رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا ئەمریکا هەوڵی کردنەوەی دەرگای دانوستاندن دەدات و داوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی ئێران کردووە، راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن پاکستان رۆڵی سەرەکی لە نێوەندگیریکردندا دەگێڕێت. لە بەرامبەردا سوپای پاسداران قسەکانی ترەمپ رەتدەکاتەوە و هێرشی نوێی بۆ سەر ئیسرائیل و بنکەیەکی ئەمریکا راگەیاند.
بەرپرسێکی باڵای ئێرانی بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە ئەمریکا، رۆژی شەممە، 21ی ئاداری 2026، داوای کۆبوونەوەی لە محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران کردووە.
ئەو بەرپرسە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، گوتوویەتی: "تاوەکو ئێستا تاران وەڵامی ئەو داواکارییەی نەداوەتەوە و ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی هێشتا پێداچوونەوەی بە بابەتەکەدا نەکردووە."
رۆڵی پاکستان وەکو نێوەندگیر
لە لایەکی دیکەوە، رۆژنامەی فینانشیاڵ تایمز بڵاویکردەوە کە پاکستان وەک نێوەندگیری سەرەکی رۆڵ دەگێڕێت بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران.
بەگوێرەی رۆژنامەکە کە پشتی بە قسەی دوو کەسی ئاگادار بەستووە، جەنەراڵ عاسم مونیر، سوپاسالاری پاکستان رۆژی یەکشەممە، 22ی ئادار، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکادا هەبووە.
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، بەرپرسە باڵاکانی پاکستان خەریکی گواستنەوەی پەیامن لە نێوان تاران و هەردوو نێردەی ترەمپ، جارید کۆشنەر و ستیڤ ویتکۆف.
هێرشەکانی سوپای پاسداران بەردەوامن
سەرەڕای ئەم هەوڵە دیپلۆماسییانە، میدیای ئێرانی بڵاویکردەوە کە سوپای پاسداران هێرشی نوێی کردووەتە سەر ئامانجەکان لە ئیسرائیل و بنکەیەکی ئەمریکا لە ناوچەکە.
سوپای پاسداران لە راگەیێندراوێکدا باسی لە لێدوانەکانی ئەم دواییەی ترەمپ کرد و ئەوەی بە "رەفتاری دژبەیەک"ی سەرۆکی ئەمریکا ناوبرد و جەختی لەوە کردەوە، ئەم لێدوانانە "نابنە هۆی هیچ کەمتەرخەمییەک لە بەرەی جەنگدا."
ئەم پێشهاتانە تەنیا چەند کاژێرێک دوای ئەوە دێن کە دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندبوو کارەکان لەگەڵ ئێران "زۆر بەباشی دەڕۆن" و بڕیاریدابوو بۆ ماوەی پێنج رۆژ هێرش بۆ سەر وێستگەکانی کارەبای ئێران رابگرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ