لەگەڵ رەنج؛ ئێران گەرووی هورمز دادەخات؟

23-06-2025
دیار سلێمان
دیار سلێمان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە بەرنامەی ''لەگەڵ رەنج''دا تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی جەنگی ئێران و ئیسرائیل، هەروەها بۆردوومانکردنی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە دەکرێن. شارەزایەکی کاروباری ئێران دەڵێت، ''مەبەستی ئێران لەو هێرشانەی بۆ سەر ئیسرائیل کردوونی، ئەوە بووە بڵێت؛ ئەویش توانای وەڵامدانەوەی هەیە''. شارەزایەکی داراییش دەڵێت، داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە، زیانی گەورەی ئابووری بۆ ئەو وڵاتانە دەبێت کە هەناردە و هاوردەیان لەوێوە دەکرێت.
 
شەوی یەکشەممە، 22ی حوزەیرانی 2025، بەرنامەی "لەگەڵ رەنج"ـی تۆڕی میدیایی رووداو پێشکێش کرا. دوایین پێشهاتەکانی جەنگی ئێران و ئیسرائیل، هاوکات بۆردوومانکردنی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە، مژاری ئەمجارەی بەرنامەکە بوو.
 
زریان رۆژهەڵاتی، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی تۆڕی میدیایی رووداو لە وەڵامی پرسیاری ''ئایا ئێران وەڵامی بۆ هێرشەکەی ئەمریکا دەبێت؟''، گوتی: ''بڕیاربەدەستی راستەقینە لە ئێران، عەلی خامنەییە. بۆیە دەبێت چاوەڕێی گوتار و قسەی ئەو بین''.
 
زریان رۆژهەڵاتی پێی وایە، ئێران نایەوێت هەنگاوی وەها بنێت جەنگەکە بەرەو دۆخێکی دژوارتر بڕوات، ''بۆ نموونە داخستنی گەرووی هورمز، ئەگەرچی بڕیارێکی وەهاش بدرێت، هاوکات بابەتێکە پەیوەندی بە بەرژوەندیی هاوپەیمانەکانی ئێرانیشەوە هەیە. ئەگەر پەنا بۆ رێکارێکی وەهاش ببرێت، ئەمە کورتخایەن دەبێت''.
 
بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی تۆڕی میدیایی رووداو دەڵێت، بەگوێرەی رێکخراوی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، لێدان لە هەر بنکەیەکی ئەتۆمی پێشیلکردنی یاسایە، گوتیشی: ''بەڵام ئەوەی ئێمە دەیزانین، لە جیهاندا زۆرجار بابەتی یاسا شتێکە و بابەتی یاسای هێزیش شتێکی دیکەیە''.
 
زریان رۆژهەڵاتی ئاماژەی بەوە کرد، درێژەکێشانی جەنگی ئێران و ئیسرائیل لە بەرژەوەندی ئێران و ئەمریکا نییە و تەنیا لە بەرژەوەندیی ئیسرائیلە، باسی لەوەش کرد: ''ئیسرائیلییەکان دەیانەوێت ئەم کارەی کردوویانە، تاوەکو کۆتایی بڕوات. رەنگە وا بیربکەنەوە بڵێن، ئێمە ئێرانمان بریندار کردووە، ئەگەر ئێمە ئێستا وازی لێبهێنین، لەوانەیە لە پێنج ساڵدا جارێک گورزێکمان لێبدات کە نەتوانین هەڵبستینەوە''.
 
محەممەد هەورامی، شارەزای کاروباری ئێران دەڵێت، ئێران بە ''مافی خۆی'' دەزانێت وەڵامی هێرشەکەی ئەمریکا بداتەوە، دەشڵێت: ''بەڵام ئێران چاوەڕێی بڕیاری کردەیی ترەمپە، بۆ ئەوەی بزانێت تا چەند ئامادەیە ئەم هێرشانەی لەسەر ئێران هەن، بوەستێنێت. چاوەڕێی رستەی کۆتایی ترەمپە کە دەڵێت؛ ئێستا کاتی ئاشتییە''.
 
محەممەد هەورامی پێی وایە، ''ئێران ئاشتی دەوێت و نایەوێت لەوە زیاتر جەنگەکە درێژە بخایەنێت''، باسی لەوەش کرد: ''هەر خۆی توانا سەربازی، مرۆیی و ئابوورییەکەی ئێران رێگە بەمە نادات. زۆربەی سەرکردە مەیدانییەکانی لەدەستداون. قورسە تا دەیان ساڵی دیکەش ئەمانە بۆ ئێران دروست ببنەوە. ناڵێم لە دۆخی کەوتندایە، نەخێر، زۆر زۆر دوورین لە رووخانی''.
 
ئەو شارەزایەی کاروباری ئێران ئاماژەی بەوە کرد، ئێران هێشتا ''شەڕی مان و نەمانی'' نەکردووە، گوتیشی: ''مەبەستی ئێران لەو هێرشانەی بۆ سەر ئیسرائیل کردوونی، ئەوە بووە بڵێت؛ ئەویش توانای وەڵامدانەوەی هەیە''.
 
بە بۆچوونی محەممەد هەورامی، ئێران دەتوانێت داخستنی گەرووی هورمز وەک ''هەڕەشەیەک'' بەکاربهێنێت، ئاماژەی بەوەش کرد: ''بەڵام ئایا بۆ ماوەی چەند دەتوانێت دایبخات؟ ئەمە پرسیارەکەیە''.
 
لهۆن نەسرەدین، هەواڵسازی دێسکی نێودەوڵەتیی تۆڕی میدیایی رووداو پێی وایە، مەبەستی ئەمریکا لە بۆردوومانکردنی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران ئەوە بووە بڵێت: ''ئێران تۆ ئیدی بۆت نییە یۆرانیۆم بپیتێنیت''.
 
لهۆن نەسرەدین گوتی، ئێران دەتوانێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، باسی لەوەش کرد: ''دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی بۆ ئێران تەنیا بڕیارێکی سیاسییە، نەوەک تەکنینی و هونەری، لەڕووی تەکنیکی و هونەرییەوە ئامادەیە''.
 
بە بۆچوونی لهۆن نەسرەدین، ئێستا گرنگترین شت بەلای ئێران ئەوەیە، بەرەی نێخۆی وڵاتەکەی بە سەقامگیری بهێڵێتەوە، باسی لەوەش کرد: ''هەر ئەمەشە وا دەکات ئێران پشوودرێژ و خۆڕاگر بێت لە بەرامبەر هێرشەکانی ئیسرائیل''.
 
د.کامەران قادر، پسپۆڕی بانکی و شارەزای دارایی پێی وایە، داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە، زیانی گەورەی ئابووری بۆ ئەو وڵاتانە دەبێت کە هەناردە و هاوردەیان لەوێوە دەکرێت، گوتیشی: ''کارەساتێکی گەورەی ئابووری لێدەکەوێتەوە و رێژەی بێکاری  و هەڵاوسان بەرزدەبێتەوە''.
 
د.کامەران قادر ئاماژەی بەوە کرد، عێراق رۆژانە نزیکەی سی ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل لە گەرووی هورمزەوە هەناردە دەکات، ''لە ئەگەری داخستنی گەرووی هورموز بۆ ماوەی سێ مانگ، کاریگەریێکی زۆر خراپ لەسەر ئابووریی عێراق دروست دەبێت''. 
 
د. سالار سوار ئیسماعیل، مامۆستا لەبەشی سیاسەت ‌و پەیوەندییە ‏نێودەڵەتییەكان، هێرشەکەی ئەمریکای بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران بە ''مەترسیدار'' وەسفکرد و گوتیشی: ''ئەگەر یۆرانیۆم لە بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران مابێتەوە و نەگوازرابێتەوە، لە ئەنجامی بەرکەوتنی هەر گورزێک بە یۆرانیۆمەکە، تیشکدانەوەیەکی زۆری ئەتۆمی دروست دەبوو''.
 
د. سالار سوار ئیسماعیل گوتیشی، ''لە ئەگەری تیشکدانەوەی ئەتۆمیشدا سەرچاوەی ئاوی تورکیا و وڵاتانی کەنداو پیس دەبێت و زەرەرمەند دەبن، بە تایبەتیش قەتەر و بەحرەین''.
 
بە بۆچوونی ئەو پسپۆڕە، تیشکدانەوەی ئەتۆمی، کاریگەریی کورت مەودا و دوور مەودا لە ناوچەکە دروست دەکات، ''بۆ نموونە، لە کاریگەریی کورت مەودادا، تیشکدانەوەی ئەتۆمی نزیکەی دوو کیلۆمەتری چواردەوری خۆی تەخت دەکات و هیچ شتێک بەسەریەکەوە ناهێڵێت. لە دوور مەودادا، واتە لە دوای دوو کیلۆمەتردا، هەر کەسێک سەیری تیشکدانەوەکە بکات، بینایی لەدەستدەدات''.
 
لە 13ی حوزەیرانەوە ئێران و ئیسرائیل لە جەنگدان. ئەمریکاش رۆژی 22ی ئەم مانگە بە فڕۆکەی جەنگی و مووشەکەوە هێرشی کردە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهانی ئێران.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە