رووداو دیجیتاڵ
بەرگریی شارستانیی کەرتی غەززە دەڵێت، لە ئەنجامی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل لانیکەم 16 کەس کوژراون. بۆردوومانەکان لە کاتێکدان، ئیسرائیل چەند رۆژێکە هێرشە سەربازییەکانی بۆ سەر ئەو ناوچەیەی فەلەستین چڕکردوونەتەوە.
رۆژی هەینی، 23-05-2025، محەممەد موغەییر، بەرپرس لە بەرگریی شارستانیی غەززە رایگەیاند، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە 16 کەس لە ئەنجامی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل کوژراون؛ ئاماژەی بەوەشکرد، دەیان کەسی دیکە لە هێرشەکاندا برینداربوون.
چەند رۆژێکە ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی غەززە چڕکردوونەتەوە. سوپای ئیسرائیل دەڵێت، ئامانجی سەرەکی هێرشەکانی بریتیە لە پێگە سەربازییەکان، کۆگەکانی چەک و شوێنی نیشانەشکێنەکان.
سوپای ئیسرائیل باس لەوە دەکات، لەم چەند رۆژەی رابردوودا زیاتر لە 75 پێگەی چەکدارانی حەماسی بۆردوومان کردووە.
دوای تێپەڕینی دوو مانگ بەسەر گەمارۆی سەر کەرتی غەززە لە لایەن ئیسرائیلەوە، دووشەممەی ئەم هەفتەیە دەرگەی چوونە ژوورەوەی هاوکارییەکان کرایەوە.
کۆگات، دەستەی وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل کە سەرپەرشتیی کاروباری شارستانی لە فەلەستین دەکات، دەڵێت، گەیشتنی هاوکارییەکان بەردەوامە و تەنیا رۆژی پێنجشەممە 107 بارهەڵگری هاوکاریی مرۆیی چوونەتە نێو ئەو ناوچەیەی فەلەستین.
ئیسرائیل رۆژی 18ـی ئادار ئۆپەراسیۆنەکانی لە غەززە دەستپێکردەوە، بەوەش کۆتایی بە ئاگربەستێکی دوو مانگە هێنا.
ئەمڕۆ هەینی 23-5-2025 تەندروستیی غەززە رایگەیاند، لەو کاتەوە 3,673 کەس لەو ناوچەیەی فەلەستین کوژراون، بەوەش کۆی گشتیی کوژراوانی جەنگ لە کەرتی غەززە گەیشتووەتە 53,822 کەس.
هێرشەکەی حەماس لە ئۆکتۆبەری 2023 بووە هۆی کوژرانی 1,218 کەس لە ئیسرائیل.
چەکدارانی حەماس 251 بارمتەیشیان گرت، کە 57 کەسیان هێشتا لە غەززەن، لەنێویاندا 34 کەس کە سوپای ئیسرائیل دەڵێت، گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ