حەمێداوی: ئێران داوای لێنەکردووین بەڵام بڕیارمانداوە بەرگریی لێبکەین

دوێنێ کاژێر 08:38
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا لە عێراق، هێرشێکی تووند دەکاتە سەر ئەمریکا، ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو. داواش لە گرووپە چەکدارەکان لە سەرتاسەری جیهان دەکات جەنگێکی گشتگیر دژی "هێزە خۆبەزلزانەکان" رابگەیێنن و دەڵێت: "ئێمە بڕیاری بەرگریکردنمان لە ئێران داوە."
 
رۆژی دووشەممە، 23ـی ئاداری 2026، ئەبو حوسێن حەمێداوی، ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا لە راگەیێندراوێکدا، ئەو شەڕەی ئێستا دژی ئێران دەکرێت بە "جەنگی زایۆنی - خاچھەڵگر" ناوبرد و ئەمریکای بەوە تۆمەتبار کرد کە بە شێوەیەکی "دڕندانە" خەڵکی سڤیلی کردووەتە ئامانج.
 
حەمێداوی لە پەیامەکەیدا رەخنەی تووندی لە هەڵوێستی وڵاتانی ئیسلامی گرت و بە "تەماشاکەر" وەسفی کردن. هەروەها هێرشی کردە سەر سعودیە، ئیمارات و وڵاتانی دیکەی کەنداو و بە پشتیوانیکردنی هێرشەکان تۆمەتباری کردن. گوتیشی: "ئێران ماوەی 50 ساڵە باجی پشتیوانیکردنی گەلانی چەوساوە دەدات."
 
ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا بانگەوازێکی ئاراستەی گرووپە چەکدارەکان و ئەوانەی بە "موجاهیدان" ناوی بردن لە رۆژهەڵاتی ئاسیا، قەوقاز و وڵاتانی کەنداو کرد، بۆ ئەوەی جەنگەکە بکەنە جەنگێکی گشتگیر. هۆشداریشی دا کە "بەبێ ئەمە، بارودۆخەکە مەترسیدار دەبێت و لە داهاتوودا لێکەوتەی گەورەی دەبێت."
 
سەبارەت بە بەشداریی گرووپە چەکدارەکانی عێراق و ناوچەکە لەم شەڕەدا، حەمێداوی ئاشکرای کرد: "هەرچەندە ئێران داوای لێنەکردووین، بەڵام ئێمە لە روانگەی ئەرکی شەرعی و ئەخلاقییەوە بڕیاری بەرگریکردنمان لە ئێران داوە، چونکە ئێران بە حەرەمی ئیمانداران و چەوساوەکان دەزانین."
 
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، حەمێداوی جەختی کردەوە کە جەنگی ئەوان لەگەڵ "دوژمنانی مرۆڤایەتی" جەنگێکی چارەنووسازە و سەرکەوتن بۆ ئەوان دەبێت، هاوکات هێرشی کردە سەر ئەو بەرپرسانەی لە ئاست ئەم دۆخەدا بێدەنگن و گوتی: "بەرگی سەرشۆڕییان پۆشیوە."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە