رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، رەخنەی تووندی لە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، سەرۆکەکانی فەرەنسا و کەنەدا گرت و رایگەیاند، ئەوان "بە شێوەیەکی کاریگەر گوتوویانە دەیانەوێت حەماس لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە."
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە گرتە ڤیدیۆیەکدا رەخنەی لە هەریەک لە کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا، مارک کارنی، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا گرت.
نەتەنیاهوو سەرۆک و سەرکردەی ئەو وڵاتانەی بەوە تۆمەتبار کرد، لایەنگری "کۆمەڵکوژان، دەستدرێژیکاران، بکوژانی منداڵان و رفێنەران دەکەن."
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشکرد بەشێک لە سەرکردەکانی ئەو وڵاتانە کە هاوپەیمانیی ئیسرائیلیشن دەیانەوێت "ئیسرائیل پاشەکشە بکات و قبووڵی بکات، کە سوپای کۆمەڵکوژانی حەماس بمێنێتەوە."
تاوەکو ئێستا بەریتانیا بە فەرمی وەڵامی قسەکانی نەتەنیاهووی نەداوەتەوە، بەڵام سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس باسی لە هێرشی سەر جووەکان کرد و گوتی، "دژەسامیگەرایی خراپەیەکە دەبێت بنبڕ بکرێت."
گوتەکانی نەتەنیاهوو دوای هێرشەکەی شەوی چوارشەممە هات، کە کەسێک لە نزیک مۆزەخانەی جووەکان لە واشنتن دی سی ئەمریکا دوو کارمەندی باڵیۆزخانەی ئیسرائیلی کوشت.
هەر سێ وڵاتەکە، کە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە پاڵپشتیکاری حەماس تۆمەتباریان دەکات، تەقەکردنەکەی واشنتنیان سەرکۆنە کرد و لە دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززەش، پاڵپشتی خۆیان بۆ ئیسرائیل دووپاتکردبووەوە.
لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا، بەریتانیا، فەرەنسا و کەنەدا فراوانکردنی جەنگی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە بە "ناهاوسەنگ" ناوبرد و دۆخی مرۆییان بە "بەرگەنەگیراو" وەسف کرد. هەڕەشەی رێوشوێنی کردارییان کرد ئەگەر ئیسرائیل رای نەگرێت.
نەتەنیاهوو لە گرتە ڤیدیۆکەیدا گوتی، حەماس دەیەوێت ئیسرائیل لەناوببات و گەلی جوو بسڕێتەوە. گوتیشی گرووپە چەکدارە فەلەستینییەکە پێشوازی لە رەخنە هاوبەشەکەی بەریتانیا، فەرەنسا و کەنەدا لە شێوازی بەڕێوەبردنی جەنگ لەلایەن ئیسرائیلەوە کردووە.
ئیسرائیل لە 18ـی ئادارەوە هێرشەکانی بۆ سەر غەززە دەستپێکردووەتەوە، ئەوەش دوای ئاگربەستێکی دوو مانگە لە شەڕەکە کە بەهۆی هێرشی حەماس لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 دەستیپێکرد.
هێرشەکە، بە گوتەی بەرپرسانی ئیسرائیل، بووە هۆی کوژرانی هەزار و 218 کەسی سڤیل و بەبارمتەگرتنی 251 کەس.
57 بارمتە لە کەرتی غەززە ماون. سوپای ئیسرائیل دەڵێت، 34ـیان گیانیان لەدەستداوە.
سوپای ئیسرائیل رۆژی شەممە رایگەیاند، قۆناخە سەرەتاییەکانی ئۆپەراسیۆنێکی نوێیان لە غەززە دەستپێکردووە و هێرشەکان بەشێکن "لە فراوانکردنی شەڕ لە کەرتی غەززە، ئەوەش بە مەبەستی گەیشتن بە هەموو ئامانجەکانی جەنگ، لەوانەش ئازادکردنی بارمتەکان و شکستپێهێنانی حەماس."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ