وەزیری بەرگریی تورکیا: بەردەوام هۆشداری بە بافڵ تاڵەبانی دەدەین

23-09-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری بەرگریی تورکیا دەڵێت، سەبارەت بە کار و چالاکییەکانی پەکەکە "بە بەردەوامی" هۆشداری بە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەدەن و داوایشی لێ دەکەن کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ "رێکخراوی تیرۆریستی" بپچڕێنێت. 
 
یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەیەکی وڵاتەکەی، سەبارەت بە هێرشەکانی وڵاتەکەی لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان وەڵامی رۆژنامەڤانێکی دایەوە و رایگەیاند، لەسەر کار و چالاکییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە بە بەردەوامی هۆشداری دەدەنە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، "بە بافڵ تاڵەبانی دەڵێین تکایە پەیوەندییەکانت لەگەڵ رێکخراوی تیرۆریستی بپچڕێنە. ئەمە هەرچۆنێک بێت لە دژی ئێوە دەبێت. ئێمە چاودێریی هەموو کار و چالاکییەکانیان دەکەین. ئەم شتانە لەگەڵ دۆستەکانمان لە عێراق و پارتی دیموکراتی کوردستان باس دەکەین." 
 
وەزیری بەرگریی تورکیا گوتیشی کە ئەوان نایانەوێت "رەفتاری تووند" بنوێنن. دەڵێت، "ئەم شتانە زۆر جار بەشێوەیەکی کراوە باسکران، بەڵام هیچ کەسێک خۆی راستنەکردەوە.. پەیوەندییەکانمان لەگەڵ فڕۆکەخانەی ئەو ناوچەیە بەتەواوی بڕی. هیوادارم بافڵ تاڵەبانی لە داهاتوودا پەیوەندییەکانی لەگەڵ رێکخراوی تیرۆریستی بپچڕێنێت. ئێمە هەموو شتێک دەزانین، دەبینین و بەدواداچوونی بۆ دەکەین." 
 
دوایین هێرش لە سنووری سلێمانی کە بەشێک لە بەرپرسانی عێراق پەنجەی تۆمەتیان بۆ تورکیا راکێشا لەوەی لە پشت ئەنجامدانییەوە بێت، هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەت بوو لە سلێمانی کە بەهۆیەوە سێ ئەندامی دژەتیرۆری یەکێتی گیانیان لەدەستدا. ئەوکات دابان محەممەد، بەڕێوەبەری ناحیەی عەربەت بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هێرشەکە بە درۆن ئەنجامدراوە.
 
بەرەبەیانی (سێشەممە، 19-8-2023)، لیوا یەحیا رەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لەبارەی هێرشە درۆنییەکە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتبوو، "کاژێر 05:00ـی پاشنیوەڕۆی رۆژی دووشەممە 18ـی ئەیلوول، درۆنێک لە سنووری تورکیاوە هاتە نێو ئاسمانی عێراق و فڕۆکەخانەی عەربەتی لە پارێزگای سلێمانی لە هەرێمی کوردستان بۆردوومانکرد و بووە هۆی شەهیدبوونی سێ لە پاڵەوانانی دەزگای دژەتیرۆر و برینداربوونی سێ کەسی دیکە."
 
هەر ئەو رۆژە، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا راگەیێندراوێکی لەبارەی رووداوەکە بڵاوکردەوە و تێیدا هاتبوو، "پێشهاتەکانی ئەو تەقینەوەیەی رۆژی 18ی ئەیلوولی 2023 لە فڕۆکەخانەی عەربەت لە سلێمانی روویدا، جێگەی سەرنجن. وا زانراوە لەکاتی تەقینەوەکەدا ئەندامانی گرووپی دژەتیرۆری سەر بە یەکێتی لەگەڵ تیرۆریستانی پەکەکە/یەپەگە راهێنانیان کردووە. ئەم پێشهاتە بە روونی، بوونی هاوئاهەنگیی بەشێک لە بەرپرسانی ئەمنیی یەکێتی لەگەڵ ئەندامانی رێکخراوی تیرۆریستی نیشاندەدات."
 
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رووداوەکە بە تەقینەوە ناودەبات و بە هیچ شێوەیەکیش باس لەوە ناکات کە ئەو هێرشە لەلایەن کێ ئەنجامدراوە.
 
رۆژی چوارشەممەی هەفتەی رابردووش ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند، سەرۆکی ئەنجوومەنەکە و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی تاوتوێی میکانیزمەکانی تۆمارکردنی سکاڵایەکیان دژی هێرشە درۆنییەکەی سەر فڕۆکەخانەی عەربەت کردووە. گوتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتیش لە پەرلەمانی عێراق لەو بارەیەوە رایگەیاند، "عێراق و یەکێتی بەنیازن لە دادگەیەکی نێودەوڵەتی و لە دادگەیەکی نێوخۆییش کە رەنگە دادگەی فیدراڵی بێت سکاڵا دژی تورکیا تۆماربکەن."
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە