رووداو دیجیتاڵ
لە چوارچێوەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان، ئەنقەرە و قاهیرە دوای 10 ساڵ لە پچڕانی پەیوەندی، ئاستی پەیوەندییەکانیان گەیاندە باڵیۆزخانەکان و بە بڕیاری سەرۆکی هەردوو وڵات، باڵیۆزی نوێ دەستنیشان کران.
رۆژی 22ـی تەممووزی 2023، ساڵح موتڵو شەن، کە پێشتر کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی تورکیا بوو لە قاهیرە، بە فەرمی و بە واژۆی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بە باڵیۆزی ئەو وڵاتە لە قاهیرە دامەزرا و بڕیارەکەش لە رۆژنامەی فەرمیی ئەو وڵاتە بڵاوکرایەوە.
هەر دوێنێ بە فەرمانی عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر، عەمر حەمامی کە ئەویش پێشتر کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی میسر بوو لە ئەنقەرە، بە فەرمی بە باڵیۆزی میسر لە تورکیا دامەزرا. بەمەش، دوای 10 ساڵ لە تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و قاهیرە، ئاستی پەیوەندییەکان بۆ باڵیۆزخانە بەرزکرایەوە.
رۆژی 18ـی ئاداری 2023، مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری پێشووی دەرەوەی تورکیا سەردانی قاهیرەی کرد. هەروەها رۆژی 14ـی نیسانی 2023یش سامح شوکری، وەزیری دەرەوەی میسر سەردانی ئەنقەرەی کرد و لەگەڵ هاوتا تورکیاییەکەی کۆبووەوە.
لە تشرینی دووەمی 2022یشدا عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە قەتەر و لە رێوڕەسمی دەستپێکردنی مۆندیالدا یەکیان بینی و تەوقەیان کرد.
پەیوەندیی تورکیا-میسر بەهۆی کودەتای سەربازیی عەبدولفەتاح سیسی لە ساڵی 2013 دژی محەممەد مورسی گرژی تێکەوت و ئاستی پەیوەندییەکان لە باڵیۆزەوە بۆ یاریدەدەری کاربەڕێکەری کۆنسوڵگەری دابەزین.
حکومەتی میسر، تورکیای بەوە تۆمەتبارکرد کە دەست لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتەکەی وەردەدات و رێز لە سەروەریی میسر و بنەمای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ناگرێت و تورکیاش ئاماژەی بەوە دەکرد، کە ئەوەی روویداوە کودەتایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ