زیاتر لە 100 رێکخراو هۆشداری 'برسێتیی بەکۆمەڵ' لە غەززە دەدەن

23-07-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

زیاتر لە 100 رێکخراوی فریاگوزاری و گرووپی مافی مرۆڤ هۆشداری دەدەن کە "برسێتیی بەکۆمەڵ" لە کەرتی غەززەدا هەیە، هاوکات ئەمریکا رایگەیاند، نێردە باڵاکەی بەرەو ئەورووپا بەڕێکەوتووە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی ئاگربەست و کردنەوەی رێڕەوێکی مرۆیی.
 
ئیسرائیل سەبارەت بە دۆخی مرۆیی غەززە، رووبەڕووی گوشارێکی نێودەوڵەتیی زۆر بووەتەوە، ئەوەش لەکاتێکدایە زیاتر لە دوو ملیۆن کەس لە غەززە دوای 21 مانگ لە شەڕ و پێکدادان، رووبەڕووی نەبوونی خۆراک و پێداویستییە سەرەکییەکانی دیکە بوونەتەوە.
 
ئیسرائیل رەتیدەکاتەوە رێگری لە گەیاندنی هاوکارییەکان کردبێت و رایگەیاندووە، 950 بارهەڵگر هاوکاری لە غەززەیە و چاوەڕێی ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان دەکات بۆ وەرگرتن و دابەشکردنی.
 
میدیای ئیسرائیل لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمنیی ئیسرائیلەوە کە ناوی نەهێنراوە، دەڵێت، "تاوەکو ئێستا برسێتیمان دەستنیشان نەکردووە، بەڵام تێدەگەین کە پێویستە رێوشوێن بگیرێتەبەر بۆ سەقامگیرکردنی دۆخی مرۆیی."
 
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، لە شاری غەززە و باکووری کەرتەکە ئۆپەراسیۆن دەکات و بە گوتەی خۆی "ئامانجی تیرۆریستی" پێکاوە. ئاژانسی بەرگریی شارستانیی غەززەش رایگەیاندووە، هێرشەکانی ئیسرائیل لە شەوی رابردوودا بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی 10 کەس.
 
لاوازبوون و لەنێوچوون
 
نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی سێشەممە رایگەیاند، هێزەکانی ئیسرائیل زیاتر لە هەزار فەلەستینییان کوشتووە کە هەوڵیانداوە خۆراک بەدەستبهێنن، ئەمەش لەو کاتەوەی کە دامەزراوەی مرۆیی غەززە (GHF) کە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە پشتیوانی دەکرێت، لە کۆتایی مانگی ئایاردا دەستی بە کارەکانی کردووە.
 
لە راگەیێندراوێکدا کە 111 لایەن واژۆیان لەسەر کردووە، لەنێویاندا رێکخراوەکانی پزیشکانی بێ سنوور (MSF)، منداڵپارێز (Save the Children) و ئۆکسفام، هۆشداری دراوە کە "هاوکارەکانمان و ئەو کەسانەی خزمەتیان دەکەین، بەرەو لاوازبوون و لەناوچوون دەچن."
 
گرووپەکان داوای ئاگربەستێکی دەستبەجێ و کردنەوەی هەموو دەروازە وشکانییەکان و رێگەدان بە هاتنەناوەوەی ئازادانەی هاوکارییەکان لە رێگەی میکانیزمەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەکەن.
 
ئەمریکا رایگەیاند، نێردەکەی ستیڤ ویتکۆف ئەم هەفتەیە سەردانی ئەورووپا دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی غەززە و رەنگە دواتر سەردانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش بکات. 
 
رێکخراوە مرۆییەکان لە راگەیێندراوەکەیاندا ئاماژەیان بەوە کردووە، کۆگاکان کە بڕێکی زۆر پێداویستییان تێدایە، لە دەرەوەی کەرتەکە و تەنانەت لە ناوخۆشیدا دەستیان لێنەدراوە، چونکە رێگرییان لێدەکرێت کەلوپەلەکان بگەیەنن.
 
لە راگەیێندراوەکەیاندا دەشڵێن، "فەلەستینییەکان لەناو بازنەیەکی هیوا و دڵشکاندان و چاوەڕێی هاوکاری و ئاگربەست دەکەن... ئەمە تەنیا ئازارێکی جەستەیی نییە، بەڵکو دەروونیشە. مانەوە لە ژیاندا وەک سەرابێک نیشان دەدرێت."
 
ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، ئەو "ترس و تۆقاندنەی" فەلەستینییەکان لە غەززە لەژێر هێرشی سەربازیی ئیسرائیلدا رووبەڕووی بوونەتەوە، لە ساڵانی رابردوودا بێ وێنە بووە.
 
بەڕێوەبەری گەورەترین نەخۆشخانەی غەززە رۆژی سێشەممە رایگەیاند، لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا 21 منداڵ بەهۆی بەدخۆراکی و برسێتییەوە لە کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەززە کە لەلایەن حەماسەوە بەڕێوەدەبرێت، هەڵمەتە سەربازییەکەی ئیسرائیل لە غەززە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 59 هەزار 106 فەلەستینی کە زۆربەیان سیڤیلن. 
 
هێرشەکەی حەماسیش لە ئۆکتۆبەری 2023 بۆ سەر ئیسرائیل، بووە هۆی گیانلەدەستدانی هەزار و 219 کەس، کە ئەوانیش زۆربەیان سیڤیل بوون. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە