بەرپرسانی گرووپە چەکدارە فەلەستینییەکان سووریا جێدەهێڵن

23-05-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرچاوە فەلەستینییەکان دەڵێن، دوای زیادبوونی گوشاری حکومەتی دیمەشق لەسەریان، بەرپرسانی گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین سووریا جێدەهێڵن. 
 
دوو سەرچاوەی فەلەستینی رۆژی هەینی رایانگەیاند، بەرپرسانی ئەو گرووپە فەلەستینییانەی نزیک بوون لە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد و لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکران، لە سووریا نەماون.
 
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع گوشاری خستووەتە سەر ئەو فەلەستینییانە و دەستی بەسەر سامانیاندا گرتووە.
 
واشنتن کە چەندین گرووپی فەلەستینی بە "رێکخراوی تیرۆریستی" پۆلێنکردووە، چەند هەفتەیەک بەر لە هەڵگرتنی سزای ئابووری لەسەر سووریا، داوای لە دەسەڵاتی نوێی دیمەشق کرد چەند مەرجێک جێبەجێ بکەن، یەکێک لەوانە "رێگە بە ئێران و گرووپە بەوەکالەتەکانی نەدەن خاکی سووریا بەکاربێنن". 
 
بە گوێرەی کۆشکی سپی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا 14ی ئایار لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری راگوزەری سووریا لە ریاز، داوای "دەرکردنی" چەکدارانی فەلەستینی کرد.
 
سەرکردەی گرووپێکی فەلەستینی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت و ئێستا لە دەرەوەی دیمەشقە، گوتی: "زۆربەی سەرکردەکانی ئەو گرووپە فەلەستینییانەی پشتیوانییان لە تاران وەردەگرت دیمەشقیان جێهێشتووە" و چوونەتە چەند وڵاتێکی دیکە، لەنێویاندا لوبنان.
 
ئەو گرووپانە لەگەڵ ئەوانی دیکەی لوبنان، عێراق و یەمەن بەشێکن لە "بەرەی موقاوەمە" کە تاران سەرکردایەتی دەکات. ژمارەیەک لەوان شانبەشانی هێزەکانی پێشووی حکومەتی سووریا، دوای هەڵگیرسانی شەڕی نێوخۆ لە ساڵی 2011 شەڕیان کرد.
 
سەرکردە فەلەستینییەکە روونیکردەوە کە بەرپرسانی گرووپەکان "هیچ داواکارییەکی فەرمییان لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە پێنەگەیشتووە بۆ جێهێشتنی خاکی سووریا، بەڵام رووبەڕووی گوشار بوونەتەوە، دەستبەسەر موڵک و ماڵی گرووپەکانیان و تواناکانیاندا گیراوە، جگە لە دەستگیرکردنی هاوکارەکانیان."
 
بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی لە 22ی نیسان رایگەیاند، دەسەڵاتدارانی سووریا دوو لە سەرکردەکانیان دەستگیرکردووە، ئەوانیش خالید خالید، بەرپرسی لقی سووریا و یاسر زوفری، بەرپرسی لیژنەی رێکخستن بوون.
 
سەرچاوەیەک لە بزووتنەوەکە رۆژی هەینی بە فرانس پرێسی گوت کە ئەو دوو کەسە "هێشتا دەستبەسەرن."
 
لە 3ی ئایار، دەسەڵاتداران تەڵاڵ ناجی، ئەمینداری گشتیی بەرەی گەلی رزگاریی فەلەستینیان بۆ چەند کاژێرێک دەستبەسەر کرد.
 
سەرچاوەیەکی دیکەی فەلەستینی لە دیمەشق، بێ ئاشکراکردنی ناسنامەی، بە فرانس پرێسی گوت: "هیچ هاوکارییەک لە نێوان زۆربەی گرووپە فەلەستینییەکان و ئیدارە نوێیەکەی سووریادا نییە."
 
ئەو سەرچاوەیە گوتی: "زۆرجار بە ساردی وەڵامی پەیوەندیمان دەدەنەوە یان دوادەکەون و هەست دەکەین میوانی نەخوازراوین، هەرچەندە ئەوەیان بە روونی نەگوتووە."
 
بەگوێرەی سەرکردەی یەکەم، "دەسەڵاتداران دەستیان بەسەر موڵک و ماڵی زۆربەی گرووپەکاندا گرتووە"؛ باسی لەوەشکرد، گرووپە فەلەستینییەکان "تەواوی ئەو چەکانەی لە بارەگاکانیاندا بوون یان لای کادرەکانیان بووە رادەستی" دەسەڵاتدارانیان کردووە.
 
لە نێوەڕاستی شەستەکانی سەدەی رابردووەوە، سووریا میوانداریی چەندین گرووپی فەلەستینیی دژ بە ئیسرائیلی کرد. هەندێکیان دیمەشقیان کردبووە بارەگەی خۆیان. 
 
بەر لە ساڵی 2011، دیمەشق بنکەیەکی سەرەکیی بزووتنەوەکانی جیهادی ئیسلامی و حەماس بوو، کە ساڵی دواتر بەهۆی تێکچوونی پەیوەندییان لەگەڵ دەسەڵاتی ئەو کات و پشتیوانیکردنیان لە داواکارییەکانی ئۆپۆزیسیۆن، دیمەشقیان جێهێشت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

حاجییان لە مزگەوتی حەرام بە دەوری کەعبەدا تەواف دەکەن. وێنە: Reuters

حەج و عومرەی سعودیە وێنەگرتن لە مزگەوتی حەرام و پێغەمبەر قەدەخە دەکات

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە وەرزی حەجی ساڵی داهاتوودا وێنەگرتن و تۆمارکردنی ڤیدیۆ لە هەردوو مزگەوتی پێغەمبەر (د.خ) لە مەدینە و مزگەوتی حەرام لە مەککە قەدەخە دەکرێت.