ئەمریکا نیگەرانیی خۆی لەبارەی فراوانبوونی داعش و قاعیدە لە ناوچەکە دەردەبڕێت

23-08-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەمریکا "نیگەرانیی" خۆی لەبارەی جموجووڵی بەردەوام و فراوانبوونی رێکخراوەکانی داعش و قاعیدە لە ناوچەکە دەردەبڕێت و دەڵێت، بەردەوام دەبێت لە گرنگیدان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە لە دژی "تیرۆر".
 
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا دەڵێت، واشنتن "بەردەوامە لە پێشینەدان بە هاوبەشییەکانی لەگەڵ هاوپەیمانان و لایەنەکانی ناوچەکە لە شەڕی دژی تیرۆردا" و جەختی لە نیگەرانییەکانی کردەوە لەبارەی "جموجوڵی بەردەوام و فراوانبوونی داعش و قاعیدە لە ناوچەکە".
 
هەروەها باڵیۆزخانەکە ستایشی ئەو وڵاتە ئەندامانەی نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد کە "بەردەوامبوون لە گوشارەکانیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە عێراق، سووریا و سۆماڵ". دەشڵێت، ئەو هەوڵانە یارمەتیدەر بوون بۆ سنووردارکردنی جموجوڵەکانی داعش.
 
داعش، کە پێشتر ناوچەیەکی بەرفراوانی لە عێراق و سووریا کۆنترۆڵکردبوو، لە ساڵی 2017 لە عێراق و لە 2019 لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان تێکشکاندنی راگەیێنرا، بەڵام بەردەوام بووە لە هێرشی کوشندە لە هەردوو وڵاتدا. رێکخراوی قاعیدەش سەرەڕای ساڵانێک لە گوشاری سەربازیی نێودەوڵەتی، هێشتا لە بەشێکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەفریقا شانەی نووستووی هەیە.
 
ئەمریکا بە سەکردایەتیی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی، لە عێراق و سووریا بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ رێگری لە سەرهەڵدانەوەی داعش. رۆژی چوارشەممە، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، بەرپرسێکی داعشی لە باکووری رۆژئاوای سووریا دەستگیرکرد. 
 
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە بنکەکەی لە بەریتانیایە، رایگەیاند، ئەبو حەفس قوڕەیشی، هاووڵاتیی عێراقی و فەرماندەی داعش، لە ئۆپەراسیۆنێکی بەرەبەیاندا دەستگیرکراوە، دوای ئەوەی هێزێکی هاوپەیمانان بە هێلیکۆپتەر لە شارۆچکەی عەتمێ لە نزیک سنووری تورکیا دابەزیونەتە سەر شوێنی خۆحەشاردانی. هەروەها هاووڵاتییەکی دیکەی عێراقی لە ئۆپەراسیۆنەکەدا کوژراوە.
 
روانگەکە ئاماژەی بەوەشکردبوو، ئەو پیاوەی دەستگیرکرا ژنێکی فەرەنسی زمانی لەگەڵ بووە، بەڵام روون نییە ئایا لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە براوە یان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سووریاوە، کە دواتر ناوچەکەیان گەمارۆ دابوو. 
 
دوو ساڵ لەمەوبەر، داعش رایگەیاند کە پیاوێک بە ناوی ئەبو حەفس هاشمی قوڕەیشی وەک سەرکردەی نوێی رێکخراوەکە دەستنیشانکراوە، دوای ئەوەی دەسەڵاتدارانی تورکیا سەرکردەی پێشووی رێکخراوەکەیان کوشت.
 
لە بەرامبەردا، تەلەڤیزیۆنی فەرمیی سووریا رۆژی چوارشەممە لە زاری بەرپرسێکی ئەمنییەوە کە ناوی نەهێناوە، بڵاویکردەوە، ئەو پیاوە عێراقییەی کراوەتە ئامانج بە 'عەلی' ناسراوە و ناوی راستەقینەی 'سەلاح نوعمان'ـە. راشیگەیاندووە، نوعمان لە شوقەیەکدا لەگەڵ هاوژین و کوڕ و دایکی ژیاوە و لە هێرشەکەدا کوژراوە.
 
ڤلادیمیر ڤۆرۆنکۆڤ، بەرپرسی دژەتیرۆری نەتەوە یەکگرتووەکان، رۆژی چوارشەممە بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی راگەیاند، سەرەڕای ئەوەی لە چەند ساڵی رابردوودا چەندین سەرکردەی داعش لەنێوبران، بەڵام "رێکخراوەکە توانیویەتی توانای ئۆپەراسیۆنیی خۆی بپارێزێت."
 
مانگی ئاداری ئەم ساڵ، هێزە ئەمنییەکانی عێراق بە هاوکاریی هاوپەیمانان، جێگری سەرکردەی سەرەکیی داعشیان کوشت. 
 
ڤۆرۆنکۆڤ گوتی: "هیچ ئاماژەیەک نییە کە کوژرانی ئەو کەسە  هیچ جیاوازییەکی دروست کردبێت". هەروەها بە پشتبەستن بە زانیاریی چەند وڵاتێک گوتی، رەنگە رێکخراوە پەڕگیرەکە لە ماوەی شەش مانگدا لەو زیانە چاکبێتەوە.
 
دۆرۆسی شیا، باڵیۆزی بە وەکالەتی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان هیچ ئاماژەیەکی بە دەستگیرکردنەکەی رۆژی چوارشەممە نەکرد، بەڵام رایگەیاند، ئیدارەی ترەمپ ئۆپەراسیۆنەکانی دژەتیرۆری لەسەر ئاستی جیهان چڕکردووەتەوە، لەنێویاندا بەئامانجگرتنی سەرکردایەتی، ژێرخان و تۆڕە داراییەکانی داعش و قاعیدە.
 
داعش زیاتر لە دەیەیەک لەمەوبەر لە قاعیدە جیابووەوە و دوای راگەیاندنی "خەلافەت" لە ساڵی 2014 لە بەشێکی بەرفراوانی سووریا و عێراق، سەتان چەکداری لە سەرانسەری جیهانەوە بۆ خۆی راکێشان.
 
"قوڕەیشی" ناوی راستەقینەی سەرکردەکانی داعش نییە، بەڵکو لە "قوڕەیش"ـەوە هاتووە، کە ناوی ئەو هۆزەیە کە پێغەمبەری ئیسلام، محەممەد (د.خ) سەر بەو هۆزە بووە. داعش بانگەشەی ئەوە دەکات کە سەرکردەکانی لەو هۆزەن و "قوڕەیشی" بەشێکە لە نازناوە جەنگییەکانیان.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

حاجییان لە مزگەوتی حەرام بە دەوری کەعبەدا تەواف دەکەن. وێنە: Reuters

حەج و عومرەی سعودیە وێنەگرتن لە مزگەوتی حەرام و پێغەمبەر قەدەخە دەکات

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە وەرزی حەجی ساڵی داهاتوودا وێنەگرتن و تۆمارکردنی ڤیدیۆ لە هەردوو مزگەوتی پێغەمبەر (د.خ) لە مەدینە و مزگەوتی حەرام لە مەککە قەدەخە دەکرێت.