکانی ئیسرائیل دوای 07ـی ئۆکتۆبەر باری لەناکاویان راگەیاند و هەموو جۆرە سەردانیکردن و پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان راگرت.
ئیحسان کەمال، برای یەکێک لە زیندانیکراوەکانە و دەڵێت، "براکەم بەناوی سەعید ماوەی 22 ساڵە گیراوە و دوایین سێ مانگ ناخۆشترین بووە بۆ خێزانەکەمان".
سەعید کەمال بە "تاوانی هێرشکردنە سەر ئیسرائیلییەکان" سزای 38 ساڵی زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندراوە.
ئیحسان هەروەها دەڵێت، "دایک و باوکم پێشتر مانگی جارێک سەردانی براکەمیان دەکرد؛ ئێستا هیچ هەواڵێکمان لەبارەیەوە نییە".
'کچەکەم بێ باوک گەورە بوو'
ئۆلا زەغلوول 20 ساڵە لە محەممەدی هاوژینی دوورە [ئێستا محەممەد لە شەستەکانی تەمەنیدایە].
زەغلوول دەڵێت، "کچەکەم بێ باوک گەورە بوو."
ئەقسا کە کچی ئۆلایە و تەمەنی 18 ساڵە دەڵێت، "تەنیا دەمانەوێت گوێمان لە دەنگی باوکم بێت. تەنیا بە تۆنی دەنگی دەزانین کە باشە یان نا".
محەممەد لە تەمموزی پێشوودا ئازادکرا و لە کانوونی دووەمی ئەم ساڵ دەستگیرکرایەوە.
هاوژینەکەی دەڵێت، "محەممەد نەخۆشە و بڕیار بوو بیبەینە ئەڵمانیا بۆ ئەوەی پشکنینی مێشك و دەماری بۆ بکرێت؛ بەڵام چەند رۆژێک پێش ئەوەی بڕۆین، دەستگیرکرا."
یوسفی کوڕی دەڵێت، "بەیەکەوە دەچووینە قوتابخانە، ئێستاش هەرجارێک کە دەچمە زانکۆ بیر لەو دەکەمەوە."
دەنای کچی بچووکیشی گوتی، "بیری دەکەم."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ